شارپرێس:
دیپلۆماتکارێكى توركیا پێش سەردانەکەی بۆ هەولێرو دهۆک، هۆشداریدەداتە پارتیو یەکێتیی کە بەردەوامیی ململانێی نەوەی نوێی هەردوو خێزانی بارزانیو تاڵەبانیو ئەگەری دوو ئیدارەیی، تەنها هەرێمی کوردستان لاوازناکات، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی (تورکیا، عێراق، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان)و تەواوی ناوچەکە.
مەهمەت ئۆغوتچو دیپلۆماتکاری پێشوی تورکیاو ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنو سەرۆکی لیژنەی مەترسییەکانی کۆمپانیای (جەنەراڵ ئێنێرجی، بەر لەسەردانەکەی بۆ هەولێرو دهۆک هۆشدارییەکی توند دەداتە پارتیو یەکێتییو ڕایدەگەیەنێت؛ "ململانێی نێوان نەوەی نوێی هەردوو خێزانی بارزانیو تاڵەبانیو زیندووبونەوەی ئەگەری دوو ئیدارەیی، تەنها کوردان ناخاتە قەیرانەوە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی تورکیا، عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدان-یش.
ئۆغوتچو کە کۆتایی ئەم مانگە بەشداریی لەکۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا دهكات لەشارى دهۆک، لەوتارێکدا پەیامە سەرەکییەکانی بۆ سەرکردایەتیی هەرێم دهخاتهڕوو.
ئهو دیبلۆماتكاره توركه لهنوسینێكدا كه لهبهشى توێژینهوهى ماڵپهڕى شارپرێس-دا بڵاوكراوهتهوه ئاماژە بەوەدەکات، لەساڵی 1990وە ململانێی نێوان پارتی (مەسعود بارزانی)و یەکێتیی (جەلال تاڵەبانی)، دوو ناوەندی هێزی دروستکرد؛ ئەمڕۆش نەوەی نوێی ئەو دوو خێزانە (مەسرور بارزانیو بافڵ تاڵەبانی)، لەبەردەم دوو ڕێگهدان، ئهوانیش، یان ڕێککەوتنێکی نوێی دامەزراوەیی بکەن، یان دابەشبونی ئێستا دەکەنە بەشێکی هەمیشەیی لەسیستەمی حوکمڕانیدا.
ئۆغوتچو قسەکانی بافڵ تاڵەبانی لەسەر ئەگەری بەڕێوەبردنی جیاواز دوای کۆبونەوەکەی پەرلەمان بەپەیامێکی مەترسیدار دەزانێتو هۆشداریدەدات، "کارەبای هەولێر لەغازی سلێمانی سەربەخۆ نییە (وەک لەهێرشەکەی 8ی تشرینی دوەمی سەر کۆرمۆر دەرکەوت)و دولەتبونی هەرێمیش سەرچاوە ئابورییو ئەمنییەکان بەتەواوی لاوازدەکات".
بەوتەی ئەو شارەزا تورکە، "ململانێی هەولێرو سلێمانی، سنوری هەرێمی تێپەڕاندوە؛ چونکە هەرێمی کوردستان لەچوارڕێیانی بەرژەوەندییەکانی تورکیا، ئێران، بەغدا، ئەمریکا، ئیسرائیلو وڵاتانی کەنداودایەو تەنانەت کاریگەریی لەسەر داهاتوی کوردانی سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان)یش هەیە، هاوکات بەردەوامیی ناکۆکییەکانیش سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لەنێوان عێراقو تورکیادا دەخاتە ژێر مەترسییەوە".
ئۆغوتچو داوادەکات، نەوەی نوێی بارزانیو تاڵەبانی بەبەشداریی بەغدا، ڕێککەوتنێکی نوێی دامەزراوەیی واژۆبکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتو یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها سیستەمێکی شەفاف بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوتو غاز دابمەزرێنن کە ڕاستەوخۆ خزمەتی پەروەردە، تەندروستیو هەلی کاری گەنجان بکات.
مەهمەت ئۆغوتچو یەکێکە لەدیارترین کەسایەتییەکانی تورکیا لەبوارەکانی وزە، دیپلۆماسیو وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیداو پەیوەندییەکی مێژوییو نزیکی لەگەڵ هەرێمی کوردستانو عێراقدا هەیە، پێشتر دیپلۆماتکاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بوە (لەچینو بەلژیکا کاریکردوە)و وەک ڕاوێژکاری تایبەتی تورگوت ئۆزاڵ (سەرۆک کۆماری پێشوتری تورکیا) کاریکردوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵیش بەرپرسی باڵا بوە لەئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) لەپاریسو ڕێکخراوی (OECD).
هاوكات بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنو سەرۆکی لیژنەی مەترسییەکان بوە لەکۆمپانیای بەناوبانگی نەوتی (گەنەڵ ئێنێرجی ـ Genel Energy) کە یەکێکە لەگەورەترین کۆمپانیا نەوتییە کاراکانی هەرێمی کوردستان (کێڵگەکانی تەقتەقو تاوکێ)، بەهۆی ئەم پۆستەوە، زانیارییەکی زۆر وردی لەسەر نەخشەی نەوت، غاز، بۆرییەکانو کێشە سیاسییەکانی نێوان هەولێر، سلێمانیو بەغدا هەیە.
ئێستا سەرۆکی دامەزراوەی وزەی بۆسفۆڕ (Bosphorus Energy Club)و سەرۆکی کۆمپانیای ڕاوێژکاریی (Global Resources Partnership)ە لەلەندەنو ئهستەمبوڵ، کۆتایی ئەم مانگەش بەمەبەستی بەشداریکردنو پێشکەشکردنی وتار لەکۆڕبەندی ئاشتیو ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) لەزانکۆی ئەمریکیی کوردستان لەدهۆک، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
