فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سلێمانی: دۆخی هەرێم لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ دەچێت‌و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەین

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2572 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سلێمانی زەنگی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان لێدەدات‌و ڕایدەگەیەنێت، دواخستنی بێپێشینەی پێکهێنانی حکومەت لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری 2024وەو باسکردن لەدوو ئیدارەیی، هەرێمی گەڕاندوەتەوە بۆ سەردەمێک کە جیاوازییەکی کەمی هەیە لەگەڵ سەردەمی شەڕی ناوخۆ؛ هاوکات داوای ئەنجامدانی «هەڵبژاردنی پێشوەختە» دەکات بۆ دەربازبون لەم قەیرانە.

 

لەبەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی ڕای گشتیی کراوە، فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سلێمانی ڕەخنەی توند لەسیاسەتی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان) دەگرێت.

فیدراسیۆنەکە ئاماژە بەوەدەکات، لەدوای 35 ساڵ حوکمڕانیی، لەبری بەهێزکردنی دامەزراوەکان، جارێکی دیکە باسی قەوانی دوو ئیدارەیی‌و دوو هەرێمی دەکرێتەوەو دۆخەکە گەیشتوەتە ئاستێک کە جیاوازییەکی کەمی هەیە لەگەڵ سەردەمی شەڕی ناوخۆ.

لەبەیاننامەکەدا هاتوە، گوزەرانی خەڵک بەهۆی گرانیی نرخی خۆراک، سوتەمەنی‌و پێداویستییەکانی ڕۆژانە لەخراپترین ئاستدایە، کەچی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (کە هیچ کامیان نەیانتوانی نیوە کۆ یەکی دەنگەکان بهێنن) بەبێباکی هاوڵاتییانی ناوچەکانی خۆیان کردوەتە بارمتەی ململانێ حزبییەکان.

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕەخنە لەوەدەگرن کە ئەو هێزانە تەنها کاتێک باسی گرنگیی پەرلەمان دەکەن کە لەبەرژەوەندییاندا بێت‌و هەر کاتێک کاریان پێی نەما یان دایدەخەن یان پەکیدەخەن.

فیدراسیۆنەکە هۆشداریدەدات، ناوچەکە بەقۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت‌و چەندین جەنگی گەورە ڕویانداوەو ئەگەری جەنگی دیکەش هەیە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەرێم دەبێت، بەڵام لایەنەکان سەرقاڵی ململانێی تەسکی حزبایەتین‌و قەوارەی هەرێمیان خستوەتە بەردەم مەترسی.

لەبەیاننامەکەدا هاتوە، هەرچەندە پارتی‌و یەکێتیی بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دۆخە ناهەموارەن، بەڵام حزبەکانی دیکەش بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆو دەبێت هەموان کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بکەن.

فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سلێمانی وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی داوادەکات هەرچی زوە کاربکرێت بۆ دروستکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، ئەویش لەڕێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، تاوەکو هیچ هێزێک نەتوانێت چیتر پرسە نەتەوەییەکان بکاتە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەکانی‌و حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنرێت کە وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵک‌و ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکان بێت.