شارپرێس:
حکومەتی عێراق لەچوارچێوەی پڕۆژەیاسای
بودجەی ساڵی 2027دا، هەنگاو دەنێت بەرەو داخستنی دۆسیەی فەرمانبەرانی گرێبەستو کرێی
ڕۆژانە، ئەویش لەڕێگەی بەهەمیشەییکردنی زیاتر لە500 هەزار کارمەند لەسەر میلاکی هەمیشەییو
هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی پێشویان، لەکاتێکدا پەرلەمان جەختدەکاتەوە، ئەم هەنگاوە
چارەسەرێکی یاساییە بۆ مافی کارمەندان نەک کۆتاییهێنان بەکارەکانیان، شارەزایانی
ئابورییش هۆشداریدەدەن لەبارگرانییە داراییە درێژخایەنەکانیو داوای دابینکردنی سەرچاوەی
دارایی بەردەوامدەکەن کە هاوسەنگی لەنێوان دادپەروەریی کۆمەڵایەتیو سەقامگیریی
بودجەی گشتیدا ڕابگرێت.
داخستنی دۆسیەکەو چارەسەرکردنی مافەکان
د. جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی
لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوه، "مەبەست لەسفرکردنەوەو داخستنی دۆسیەی گرێبەستو
کرێی ڕۆژانە لەلێدوانەکەی وەزیری داراییدا، چارەسەرکردنی دۆخی کارمەندانی ئێستاو گۆڕینی
ئەوانەیانە کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە بۆ سەر میلاکی هەمیشەیی، نەک پوچەڵکردنەوەی
مافەکانیان یان دەرکردنیان".
کۆچەر ڕونیشیکردوهتهوه، "لێدوانەکانی
حکومەت باس لەزیاتر لە500 هەزار گرێبەستو کرێی ڕۆژانە دەکەن کە ڕاگەیەندراوە لەبودجەی
2027دا جێگیردەکرێن، نەک وەجبەیەکی نوێ بخرێتەسەریان، جێبەجێکردنی ئەمەش پێویستی بەتەواوکردنی
وردبینیی ناوەکان، گرێبەستەکان، ساڵانی خزمەت، دیاریکردنی فەرمانگەکان، هێنانەکایەی
پلەو ناونیشانی وەزیفی، دابینکردنی تەرخانکراوی داراییو پاشان دەرکردنی فەرمانی بەهەمیشەییکردن
هەیە بهگوێرهى یاساو ڕێنماییەکان".
ئەندامەكهى لیژنەی دارایی بهڕۆژنامهى
(عالهم جهدید)ى قهتهرى وتوه، "پێویستە هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی پێشوو
بەڕونی ڕێکبخرێت، لەگەڵ دیاریکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر موچە، پلەبەرزکردنەوەو
خانەنشینی، تاوەکو ڕێگریی لەجیاوازیی جێبەجێکردن لەنێوان وەزارەتەکاندا بکرێت".
ئەمەش دوای ئەوەدێت، فالح ساری وەزیری
دارایی عێراق، دوشەممەى ڕابردوو لەمیانی کۆڕبەندی ناوەندەکانی هزری عێراقی – تورکیدا،
ڕایگەیاندبوو، حکومەت بەرەو داخستنی دۆسیەی گرێبەستو کرێی ڕۆژانە هەنگاو دەنێت لەڕێگەی
بەهەمیشەییکردنو هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتیانو ئاماژەی بەنزیکبونەوەی یەکلاکردنەوەی
بودجەی 2027 کردبوو لەئەنجومەنی وەزیران.
د. جەمال کۆچەر جەختیکردەوە، لەسەر پێویستیی
ئەوەی دۆسیەی گرێبەستو کرێی ڕۆژانە گشتگیر، دادپەروەرانەو شەفاف بێتو نەبێتە دەرگایەک
بۆ ئیستیسنا یان دامەزراندنی نایاساییو دەرەوەی ڕێنماییەکان.
سەبارەت بەتێچوی دارایی بەهەمیشەییکردنەکەش،
وتی، "زۆرینەی ئەوانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، لەبنەڕەتدا موچەی گرێبەست یان
کرێی ڕۆژانە لەدەوڵەت وەردەگرن؛ بۆیە تێچوە نوێیەکە یەکسان نییە بەکۆی موچەکانیان
دوای بەهەمیشەییکردن، بەڵکو بریتییە لەجیاوازیی نێوان ئەو پارەیەی ئێستا وەریدەگرنو
شایستەکانیان دوای بون بەهەمیشەیی، لەگەڵ کاریگەریی دەرماڵە، پلەبەندیی وەزیفیو
پابەندبونەکانی خانەنشینی".
ئەوەشیخستەڕوو، "ئەمە بەمانای بێ
تێچویی نایەت، چونکە پابەندبونێکی کاتی دەگۆڕێت بۆ پابەندبونێکی دارایی درێژخایەن؛
بۆیە داوایکرد تێچوە ڕاستەقینەکەی لەبودجەدا جێگیربکرێت، پلانی دارایی چەند ساڵە
دابنرێت، داهاتە نانەوتییەکان زیادبکرێنو ڕێگریی لەدوو موچەیی بکرێت".
سەبارەت بەگرێبەستە نوێیەکان، کۆچەر قسەکردن
لەسەر ڕاگرتنی یەکجارەکیی گرێبەست بەنادروست دەزانێتو ئاماژەی بەوەکرد، حکومەت
دروستکردنی 120 هەزار پلەی وەزیفیی نوێی بەشێوەی گرێبەست لەچوارچێوەی بودجەی
2027دا ڕاگەیاندوە؛ بۆیە ناکرێت داخستنی دۆسیەی پێشوو بەهەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی
سیستەمی گرێبەست لێکبدرێتەوە، بەڵکو پێویستە دامەزراندنی داهاتوو بهگوێرهى پێداویستیی
دامەزراوەکانو توانای دارایی ڕێکبخرێتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشدا،
بودجەی عێراق ڕوبەڕوی فشاری دارایی ڕاستەقینە بوەتەوە بەهۆی زۆریی خەرجییەکانی بەکاربردنو
پشتبەستنی زۆر بەداهاتی نەوت؛ هەر فراوانبونێکی هەمیشەیی لەبڕی موچەدا، ئەگەر سەرچاوەی
دارایی بەردەوامی لەبەرامبەردا نەبێت، هەستیاریی بودجە بەرامبەر دابەزینی نرخی نەوت
زیاد دەکاتو فشاردەخاتەسەر نەختینەو خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
ناوبراو بونی پەیوەندییەکی حەتمی لەنێوان
بەهەمیشەییکردنو دواکەوتنی موچە ڕەتکردەوە، بەڵام جەختیکردەوە، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە
بەژمارەی فەرمانەکانی دامەزراندن ناپێورێت، بەڵکو بەتوانای دەوڵەت بۆ پێدانی موچە
لەکاتی خۆیداو بەردەوامبون لەپارەدارکردنی نەخۆشخانە، قوتابخانەو کارەبا دەپێورێت.
لای خۆیەوە، نەوار سەعدی مامۆستای
ئابوریی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بەهەمیشەییکردنی گرێبەستو کرێی ڕۆژانە مافێکی کۆمەڵایەتییە
بۆ توێژێکی فراوان کە ساڵانێکە خزمەتی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەن، بەڵام لەڕوی
ئابورییەوە پێویستە وەک پابەندبونێکی دارایی درێژخایەن سەیربکرێت، نەک تەنها ڕێکارێکی
کارگێڕیی.
سەعدی وتیشی، "کێشە سەرەکییەکە لەبنەمای
بەهەمیشەییکردندا نییە، بەڵکو لەتوانای دەوڵەتدایە بۆ دابینکردنی پارەکەی بەشێوەیەکی
بەردەوام؛ جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان هەبوونی داهاتی نەوت لەساڵێکی دیاریکراوداو
هەبونی سەرچاوەی داهاتی جێگیر کە دەوڵەت بتوانێت پشتی پێببەستێت بۆ پابەندبونە هەمیشەییەکان".
ئەو
ئابوریناسە جەختیکردەوە، زیادبونی ژمارەی فەرمانبەران نەرمیی حکومەت کەمدەکاتەوە لەئاڕاستەکردنی
پارە بەرەو وەبەرهێنانو ژێرخانو خزمەتگوزارییەکانو عێراقیش زیاتر دەکاتە ئابورییەکی
پشتبەستوو بەدەوڵەت لەبری بونیادنانی کەرتی تایبەتی بەرهەمهێن؛ بۆیە داوایکرد، بەهەمیشەییکردن
هاوکات بێت لەگەڵ چاکسازیی ڕاستەقینە لەکەرتی گشتییو وردبینیی ناوەکانو فرەچەشنکردنی
سەرچاوەکانی داهات.
