ئاخۆشووشەکەی مام جەلال، بە دەستی بافڵ-ەوە دەشکێت؟

29 خولەک پێش ئێستا

دلێر محەمەد نوری


 شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی، لە ئایاری ١٩٩٤ەوە درێژەی کێشا، تا لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٧دا، ئاگربەستێک کەوتە سەرڕێ، بۆ گەیشتن بە چارسەرێکی ئاشتیانە. لەو کاتەوە ئیتر کەسایەتی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کەوتنە رجاو تکا بۆ گەیشتن بە ئاشتی یەکجارەکی. تا لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٩٨دا، بە زۆری واشنتۆن، ڕێککەوتننامەی ئاشتی واژووکرا. بەڵام ئاشتییەک بە تامی دوو ئیدارە، دوو جوگرافیا و دوو هێزی چەکدار و دوو ئابوری و دوو عەقڵییەتی جیاواز. هەتا ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت ئەو دوو دووە، نەک هەر نەبوون بە یەک، بگرە وا خەریکین سنوری دێگەڵە بۆ هەتایە دەکەنە مەرز.
بەندە، لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێ کارمەندەکانم، گەلێ جار، شایەتحاڵی گەلێ ڕووداو و وتەی نافەرمی، پشتی کامێرا و دوورلە لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی، بەرپرسە باڵاکانی ئەو مێژووە بووین.
ئەو دەم کارمەندی هۆتیل ئاشتی بووم لە شەقامی سالم-دا. نۆژەنکردنەوەی هۆتێل ئاشتی وەکو یەکەم پڕۆژەی گەشتیاریی، مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی یەکێتی بوو، لەو سەردەمەدا. کە بە پێی ستانداری ئەو سەردەمە لە ڕووی گەشت و گووزار و کوالیتی و خزمەتگووزارییەوە، بێ وێنە بوو لە هەرێمدا. سیاسییە ناودارەکان، بازرگانە گەورەکانی ئێران و تورکیا و عێراق، وەفدە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بە بەردەوامی ڕوویان تێدەکرد. جگە لەمانە هۆتێلێکی حزبی مەحکەم بوو لە ڕووی ئەمنییەوە. تاکە جێگەی حەوانەوەی هەموو ئەو کەسە گرنگانە بوو.
هەر بۆیە کارمەندەکانی ئەو هۆتێلە، دەبوو هیچ گوومانێک لە یەکێتی بوونیان نەکرێ و بەندەش جگە لەوەی کە کارمەند بووم، لە هەمووانیش حزبیتر بووم. وە بڕێک لە چاو و کوێچکەی ڕۆژنامەوانیشم هەبوو، تا ڕووداو و وتەی لابەلای گرنگ لە خەیاڵدانی شاراوەم زیندانی بکەم. هەر بۆیە هەندێ وتە و ڕووداوی سیاسییەکانم هەرگیز لەیاد ناچێت. لێرە و لەوێ لە دووتوێی ڕووداوەکانی دواتری کوردستاندا جێگەم کردوونەتەوە.
لە دوای ئاگربەستی نێوان یەکێتی و پارتی ڕێگەی هۆتێل ئاشتی بوو بە ڕێی کانی بۆ وەفد و کەسایەتی ناوبژیوان. یەکێک لەو کەسایەتیانەی کە لە ١٩٩٨ میوانی هۆتێلەکە بوو، بەڕێز لیوا فوئاد عارف بوو.
" فوئاد عارف (١٩١٣–٢٠١٠) کەسایەتییەکی سیاسی و سەربازیی کوردی عێراق بوو، لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماریدا چەندین پۆستی گرنگی هەبوو. هەروەها پەیوەندیی سیاسیی لەگەڵ مام جەلال هەبوو و لە ساڵی ١٩٦٣ پێکەوە چاویان بە جەمال عەبدولناسردا کەوتبوو".
لەو ماوەیەدا کە میوانی هۆتێل بوو، بەیانییەک خۆی ئامادەکرد، تا مام جەلال بێتە سەردانی بۆ هۆتێلەکە و قاوەیەک پێکەوە بخۆنەوە. وا ڕێککەوت کە لە ساڵۆنی هۆتێلەکەدا دانیشتبوون. جا هەم ساڵۆنەکە بێ دەنگ بوو و هەمیش میوانی دیکە لێ نەبوو. ئەو قەنەفە چەرم و مێزەی لە سەری دانیشتبوون، نازانم گووڵدان یان هەر شتێکی دیکەی لە شووشەی لە سەر بوو و منیش ئەرکی خزمەت کردنم لە قاوە و ئاو و چا کەوتە ئەستۆ. گفت و گۆی کراوەی ئاسایی زۆریان کرد. بەڵام ئەوەی سەرنج ڕاکێش بوو، کە هاتنە سەر مەسەلەی پڕۆسەی ئاشتی نێوان یەکێتی و پارتی. چۆڵی و دەنگدانەوەی هۆڵەکە ڕێگەی بەوە دەدا من و ئەویەک دوو دانە پاسەوانە، گوێمان لە تەواوی گفت و گۆکان بێت. ئێمە هەم کارمەندی هوتێڵ و هەم دڵسۆزی یەکێتی بووین. هەڵبەتە هێندەمان گوێ لەو وتانە بووبوو کە ئیتر بایەخێکیان لەو سەردەمەدا بۆ ئێمە نەبوو. مام جەلال بەو سەلیقەی وێناکردنەی خۆی و دیالێکتە تایبەتییەکەی، بە فوئاد عارف-ی ڕاگەیاند: کوردستان وەکو ئەو شووشەیە وایە بە سەر سەری یەکێتییەوە و لە سەر قاچێک وەستاوە، پارتی لە ١٩٩٢ەوە لە هەوڵی خستن و شکاندنێتی. من لە پێناو ئەو کوردستانە کاغەزی سپیم بۆ چەندین کەس ئیمزا کردووە، ئیتر نازانم ئاشتی بە چی بە دی دێت؟
ئەم وتەیە کڕۆکی وتەکەی مام جەلال بوو کە من گوێم لێ بوو نەک دەقاودەق!
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات لە نێوان پارتی و یەکێتی و توندتر لەو سەردەمە خۆی نوێکردۆتەوە. ئەم گرێ کوێرەیە ئیتر خەریکە دەبێ بە گرێی سەرەتانی.  کورت و کرمانج پارتی بە هەمان شێوەی ئەو سەردەمە، کاغەزی سپی لە یەکێتی گەرەکە. ئەو کاغەزەی تاڵەبانی باوک پێشکەشی بارزانی باوکی کرد، تا شووشەکە نەشکێ.
 بەڵام ئاخۆ دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و هاوکێشە سیاسییەکان و دیدگای ڕژێمە داگیرکەرەکانی چواردەور و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان، بۆ بارزانی و تاڵەبانی کوڕ هەمان شتە؟ ئاخۆ هەم بارزانی کوڕ و هەم تاڵەبانی کوڕیش، پێویستییان بە خوێندنەوەیەکی نوێ نیە بۆ دۆخەکە. ئەمە و چەندین پرسیار و لێکدانەوە و شیکاری سیاسی، کە هەق وایە لە بەرچاو بگیرێ بەر لە هەر پێداگرتن و کارەساتێک.
بەڵام ئەوەی ماوەتەوە ئەمڕۆ بیڵێم ئەوەیە، نە ئەو دۆخەی دوێنێ وەکو خۆی ماوە، تا بارزانی کوڕ چاوەڕێی کاغەزی سپی لە تاڵەبانی کوڕ بکات و نە تاڵەبانی کوڕیش ئامادەیە کاغەزێکی دیکەی سپی بخاتە بەردەستی بارزانی کوڕ. چونکە هەم بارزانی باوک ئەزانێ چەندی سود و قازانجی سیاسی و مادی و مەعنەوی حزبی لەو کاغەزە سپییەی تاڵەبانی باوک کردووە و هەمیش تاڵەبانی کوڕ لە زیانە حیزبییەکانی تێگەیشتووە.
 بەڵام ئەوەی هیچیان درکی پێ ناکەن و نایزانن ئەوەیە، ئەو شووشەیەی مام جەلال پاراستی له شکان، لە سەر خوێن و جەستە و گیرفانی یەکێتی و دەڤەرەکەی بوو. بەڵام کە ئەگەر بە هەر هۆکارێک ئەمجارە بشکێ، ئەوا کار لە جەستە و خوێن و گیرفانی هەردوو زۆن و هەردوو دەڤەر و هەر دوو حزب و بگرە کاریگەری بۆ تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەیە. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی