جەمال نەبەزو كەركوك

4 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

لە مێژە لە خەیاڵی ئەوەدام بە زنجیرە لە گۆشەیەكدا لە سەر مرۆڤە جوانەكانی كەركوك بنوسم ئەوانەی ڕۆڵیان لە جوانكردنی شاردا بینیوە ، هەر لە خەیاڵی خۆمدا لە هەموو پێكهاتەكان كەسانی زۆرم دیاری كردوە لە جان دەمۆو سەرگۆن پۆڵس و جەلیل قەیسی و عەتا تەرزی باشی و ڕەنجوری و ئەسیری و هی دیكەوە، ، ئاخر كێ‌ لە ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل و شوكر مستەفا و مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی جوانترە ، كێ‌ هێندەی جەبار جەباری و شێخ مارف بەرزنجی و شێخ حوسێن بەرزنجی عاشقی كەركوك و قەڵاو خاسە بووە، ئەوە پڕۆژەیەكەو بۆیە لێرە باسم كرد بۆ ئەوەی بڵێم مەرج نیە باس و خواسی مرۆڤە جوانەكانی كەركوك تەنها كەركوكیەكان بگرێتەوە و ئەوانە نەگرێتەوە كە لە كەركوكا خزمەتی زۆریان كردوەو لە خەمی كەركوكدا بوونە ، یەكێك لەو زاتە زاناو پیتۆڵانە مامۆستای پایەبەرز جەمال نەبەزە ، ئەو پیاوەی ڕۆژگارێك لە كەركوك پەروەردەو كوردایەتی پێكەوە گرێدابوو.

من جارێكی تریش باسی هەڵوێستێكی جوامێرانەو كوردانەی ئەو زاتەم كردوە، ئەویش ئەو چیرۆكەی كە مامۆستا زەكی تاڵەبانی بەهەشتی دەیگێڕایەو دەیگوت ئێمە كاتی خۆی لە دواناوەندی نزیكەی 17 فێرخوازی كورد بووینە ، پێموایە ئەو دەم لە پۆلی چواری دواناوەندی بوونە ،دەیگوت هەموو جارێك مامۆستا جەمال نەبەز كە دەگەڕایەوە سلێمانی یان ڕێی بكەوتایەتە بەغدا بەشی هەر 17 فێرخوازەكە گۆڤارو ڕۆژنامەی كوردی ئەو سەردەمەی بۆ دەهێناین و هانی دەداین بە كوردی بخوێنینەوەو فێری نووسینی كوردی و كوردایەتی دەكردین ، هەڵبەت كوردایەتی ئەو سەردەمە دور لە بەرژەوەندی و بۆنی نەوت و تاڵانی دۆلار . هەر دكتۆر جەمال نەبەز لە سەردەمی قەڵەم و موڕاجەعاتی كوردو دەوڵەتی بە زۆر سەپێنراوی عێراقدا لە تەك پێنج تێكۆشەرو كورد پەروەری دیكەدا داوای كردنەوەی دائیرەی مەعاریفی كوردی دەكەن و داوادەكەن ئەو فەرمانگەیە كە لە ئاستی وەزارەتی پەروەردە دەبێت ، بارەگاكەی لە كەركوك بێت ،كەركوك بۆ دكتۆ جەمال نەبەز چەقی كوردایەتی بووە ، هەر لەبەر ئەوەشە هەم ویستویەتی پەروەردەو فێركردن بۆ هەموو ناوچەی كوردستانی جنوبی مەركەزەكەی لە كەركوك بێت هەم لەبەر ئەوەشە كە لە گیرفانی خۆی گۆڤارو ڕۆژنامەو كتێبی كوردی ئەو سەردەمە وێڕای كەمیش ، كەچی ئەو هەموو فێرخوازێكی دواناوەندی كەركوكی لێ‌ بێبەش نەكردووە،

دكتۆر جەمال نەبەز دوربین و ئایندە بین بووەو هەر ئەو ڕۆژگارە ترسی عەرەباندن و لێسەندنی ناسنامەلە كوردی كەركوك بۆ ئەو نیگەرانیەكی قوڵ بووە بۆیە لە لایەكی دیكەوە لالەی كوردایەتی هەڵكردوەو ویستویەتی كورد گەلێكی زیت و هۆشیارو كورپەروەر بۆ ئایندە پێبگەیەنێت ، مامۆستا زەكی تاڵە بانی كە بە دورو درێژی باسی خەمی دكتۆر جەمالی بۆ كردم دەربارەی ئایندەی كەركوك داخی گرانم من كێماسیم كردو نەمكرد ئەو گێڕانەوانە تۆمار بكەم ، ڕاستی نەبوونی كەرەسەی پێویست و هەندێك جاریش كەمتەرخەمی خۆم وای كردووە چەند جارێك بابەتی گرنگی دیرۆكی لە دەست بدەم و دواتریش هەر داخ و گوتنی "دەستی شكاوم " بۆ ماوەتەوە دەبوو ماوەی بوونی دكتۆر جەمال نەبەزو كارەكانی لە كەركوك هەر ئەوەندە نا كە خۆی گێڕاویەتیەوە ، فێرخوازو هاوزەمانەكانی بیانگێڕاباوە، من نازانم و بیریشم نیە مامۆستا زەكی ناوی فێرخوازانی دیكەی پێگوتبم ، خۆزگا دوای خوێندنەوەو ئەم گۆشەیە ، ئەگەر یەك لەو فێرخوازانەی ماون خۆی ئاگاداری دەكردمەوە بۆ ئەوەی لانی كەم بەشێك لەو مێژوە تۆمار بكەین ، دكتۆر جەمال كەركوكی نەبوو ، بەڵام لە خەمی كەركوكدا بوو ، ئەمە بۆ زۆر كەسی دیكەش ڕاستە ، من زۆر كەسم لەو ڕۆژهەڵاتەی خۆمان بینیوە لە كرماشان و سەپێلی زەهاوەوە تا سنەو سەقزو مەریوان و شوێنگەلی دیكەش لە كوردیەلی كەركوك كەركوكی تر بوونە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی