لەخاچدانی هەرێم و پرسیار لە نەخشەڕێگای ڕزگاربوون

21 خولەک پێش ئێستا

عومەر عەلی محەمەد



 یەکێک لە ئامانجە نیشتمانی و سیاسییەکانی هەر تاکێکی کورد و پەیڕەو و پڕۆگرامی هەموو حیزبە سیاسییەکانی کوردوستان بە درێژایی مێژوو هەوڵدان بووە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان . بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی، بەڵام سەد مەخابن ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا دەیبینین هەمووی پێچەوانەی ئەو خەونەیە کە لافاوێک لە خوێنی بۆ ڕۆژاوە و دوژمنانیش بە ئەوپەڕی تواناوە لە دژی وەستاونەتەوە؛ دەبووایە حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش یەکێتی و پارتی لەسەر ئەو ڕاستییە کاریان بکردایە کە ئەوان ئێستا بەرپرسیاری یەکەمن لە پاراستنی شوناسی کوردبوون لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەکە. دەبوایە ئەم پارچەیەی باشووریش کە هەرێمی کوردستانە، بیانکردایە بە ئەزموونێک کە ببووایە جێگەی هیوا و ئومێد بۆ گیاندنی کێشەی کورد بە ئارامی و هاندەرێک بووایە بۆ خەباتی پارچەکانی تریش بۆ دەستهێنانی مافەکانیان. ئەو دۆخەی کە ئێستا هاتۆتە ئارا، لە پاش کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان لە 4ی 11ی 2026 لە شاری هەولێر، کاردانەوەی خراپی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەگەر هەوڵەکانیش بەو شێوەیە بەردەوام بن، دواجار دەبێتە مایەی لەبارچوونی قەوارەکە و کۆتاییهاتن بە هەموو ئەو هەوڵ و خەبات و تێکۆشانەی کە کراوە، هەتا ئەم هەرێمەی لێ بەرهەم هاتووە. لە ئێستادا لە ئیدارەی زۆنی سەوز هەوڵێک هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی یان بە هەرێمبوونی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین؛ ئەمەش هەنووکە بۆتە پرسێکی گرنگ و مشتومڕاوی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێم. بە پێشبینیکردنی  چاودێرانی سیاسی و ئەکادیمییەکان و کەسایەتیە سیاسیە ناسراوەکان و یاساناسان، ئەم هەنگاوە دەکرێت ببێتە مایەی دروستبوونی چەندان لێکەوتی مەترسیدار بۆ سەر کێشەی کورد لە عێراقدا، لەوانەش:
1- لاوازبوونی هەرێمی کوردستان لە ڕووی هێز و گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ بۆ سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ، ئەو کاتە سوپای عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سنوورەکان و کورد خاوەنی هێزی چەکداری سەربەخۆ نابێت.
2- قووڵبوونەوەی ململانێ ناوخۆییەکان و دەستێوەردانی دەرەکی، ئەزموونی دوو ئیدارەیی لە دوای شەڕی ناوخۆوە نیشانی داوە کە دوو ئیدارەیی بووەتە هۆی برەودانی زیاتر بە توندوتیژی و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان و زیاتر پارچەبوونی کورد لە ڕووی سیاسی و نیشتمانییەوە، هەروەها زیاتر ڕێگا خۆش دەبێت بۆ وڵاتانی هەرێمایەتی وەک ئێران و تورکیا بۆ دەستوەردان لە نێو کاروبارە ناوخۆییەکان.
3- کێشەی ئابووری و شەڕی دارایی.
، دوو ئیدارەیی دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ناکۆکی گەورە لەسەر دابەشکردنی داهاتی نەوت و گاز و دەروازە سنوورییەکان، ئەمەش کاریگەری لەسەر مووچە و بودجەی هەرێم لە عێراقدا دەبێت.
4- لەدەستدانی مافە دەستوورییەکان
بە پێی بۆچوونی یاساناسان ،هەرێمی کوردستان بەم شێوەی ئێستا کە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە قەڵەم دراوە و مافەکانی لە دەستووردا چەسپاون، لەبەر ئەوە هەر گۆڕانکارییەک لەم هەرێمەدا دەرگا دەکاتەوە بۆ پێداچوونەوە بە دەستوور و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم.
5- مەترسی بۆ سەر ناوچە جێناکۆکەکان و مادەی 140
 لە کاتێکدا مادەی 140 مادەیەکی دەستووریە و دەبووایە کورد فشاری زیاتری بکردایە بۆ چەسپاندنی، بەڵام ئەگەر پێگەی دەستووری و یاسایی کورد لاواز ببێت لە هەرێمی کوردستاندا، ئەوا بەرامبەرەکان هەوڵی شێلگیرانە دەدەن بۆ هەموارکردنەوەی ئەم مادە دەستوورییە و هیوایەک نامێنێت بۆ چەسپاندن و جێبەجێکردن.
هەرچەند ئەوانەی کە لە هەوڵی ئەوەدان کە هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ  دوو ئیدارەیی یان بە هەرێم‌بوونی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان بە ئامانجی ئەوەیە کە هاوسەنگی بگێڕنەوە بۆ دابەشکردنی داهات و زیاتر ئەنجامدانی خزمەتگوزاری لە دەڤەری سەوزدا،.
بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هەوڵانە نەک نابنە هۆی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە، بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو قەیرانانە قوڵتر بکەنەوە، چونکە ئەوەی ئەزموون کراوە لە ڕابردووشدا جۆرێک لە دوو ئیدارەی هەبووە.
لە ڕووی داهاتەوە هەردوو دەڤەرەکە جۆرێک لە سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنیان هەبووە، دەڤەری سەوزیش خۆی خاوەنی داهاتی ناوخۆیی و دەروازە سنوورییەکان و پشکی نەوت و گاز بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش نەیتوانی خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆ پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات کە جیاواز بێت لەوەی کە لە دەڤەری زەرد هەیە.
لەبەر ئەوە لە جیاتی گەڕانەوە بۆ دواوە و وێرانکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و خۆخستنەژێر باڵی حکوومەتی ناوەند، دەبوایە لایەنە سیاسییەکان ئەم هەنگاوانە بنێن.
بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لە گەڕانەوە بۆ دۆخی دوو ئیدارەیی و بە هەرێم کردنی پارێزگاکان ،چاودێرانی سیاسی، ئەکادیمییان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان چەندین پێشنیاز و دیدگای جیاوازیان خستووەتە ڕوو. بەشێوەیەکی گشتی، ڕێگەچارەکان لە چەند تەوەرێکی سەرەکیدا کۆدەبنەوە:
١. یەکخستنەوەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان.
بەپێی ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەکانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان (وەک گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان - ICG) و دیدگای هاوپەیمانان، یەکێک لە مەترسیدارترین هۆکارەکانی دابەشبوون، بوونی هێزی چەکداری حیزبیە. شارەزایان پێیان وایە پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەند بن بە یەکخستنەوەی تەواوەتی هێزەکانی پێشمەرگە (یەکەکانی ٧٠ و ٨٠) ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن دەڤەری (١ و ٢)و دەزگا ئەمنییەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوە نیشتمانییەکاندا، بە شێوەیەک کە بڕیاری سەربازی و ئەمنی دوور بێت لە دەستوەردانی حیزبی.
٢. شەفافیەت لە داهات و یەکخستنی دارایی.
لێکۆڵەرانی ئابووری و چاودێرانی ناوخۆیی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناکۆکییە داراییەکان و جیاوازی لە دابەشکردنی داهاتی ناوخۆ و نەوت لە نێوان زۆنی زەرد و سەوزدا، سەرچاوەی سەرەکیی گرژییەکانە. پێشنیاز دەکرێت سیستەمێکی بانکی و دارایی یەکگرتوو و شەفاف دابمەزرێت کە تێیدا تەواوی داهاتەکانی هەرێم (لە سنوورەکان، باج، و سەرچاوە سروشتییەکان) بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی حکومەت و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بکرێت، دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی.
٣. کاراکردنەوەی پەڕلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێ.
بەپێی بۆچوونی یاساناسان و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAMI)، پەکخستنی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردنەکان شەرعییەتی دامەزراوەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و بۆشایی یاسایی دروست دەکات. بۆ ڕێگری لە دوو ئیدارەیی،یان بە بە هەرێم بوونی پارێزگاکانی هەرێم، پێویستە هەردوو حیزب ڕێکبکەون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی پاک و بێگەرد لە کاتی دیاریکراودا و ڕێزگرتن لە ئەنجامەکانی، هەروەها کاراکردنەوەی ڕۆڵی چاودێریی پەرلەمان بەسەر حکومەتەوە.
٤. کۆتایی هێنان بە هەژمونی حیزب بە سەر حکومەت و دادگاکان و سەرچاوەی داهاتەکان.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستوەردانی مەکتەبی سیاسیی هەردوو حیزب لە کاروباری ڕۆژانەی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری، متمانەی هاووڵاتیان و تەنانەت متمانەی نێوان هەردوو حیزبەکەشی لاواز کردووە. ڕێگەچارە لەم بوارەدا بریتییە لە پێدانی دەسەڵاتی تەواو بە وەزیرەکان و دامەزراوە حکومییەکان بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان بەپێی یاسا، و سەربەخۆکردنی دەسەڵاتی دادوەری تا ببێتە مەرجەع بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان.
٥. یەکخستنی گوتاری سیاسی بەرامبەر بەغدا و دەرەوە
بەپێی شیکردنەوەی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، پەرتەوازەیی نێوان هەولێر و سلێمانی لە بەغدا، پێگەی دەستووری و دارایی هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە. شارەزایان پێشنیاز دەکەن کە یەکێتی و پارتی میکانیزمێکی هاوبەش دابنێن بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی بودجە، مووچە، و ماددەی ١٤٠، بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی گشتیی هەرێم پێش بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی بخرێت.
٦. ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێ بە بەشداری لایەنەکانی تر
بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ڕێککەوتنەکانی پێشووی نێوان یەکێتی و پارتی چیتر لەگەڵ گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ناوچەییەکاندا ناگونجێن. بۆیە پێشنیاز دەکرێت پەیماننامەیەکی نوێی نیشتمانی دابڕێژرێت کە تێیدا سنووری دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکان بە ڕوونی دیاری بکرێت، و دەرگاش بۆ بەشداریی کارای حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکرێتەوە تاوەکو بڕیاری سیاسی لە قۆرخکاریی دوو حیزبی دەربچێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی