شارپرێس:
دوای 12 ساڵ لەوەستان بەهۆی هێرشەکانی
داعشەوە، حکومەتی عێراق دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی لەڕێگەی بۆریی ستراتیژیی
(کەرکوک – جەیهان)ەوە بەتوانای سەرەتایی 120 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا ڕاگەیاند؛ هەنگاوێک
کە بەغدا بەبێ پشتبەستن بەتۆڕی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستان نەوتی پێدەگەیەنێتە بەندەری
جەیهانو دەسەڵاتی دانوستانی بەغدا لەدۆسیەی وزەدا بەهێزتر دەکات.
دەستپێکردنەوەی هەناردە؛ لە 120 هەزار
بەرمیلەوە بۆ 500 هەزار بەرمیل
باسم خزەیر عەبادی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند،
دوای 12 ساڵ لەوەستان، ناردنی نەوتی خاو لەوێستگەی (IT1A)وە
بەرەو هێڵی عێراقی – تورکی لەڕێگەی بۆرییە 46 ئینجییەکەوە تا وێستگەی پێوانەی (MS) دەستیپێکردوەتەوە.
لهلایهكى دیكهوه فوڕات موسەوی شارەزای
بواری نەوت ئاماژهى بهوهداوه، توانای سەرەتایی هێڵەکە 120 هەزار بەرمیلە لەڕۆژێکداو
پلانی وەزارەتی نەوتیش بەسەرپەرشتیی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ
کاروباری وزە، ئەوەیە کە قۆناغ بەقۆناغ ئەم بڕە بگەیەنرێتە 500 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا.
پێگەی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستانو
سەربەخۆیی هەناردە
شارەزاكهى بواری نەوت ئاماژە بەوەدەکات،
ئەم بۆرییە فیدراڵییە (کە درێژییەکەی 960 کیلۆمەترەو لەکەرکوکەوە بەفیشخاپوردا تێدەپەڕێت
بۆ جەیهان) جێگرەوەیەکی گرنگ دەداتە بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بەبێ پشتبەستن
بەتۆڕی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستان.
موسەوی جەختدەکاتەوە، ئەم هەنگاوە پێگەی
دانوستانی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بەبەڕێوەبردنی بڕی نەوتو
کرێی گواستنەوە بەهێزتر دەکاتو مەترسییەکانی پشتبەستن بەتەنها یەک ڕێڕەو کەمدەکاتەوە،
هەرچەندە ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی تەواوەتی بۆ گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی ناوخۆی
هەرێمی کوردستان.
لای خۆیشیەوە موحسین مەندەلاوی جێگرى
سهرۆك وهزیرانى عێراق جهختیكردوهتهوه، هەناردەکردن لەڕێگەی دەروازەی باکورەوە
(مەبەست لێی بۆریی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا کە بەفیشخاپوردا
تێدەپەڕێت) ڕێگە بەعێراق دەدات نەوتەکەی بەبێ داشکاندنی نرخ (خصومات) بفرۆشێتو
داهاتی زیاتر بۆ خەزێنەی دەوڵەت دابین بکات.
ڕێککەوتنە کاتییەکەی نێوان عێراقو
تورکیا
دوای ئەوەی ڕێککەوتنە کۆنەکەی نێوان عێراقو
تورکیا لە27ى تەمموزی ئهمساڵ کۆتاییهات، هەردوو وڵات لە یهكى ئابى ئهمساڵدا لەڕێگەی
کۆمپانیاکانی (سۆمۆ، نەوتی باکورو بۆتاشی تورکی) ڕێککەوتنێکی کاتیی یەک ساڵەیان
واژۆکرد بۆ گواستنەوەی نەوت بەتوانای تا 750 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، ئەم ڕێککەوتنە
کاتییە تا هاوینی ساڵی 2027 بەردەوامدەبێتو شارەزایانیش دەڵێن، گەورەترین ئاڵنگاریی
بەردەم عێراق ئەوەیە کە لەڕێککەوتنی کاتییەوە بگوازێتەوە بۆ چوارچێوەیەکی یاسایی
درێژخایەن بۆ گەرەنتیکردنی بەردەوامیی هەناردەکردن.
بۆریی فیدراڵیی کەرکوک – جەیهان لەساڵی
2014دا بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی گروپى تیرۆریستى داعشەوە تێکشکاو لەکارکەوت، کە
پێشتر نزیکەی 0.5%ی کۆی پێداویستیی نەوتی جیهانی دابیندەکرد.
