وەزیری ناوخۆی عێراق: لەگۆشتی خۆمانەوە دەستمان بەدژایەتیی قاچاخچێتیی نەوت کردوه‌و تەواوی عێراق دەگرێتەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4355 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری ناوخۆی عێراق لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ پەرلەمان ڕایگەیاند، شوێنی دەرچونی هەر بەرمیلە نەوتێک لەبەسرە، کەرکوک‌و هەرێمی کوردستان لەیاسای بودجەدا دیاریکراوەو هەر نەوتێک لەدەرەوەی تۆمارەکان مامه‌ڵه‌ى پێوه‌بكرێت قاچاخچێتییە؛ ده‌شڵێت، "لەناوەڕاستی عێراق‌و گۆشتی خۆمانەوە دەستمان پێکردوە، بۆیه‌ بەیەک چاو سەیری هه‌موو ناوچەیەک ده‌كه‌ین‌و جیاوازیى ناكه‌ین".

 

یاسر مالیکی وەزیری ناوخۆی عێراق، پەیامێکی یەکلاکەرەوەی سەبارەت بەهەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتیی نەوت بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، هەڵمەتەکەیان جیاوازى له‌نێوان هیچ ناوچەیەک ناکات دوای ئەوەی لەناوەڕاستی عێراق‌و وه‌كو وتى، "گۆشتی خۆمانه‌وه‌ دەستمان پێکردوە، بەدواداچونەکان تەواوی جوگرافیای عێراق دەگرنەوە".

لەمیانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ په‌رله‌مانى عێراق، یاسر مالیکی وەزیری ناوخۆ، تیشکیخستەسەر میکانزمەکانی چاودێریکردنی نەوتی عێراق‌و هۆشداریی توندیشیدایە سەرجەم تۆڕەکانی قاچاخچێتی.

وەزیری ناوخۆ جەختیکردەوە، "جوڵەی نەوت جوڵەیەکی جیهانییەو ساڵانە لەیاسای بودجەدا شوێنی دەرچونی هەر بەرمیلە نەوتێک (چ هی کەرکوک، بەسرە، یان هەرێمی کوردستان بێت) بەوردی دیاریدەکرێت‌و لەوەزارەتی نەوت تۆماردەکرێت".

مالیکی ئه‌وه‌شى وت، "هەر بەرمیلە نەوتێک لەدەرەوەی یاسای بودجەو چوارچێوەی یاسایی‌و تۆمارەکانی وەزارەتی نەوت بجوڵێتەوەو بچێتە دەرەوە، بەبێ هیچ جیاوازییەک بەقاچاخچێتی هەژمار دەکرێت".

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییە کرد (وەك دۆسیەی جورف سەخر لەبابل)و وتی، "ئێمە لەفوراتی ناوەڕاست‌و لەجەستەو گۆشتی خۆمانەوە دەستمان پێکرد تاوەکو بەخەڵک بڵێین سەرەتا لەخۆمانەوە دەستپێدەکەین، بەڵام بەدواداچونەکانمان تەواوی جوگرافیای عێراق دەگرنەوە".

مالیکی ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، سوێندیان بەدەستور خواردوەو ڕوبەڕوی هەر سەرپێچیکارێک دەبنەوە لەهەر شوێنێکی عێراق بێت، لای خۆیشیەوە سەرۆکی په‌رله‌مانى عێراق پشتیوانیی تەواوی پەرلەمانی بۆ ئەم هەنگاوانەی وەزیری ناوخۆ دەربڕیی‌و بەپابەندبون بەپێوەرە دەستوریی‌و یاساییەکان وەسفیکرد.