پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سیستمی بەڕێوەبردن

4 کاتژمێر پێش ئێستا

زەبەنگ بەهادین

مێژووی کۆمەڵگە و دامەزراوەکان بەردەوام یەک پرسیاری جەوهەری دووبارە دەکاتەوە؛ ئایا مرۆڤەکان سیستەم دروست دەکەن، یان سیستەمەکان مرۆڤەکان پەروەردە دەکەن؟ لە ڕاستیدا، ئەم دووانە لە بازنەیەکی بەردەوام و کاریگەری دوولایەنەدا دەژین. جۆری بەڕێوەبردن و ئاستی هۆشیاری تاکەکان دوو ڕووی یەک دراون و چارەنووسی هەر کۆمەڵگەیەک دیاری دەکەن. سیستمی بەڕێوەبردنی خراپ و گەندەڵ، وەک ژینگەیەکی ژەهراوی وایە بۆ مرۆڤەکان. کاتێک بنەماکانی دادپەروەری، شەفافیەت و لێهاتوویی لە دامەزراوەیەکدا پەراوێز دەخرێن، ئەم سیستمە تەنها کارەکان پەک ناخات، بەڵکو مرۆڤی نەزان، هەلپەرست و گەندەڵیش بەرهەم دەهێنێت. لە سیستمێکی وادا، کەسانی لێهاتوو و دڵسۆز یان دوور دەخرێنەوە، یان بێهیوا دەبن و تواناکانیان دەپوکێتەوە.

لە بەرامبەردا، کەسانی نەزان و ماستاوچی بۆ پێشەوە دەهێنرێن، چونکە مانەوەی سیستمە خراپەکە پێویستی بەم جۆرە مرۆڤانەیە تا هیچ پرسیارێک نەکەن و تەنها فەرمان جێبەجێ بکەن. بەم شێوەیە، نەزانی دەبێتە پێوەر بۆ سەرکەوتن و گەندەڵی دەبێتە نەریت. لەلایەکی دیکەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی باش و تەندروست، کارگەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی داهێنەر، هۆشیار و بەرپرسیارە. کاتێک یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت و پاداشت و سزا لەسەر بنەمای کار و لێهاتوویی بێت، تاکەکان هان دەدرێن کە خۆیان پێبگەیەنن و زانست و ئەخلاق بکەنە چەکی کارکردنیان.

سیستمە باشەکە وەک فلتەرێک کار دەکات کە تێیدا تواناکان گەشە دەکەن و مرۆڤە ئاساییەکانیش دەبنە سەرکردە و داهێنەری گەورە. بەڵام ئەم هاوکێشەیە تەنها یەک ئاڕاستە نییە، بەڵکو مرۆڤەکانیش هەمان کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی سیستم هەیە. سیستەم لە بۆشاییەوە دروست نابێت، بەڵکو بەرهەمی عەقڵ و ئیرادەی مرۆڤەکانە. کاتێک کەسانی نەزان و بێتوانا دەگەنە جومگەکانی بڕیاردان، بەبێ ئەوەی هەست بە مەترسییەکەی بکەن، دەبنە هۆکاری لەدایکبوونی سیستمێکی دواکەوتوو و لاواز. چونکە کەسی نەزان ناتوانێت دیدگایەکی ستراتیژی هەبێت، لە کەسانی زیرەک دەترسێت و هەمیشە یاسا و ڕێساکان بە جۆرێک دادەڕێژێت کە بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت، نەک گشتی .

بە پێچەوانەوە، کەسانی باش، هۆشیار و خاوەن دیدگا، تاکە هێزن کە دەتوانن ئەم بازنە خراپە بشکێنن و سیستمێکی تەندروست بنیادت بنێن. مرۆڤە باشەکان تەنها بیر لە ئەمڕۆ ناکەنەوە، بەڵکو دامەزراوەیەک دروست دەکەن کە تەنانەت دوای نەمانی خۆشیان بەردەوام بێت.

ئەوان باوەڕیان بە دابەشکردنی دەسەڵات، چاودێریکردن و پێگەیاندنی نەوەی نوێ هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدایکبوونی سیستمێک کە بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە. لە کۆتاییدا، دەکرێت بڵێین مرۆڤ و سیستم لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیدان. بۆ ئەوەی لە بازنەی نەزانی و دواکەوتوویی ڕزگارمان بێت، پێویستمان بە مرۆڤی باش و هۆشیارە تا سیستمێکی تەندروست دابمەزرێنن، دواتریش ئەو سیستمە تەندروستە دەبێتە گەرەنتی بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی باشتر و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو . زەبەنگ بەهادین ١٧-١١-٢٠٢٦

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی