شێنجێن؛ دوا دەرفەتی دیپلۆماسی بۆ ڕێگریکردن لە شەڕێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

22 خولەک پێش ئێستا

بەهرۆز ڕەئوف




کۆبوونەوەی ئەگەری سەرانی ئەمریکا، چین و ڕووسیا لە شاری شێنجێنی چین، لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە ناوچەکە لە هەلومەرجێکی هەستیار و پڕ لە مەترسیدایە. گرنگترین بابەتی ئەم کۆبوونەوەیە، بە تایبەتی، دۆخی ئێران و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی شەڕێکی فراوانە کە دەتوانێت کاریگەرییەکانی لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێپەڕێنێت و ئابووری جیهانیش بخاتە ژێر فشار.

چین و ڕووسیا هەوڵ دەدەن لڕێگەی دیپلۆماسییەوە زاڵبکەن بەسەر هەرگرژیی و شەڕێکی تر لەنێوان ئەمریکا و ئێران ، بەبێ ئەوەی واشنتن ناچار بێت بە شێوەیەکی ڕوون پاشەکشە بکات. لە هەمان کاتدا، ئێران بەردەوامە لە ئامادەکارییە سەربازییەکان و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیدا، چونکە پێی وایە تەنها پشتبەستن بە یەکێک لەو دوو ڕێگایە ناتوانێت پاراستنی بەرژەوەندییەکانی مسۆگەر بکات.

لە نێوان ئەم هەوڵانەدا، پاکستان ڕۆڵێکی گرنگی ناوبژیوانی دەبینێت. پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و پاکستان و دیدارەکانی عراقچی و بەرپرسانی پاکستانی، نیشانەی ئەوەن کە تاران هێشتا گرنگی بە ڕێگای دیپلۆماسی دەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەبەرچاو دەگرێت.

یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ناکۆکییەکە، دۆخی کەنداو و گەرووی هۆرموزە. چین کە بەشێکی گرنگی وزەی خۆی لە ڕێگەی ئەم ناوچەیەوە دابین دەکات، خوازیاری پاراستنی ڕێگای کەشتیوانی و بەردەوامبوونی بازرگانییە ،لە بەرامبەردا، ئێرانیش هەوڵ دەدات مافی خۆی و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی لە هۆرموزدا بپارێزێت. هەر هەنگاوێکی هەڵە لەم ناوچەیەدا دەتوانێت بازاڕی نەوت و گواستنەوەی وزە لە جیهاندا زیاتر تێک بدات.

لە لایەکی دیکەوە، هەڵگیرساندنەوەی شەڕ دەتوانێت مەترسییەکی گەورەتر دروست بکات؛ لە فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە تا ئەگەری بەکارهێنانی چەکی قورس و قەیرانی نوێی ئابووری. هەروەها، فشارەکانی ئەمریکا و سزا ئابوورییەکان دەتوانن ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و پەکینگیش زیاتر بکەن.

بەگشتی، کۆبوونەوەی شێنجێن تەنها دیدارێکی ئاسایی نێوان سێ هێزی گەورە نییە،بەڵکو دەتوانێت خاڵێکی گرنگ بێت بۆ دیاریکردنی ئاراستەی قەیرانی ئێران و داهاتووی هاوسەنگیی هێز لە جیهاندا. ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو نەبێت، ئەگەری گەڕانەوەی شەڕێکی فراوان هەیە؛ شەڕێک کە تێچوویەکەی تەنها ئێران و ئەمریکا نابێت، بەڵکو زۆرێک لە وڵاتانی ناوچە و ئابووریی جیهانیش دەگرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی