پێنج کلیل سندوقە ڕەشەکەیان کردەوە: زەیدیی بەکاتژمێری باراک‌و ڕێککەوتنی قائانی جورف سەخر لەدەستی کەتائیب دەردەهێنێت

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 853 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

جوڵاندنی دۆسیەی جورف سەخر لەباکوری پارێزگای بابل لەلایەن عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، دوای زیاتر لەدەیەیەک لەمانەوەی لەژێر هەژمونی کەتائیبی حزبوڵڵا، تەنها ئەنجامی ئاشکرابونی قاچاخچێتیی نەوت نەبوو؛ بەڵکو لەناو گۆڕانکارییە خێرا سیاسیی‌و ئەمنییەکاندا هات کە تێیدا لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران، هەڵکشانی فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر گروپە چەکدارەکان، پشتیوانیی دادوەری بۆ ڕێکارەکانی حکومەت، هەروەها ناکۆکیی پێشوی نێوان زەیدیی‌و کەتائیب تێکەڵبون، تا پێنج هۆکار کۆببنەوەو دەرفەت بدەنە حکومەت یەکێک لەئاڵۆزترین دۆسیەکان بکاتەوە.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوەدێن کە لێکۆڵینەوەکانی حکومەت، بونی قاچاخچێتیی نەوتیان لەناو جورف سەخردا ئاشکراکردو دواتر بڕیاری دورخستنەوەی نۆ بەرپرسی ئەمنی‌و کارگێڕیی بەدواداهات، لەکاتێکدا ناکۆکییەکانی نێوان حکومەت‌و کەتائیبی حزبوڵڵا سەبارەت بەڕادەستکردنی ناوچەکە بەهێزە ئەمنییەکان توندتربونەوە، هاوکات لەگەڵ هەواڵەکانی تایبەت بەکۆکردنەوەی هێزی سەربازیی‌و نێوەندگیریی کەسایەتییە دیارەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گەیشتن بەچارەسەرێک کە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت بەبێ پێکدادان مسۆگەربکات.

پێنج هۆکارە سەرەکییەکە
هیلال عوبەیدی شرۆڤەکاری سیاسیی بەڕۆژنامەی عاله‌م جه‌دید-ی ڕاگەیاندوه‌، "پێنج هۆکاری سەرەکی یەکیانگرتوە بۆ ئەوەی زەیدیی بتوانێت دۆسیەی جورف سەخر بجوڵێنێت؛ لەپێش هەمویانەوە دەرکەوتنی بەڵگەی حاشاهه‌ڵنه‌گر لەسەر قاچاخچێتیی نەوت کە هۆکاری دەستبەجێ‌و تەوەریی بوو و پاساوێکی ڕاستەوخۆی دایە حکومەت بۆ جوڵەکردن، لەپاڵ دەستنیشانکردنی تۆم باراک وەک نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق‌و ئەو پلانەی پەیوەستە پێیەوە بۆ چەکداماڵینی گروپەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا، سەرەڕای بارودۆخی هەرێمی کە لەئەنجامی جەنگ‌و گرژییەکان لەگەڵ ئێران هاتوەتە ئاراوە، ئەو پشتیوانییەی ڕێکارەکانی حکومەت لەدەسەڵاتی دادوەرییەوە بەدەستیانهێناو ناکۆکیی پێشوو و هەڵکشاو لەنێوان سەرۆک وەزیران‌و کەتائیبی حزبوڵڵادا".

ئەو وتیشى، "ئەوەی حکومەتەکانی پێشوو نەیانتوانی بیکەن، ئەمڕۆ بەهۆی هاوکاتبونی ئەم هۆکارانەوە بوەتە شتێکی مومکین، چونکە بەڵگە نەوتییەکان لەگەڵ پەردەی ئەمریکی‌و دادوەریی‌و مەترسییە هەرێمییەکاندا کۆبونەتەوە، لەنێو دابەشبونی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا سەبارەت بەپشتیوانیکردن لەچارەسەرەکە، بەڵام هێشتا جوڵەکە زۆر هەستیارەو سەرباری بونی نێوەندگیریی بۆ ڕێگریی لەپێکدادانی ڕاستەوخۆ، دۆسیەکە بەرەو هەڵکشانی زیاتر دەچێت".

جەنگی دژی ئێران وەک یەکێک لەگۆڕانکارییە هەرێمییەکان دەردەکەوێت کە دەوری جوڵەکەی حکومەتی داوە، چونکە گروپە عێراقییە نزیکەکانی لەتاران خستوەتە بەردەم ئاڵنگاریی جیاوازەوە، لەگەڵ فراوانبونی ڕوبەڕوبونەوە هەرێمییەکان‌و هەڵکشانی فشارەکان بۆسەر ئەو گروپە چەکدارانەی تۆمەتبارن بەبەشداریکردن لەهێرشەکان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ناوچەکە، ئەمەش پرسیاری دروستکردوە لەسەر کاریگەریی ئەم پێشهاتانە لەسەر توانای گروپەکان بۆ پاراستنی ناوچەکانی هەژمونیان لەناو عێراقدا.

جوڵەکانی باراک‌و نهێنیی پێنج ملیۆن دۆلارەکە
لەهەمانکاتدا، گەیشتنی تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ دۆسیەی عێراق‌و دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لە نێویاندا فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، جارێکی دیکە سروشتی ڕۆڵی ئەمریکای لەپشتیوانیکردنی ڕێڕەوی قۆرخکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتدا هێنایەوە بەرباس، ئه‌ویش ئایا جوڵەکانی ئەمدواییەی حکومەت بەشێکن لەلێکتێگەیشتنێکی فراوانتر بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی ئەمنی‌و کەمکردنەوەی هەژمونی گروپە چەکدارەکان؟.

ڕوبەڕوبونەوەی نێوان زەیدیی‌و کەتائیبی حزبوڵڵا تەنها زادەی قەیرانی جورف سەخر نەبوو، بەڵکو پێشتریش ناکۆکیی هەڵکشاو هەبوو لەسەر هەژمونی ئابوریی، گرێبەستەکانی حکومەت‌و کۆمپانیاکانی نێوەندگیریی لەفڕۆکەخانەکان‌و دەستەی پیشەسازیی جەنگی، پێشئەوەی بگۆڕێت بۆ ئاڵوگۆڕی تۆمەتی دارایی‌و کەسی؛ بەجۆرێک ئەبو موجاهید عەساف بەرپرسی ئەمنیی کەتائیب سەرۆک وەزیرانی تۆمەتبارکرد بەپشتگوێخستنی پەیوەندییەکانی پێشوی لەگەڵ به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌و ئاماژەی بەزانیاریی خۆیکرد سەبارەت بەو لایەنانەی لەکاتی شەڕی تۆفانی ئەقسادا پارەیان دەدایە گروپەکان‌و ئەو پارانە بۆ پارەدارکردنی درۆن‌و موشەک بەکاردەهێنران.

هەروەها باسی لەپێنج ملیۆن دۆلار کرد کە بەوتەی ئەو، هێشتا لای نێوەندگیرێکی پێشوەو کەتائیب پسوڵەی هەیە کە ئەوە دەسەلمێنێت، هاوکات تۆمەتەکانی کەتائیب سامانی حەسەن زەیدیی برای سەرۆک وەزیرانیشی گرتەوە.

ڕەهەندی هەرێمیی جورف سەخرو تەقینەوەکانی ناوخۆیی
لای خۆیەوە، حوسام مەمدوح توێژەری سیاسیی لەلێدوانێکدا دەڵێت، "گرنگیی جورف سەخر چیتر لەڕەهەندە ناوخۆییەکەیدا قەتیس نەماوە، بەڵکو بوەتە پەیوەست بەپێشهاتە هەرێمییەکانەوە، بەتایبەتی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران‌و بەشداریکردنی کەتائیبی حزبوڵڵا لەڕوبەڕوبونەوەکەدا لەپاڵ تاران، لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی گروپەکە دەکرێن سەبارەت بەبەرپرسیارێتی لەهێرشەکان بۆسەر بنکەو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کە ئەمەش وایکرد، پرسی گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر ناوچەکەدا زۆر بەپەلەتربێت لەسایەی فشارە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆکانی ئەمریکا بۆسەر گروپەکانی سەر بەئێران".

ئه‌وه‌شى وت، "ئەوەی لەڕێکارەکانی حکومەتدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە خۆی لەناوهێنانی کەتائیبی حزبوڵڵا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەدورگرتوە، سەرباری کۆنترۆڵکردنی بەشێکی فراوانی جورف سەخر لەلایەن ئەو گروپەوە، هەروەها باسی لەدۆخی لیواکانی 45و 46ی سەر بەکەتائیب نەکردوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەستیاریی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکەو هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی نێوان ڕاوەدونانی تێوەگلاوان لەقاچاخچێتیی نەوت‌و چونە ناو ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پێکهاتە چەکدارەکان، بەتایبەت کە هەر بڕیارێک بۆ دەرکردنی ئەم هێزانە لەناوچەکە پێویستی بەڕێکخستنی سیاسیی‌و ئەمنیی ئاڵۆز هەیە".

لیژنە حکومییەکە لە چوارچێوەی ڕێکخستنە ئەمنییە پێشوەختەکاندا چوبوە ناو جورف سەخر لەکاتێکدا ئەو زانیارییانەی پێشتر بڵاكرانه‌وه‌ ئاماژەیان بەوەدەکرد، جوڵەی ئەندامانی لیژنەکە تەنها لەو شوێنانەدا سنورداربوە کە پێش سەردانەکە دیاریکرابون‌و ڕێککەوتنیان لەسەرکرابوو، لیژنەکە ئازادیی تەواوی نەبوە لەهەڵبژاردنی ئەو شوێنانەی دەیەوێت بیانپشکنێت، سەرباری ئەوەی توانیویەتی ئاگاداری جوڵەی تانکەرەکان بێت‌و بەڵگەی مادی لەسەر چالاکییە نەوتییەکان کۆبکاتەوە.

لەپێشهاتێکی دیکەدا، مەمدوح ئاماژە بەوەدەکات، "ئەو تەقینەوانەی لەناو جورف سەخردا بیستراون‌و دەرکەوتنی وێنەی ستونەکانی دوکەڵ کە لەهەندێک پێگەوە بەرزدەبونەوە، هاوکات لەگەڵ هەواڵەکانی تایبەت بەمۆڵەتی حکومەت بۆ کشانەوەی چەکدارانی کەتائیب‌و ڕادەستکردنی بەرپرسیارێتیی ئەمنی، پرسیار لەسەر سروشت‌و ئامانجەکانیان دروستدەکەن، بەتایبەت لەگەڵ نەبونی ڕاپۆرتی فەرمی کە هۆکارەکانیان ڕون بکاتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، "ئەگەری پەیوەندیی ئەو تەقینەوانە بەسڕینەوەی شوێنەواری چالاکی یان دامەزراوەکانی ناو ناوچەکە تەنها وەک گریمانەیەک دەمێنێتەوە کە پێویستی بەبەڵگەیە، بەتایبەت لەسایەی قسە نەسەلمێنراوەکان لەسەر بونی کارگەی دروستکردنی درۆن‌و چەک".

دەرفەتێکی گەورەو ڕێککەوتنی قائانی‌و زەیدیی
لای خۆیەوە سەیف ڕەعد شارەزای ئەمنی، جوڵەکەی حکومەت دەبەستێتەوە بەڕێڕەوێکی فراوانتر بۆ قۆرخکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوەو جەختدەکاتەوە، "حکومەت دەرفەتێکی گەورەی دایە گروپەکان لەچوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو و وادە دیاریکراوەکان بۆ ڕێکخستنی دۆسیەی چەک، بەڵام هەندێک هەڵوێست‌و بەیاننامەی ئەمدواییە ئاماژەن بۆ بەردەوامیی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم ڕێڕەوە، لەکاتێکدا دەوڵەت بەرەو سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر سەرجەم ناوچەکانی عێراقدا دەچێت، لەنێویاندا جورف سەخر، بەوپێیەی بەرپرسیارێتیی ئەمنی ناتوانێت لەدەرەوەی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بمێنێتەوە".

وتوشیه‌تى، "قۆرخکردنی چەک ئیرادەیەکی عێراقییە کە حکومەت‌و دەسەڵاتی دادوەریی گرتویانەتەبەر، بەڵام لەسایەی فشاری نێودەوڵەتیی گەورەشدا بەڕێوەدەچێت، چونکە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بوەتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت لەگەڵ ئەو هێرشانەی دامەزراوە سەربازیی‌و مەدەنییەکانیان لەناوچەکەدا کردە ئامانج".

ئەو بەدوریشیدەزانێت قەیرانەکە بگۆڕێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی فراوان‌و ڕونیکردەوە، لەکۆتاییدا هێزە ئەمنییەکان دەچنە ناو جورف سەخر چونکە بڕیاری حکومەت دراوەو پاشگەزبونەوەی تێدانییە.

پێشتریش ماڵپەڕی حوڕه‌-ی ئەمریکی لەزاری سەرچاوەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، دوێنێ سێشەممە بڵاویکردەوە کە عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران‌و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، گەیشتونەتە ڕێککەوتنێک بۆ کشانەوەی کەتائیبی حزبوڵڵا لەپێگەکەی لەناحیەی جورف سەخر لەماوەیەکی نزیکدا.

به‌گوێره‌ى سەرچاوەکان، قائانی شەوی دوشەممە گەیشتوەتە بەغداو لەگەڵ زەیدیی کۆبوەتەوە کە کۆبونەوەکە تا کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ڕۆژى سێشەممە بەردەوامبوەو پێشنیازەکەش بریتییە لەچونەناوەوەی هێزێکی هاوبەش لەحەشدی شەعبی‌و هێزە ئەمنییەکان بۆ جورف سەخر بەمەبەستی سەپاندنی بونی حکومەت، لەبەرامبەر دەرچونی کەتائیب، ئەمەش دوای ئەوەی حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەت ڕۆژی دوشەممە ڕایگەیاندبوو، زەیدیی فەرمانی بەهێزە چەکدارەکان کردوە بچنە ناو جورف سەخرو مۆڵەتیش بۆ گروپەکە تا سبه‌ینێ هەینیی دیاریکراوە.