کۆتایی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، شای پێشووی ئێران بە ئاوارەیی
لە دورگەی سینای وڵاتی میسر دەژیا، چونکە چەند مانگێک بوو لەلایەن گەلانی ئێرانەوە
ڕاپەڕین دژی ئەنجام درابوو، هەر ئەو ڕاپەڕینەش تەخت و تاراجی ڕووخاندبوو و ناچاری هەڵاتنی
کردبوو. ڕۆژنامەنووسێکی ناودار دەڵێت: بە مەبەستی ئەنجامدانی دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانی
لەگەڵ شادا، خۆم گەیاندە ئەو شوێنەی شای تیایدا پەناهەندە بوو، کە چوومە لای و خۆم
پێ ناساند و مەبەستی سەردانەکەی خۆمم پێ گوت؛ ڕازی بوو، بەڵام بەو مەرجەی بچم ئەو حەبانەی
بۆ بکڕم کە دکتۆر بۆی نووسیوە، چونکە نە پارەی کڕینی ئەو دەرمانانەی هەیە و نە پاسەوانەکانیش
ڕێگا دەدەن بچێتە دەرەوە. دواتر کە لە ڕوخساری شەمزاو و گەچراوی شا ورد بوومەوە، ئەو
شایەی سەردەمانێک بۆ هەڵدانی کۆلارەی منداڵەکانی ڕەشەبای دروست دەکرد ئێستا دەڵێی کۆترە
و واشە لێ داوە، دەڵێی درەختێکە خەزان دەمی تێ ناوه و خاک و ڕەگی خۆی ڕاوی ناوە، دەڵێی
باڵندەیەکی کەسیرە بوو ناو زریان و باوبۆرانەوە هێلانەکەی ڕووخاوە.
بەر لەوەی من دەست بە پرسیارەکانم بکەم، شای ئاوارە بە دوو
گلەییی دەستی بە قسان کرد، گوتی: «ئەو ڕۆژەی بووم بە شای ئێران زیاتر لە یەک ملیۆن
کەس لە پێشوازی کەژاوەی من بوون و بە درێژایی پێنج کیلۆمەتر خەڵکی ئەو ئۆتۆمبێلەیان
بەرز کردبووەوە کە من تیای بووم، هێندە خۆشیان دەویام». دواتر شا گوتی: «ساڵی ١٩٧٨یش
بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونم لە تاران مەراسیمێکم بۆ کرا، سەرۆکی نۆهەت وڵات گەیشتنە
لام و لە ئاهەنگی لەدایکبوونم ئامادە بوون و تا سبەی لەگەڵ من نەنووستن و پێکیان هەڵدا،
کەچی هەموویان بێوەفا دەرچوون، چونکە هەشت مانگە ئاوارەم و تاکە یەک سەرۆک و کاربەدەستی
جیهانیش لێی نەپرسیووم».
منیش پێم گوت: «ئەو جەماوەرەی بە درێژایی پێنج کیلۆمەتر
ئۆتۆمبێلی کەژاوەی تۆیان لەسەر شان دانابوو، هیوا و ئومێدیان لەسەر تو هەڵچنیبوو، بەڵام
پێ دەچێت تۆ لەو نیازەی ئەوان تێنەگەیشتبیت و لە ئاستی چاوەڕوانیان نەبووبیت». پێشم
گوت: «ئەو نۆهەت سەرۆکەی تا بەیانی بەدیار مۆمی تەمەنت دانیشتبوون هاتبوونە لای کۆشک
و پلەوپۆست و پایەی تۆ، نەک تۆ». بۆیە ئاوارەیی و شکست بەشی هەموو ئەوانەیە کە هێز
و سەرمایە دەکەنە ڕایەڵە و پردی نێوان خۆیان و دەرەوەی خۆیان. منیش دوای ئەو قسانە
کۆتاییم بە دیمانەکەم هێنا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی