نوسینی: مەهمەت ئۆغوتچو
وەرگێڕانی لەتورکیەوە: شنۆ هیرانی
لەکۆتایی ئەم مانگەدا جارێکی دیکە سەردانی کوردستانی عێراق دەکەم، سەرەتا دەچمە هەولێرو دواتر ڕوو لەدهۆک دەکەم، لەکۆنفرانسێکی گرنگی نێودەوڵەتیدا بەشداردەبمو لەبارەی داهاتوی وزە، ئابورییو جیۆپۆلیتیكی ناوچەکە قسە دەکەم.
پێش ئەم سەردانە هەوڵدەدەم بەوردی لەهەوای سیاسیی ناوچەکە تێبگەم، چونکە ململانێی نێوان هەولێرو سلێمانی ڕۆژ بەڕۆژ توندتر دەبێتەوەو ئاستی کاریگەرییەکەی تەنها سنوری کوردستانی عێراقی نەبڕیوە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەریی لەسەر داهاتوی تورکیا، عێراقو تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دابنێت.
من ناوچەکە باش دەناسم، لەماوەیەکدا ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنو سەرۆکی لیژنەی مەترسییەکانی کۆمپانیای (جەنەراڵ ئێنێرجی) بوم؛ کە یەکێکبوو لەگەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لەکوردستانی عێراق، بەردەوام سەردانی هەولێر، سلێمانیو بەغدام کردوە، لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان، کۆمپانیاکانی وزەو وەبەرهێنەران چاوپێکەوتنم ههبوه، مەیدانەکانی نەوت، بۆرییەکانی گواستنەوە، ڕێگهکانی بازرگانیو ئەنجامە ئابورییەکانی ناکۆکییە سیاسییەکانم لەنزیکەوە چاودێریکردوە.
ئەو ئەزمونە وانەیەکی سەرەکیی پێداوم، لەم جوگرافیایەدا (وزە، ئاسایش، سیاسەتو جیۆپۆلیتیك) لەیەکتر جیاناکرێنەوە، هەر گۆڕانکارییەک لەیەکێک لەم بوارانەدا، کاریگەریی لەسەر بوارەکانی دیکەش دادەنێت، بۆیە پێویستە پەرەسەندنی ڕوداوەکانی ئەمڕۆش لەچوارچێوەیەکی فراوانترەوە بخوێنینەوە.
دوو خێزان، دوو ناوەندی هێز، یەک جوگرافیا
لەساڵی ١1990دا شەڕو ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرکردایەتی مەسعود بارزانیو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەسەرکردایەتی جەلال تاڵەبانی، ناوچەکەی کردە دوو بەشی جیاوازو بەکردەوە دوو بەڕێوەبردنی جیاوازی لێ دروستکرد.
لەساڵی 2006دا حکومەتێکی هەرێمیی هاوبەش دامەزرا، بەڵام دەسەڵاتی جیاوازی پارتە سیاسییەکان لەسەر هێزە ئەمنییەکان، سەرچاوە ئابورییەکان، دامەزراوە حکومییەکانو پەیوەندییە دەرەکییەکان بەردەوام مایەوە.
حکومەتێکی یەکگرتوو هەبوو، بەڵام دوو ناوەندی هێز هەر بەردەوامبون
ئەمڕۆ نوێنەرانی نەوەی نوێی ئەو دوو خێزانە، مەسرور بارزانیو بافڵ تاڵەبانی، ڕوبەڕوی داهاتوی ئەو سیستەمە ناسەقامگیرە دەبنەوە کە لەڕابردودا بۆیان بەمیرات ماوەتەوە، لەهەڵبژاردنی ساڵی 2024دا پارتی 39 کورسیو یەکێتیی 23 کورسیی بەدەستهێنا، نزیکبونەوەی یەکێتیی لەجوڵانەوەی نەوەی نوێ کە 15 کورسیی هەبوو، هاوسەنگییە سیاسییەکانی گۆڕیی.
لەسەرەتای مانگی تشرینی دوەمدا، کۆبونەوەی پەرلەمان بەپێشەنگایەتی پارتیو کاردانەوەی توندی یەکێتیی بەرامبەر ئەو هەنگاوە، ناکۆکییە کۆنەکانی جارێکی دیکە خستەوەسەر ڕوی ئاو.
ئەوەی بافڵ تاڵەبانی باسی ئەگەری بەڕێوەبردنی جیاوازیی کرد، تەنها لێدوانێکی سیاسیی ئاسایی نییە
دابەشبونەوەی ناوچەیەکی بچوکو ناسەقامگیر بۆ دوو سیستەمی جیاوازی بەڕێوەبردن، تەنها کێشەکانی کوردەکان زیادناکات، بەڵکو گرفتەکانی هەموو ناوچەکە قوڵتر دەکاتەوە، لێرەدا کێشەکە تەنها ئەوەنییە کە کام خێزان ژمارەیەکی زیاتر وەزارەتو پۆستی حکومی بەدەستدەهێنێت؛ بەڵکو بابەتە سەرەکییەکان بریتین لەڕەوایەتیی هەڵبژاردن، دابەشکردنی سەرچاوەکان، کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانو داهاتوی دامەزراوە هاوبەشەکان.
سەرکردایەتیی نەوەی نوێی بارزانیو تاڵەبانی، لەدوو ڕێگهی بەردەم خۆیانن، یان دەبێت ڕێککەوتنێکی نوێ دروستبکەن، یان دابەشبونی ئێستا دەبێتە بەشێکی جێگیر لەدامەزراوە سیاسییەکانی ناوچەکە.
ڕێگهی گەشەپێدان.. کلیلی نەخشەی نوێی جیۆپۆلیتیكی
بەبڕوای من، خوێندنەوەی ڕوداوەکان تەنها لەچوارچێوەی وزەدا هەڵەیەکی گەورەیە، پڕۆژەی (ڕێگهی گەشەپێدان) کە لەبەندەری گەورەی فاو لەکەنداوی فارسەوە دەگاتە تورکیا، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە کە بەهۆی تۆڕی شەمەندەفەر، ڕێگای ئۆتۆمبێل، ناوەندە لۆجستییەکانو وەبەرهێنانە پیشەسازییەکانەوە دەتوانێت ئاراستەی بازرگانیی ناوچەکە بگۆڕێت.
پێشبینیکراوە ڕێڕەوی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە لەباکوری عێراق (ههرێمى كوردستان)ەوە بگاتە سنوری تورکیا، بەڵام ئەوەی چۆن ئەم ڕێڕەوە لەگەڵ تۆڕە بازرگانییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان یەکدەگرێتەوە، بابەتێکی گرنگی سیاسییو ئابورییە، بۆیە ململانێی هەولێرو سلێمانی، تەنها پەیوەندیی بەدابەشکردنی سەرچاوە ئێستاکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەداهاتی بازرگانیو گواستنەوەی ئایندەشەوە هەیە.
گرنگیی (تورکیا، عێراق، قەتەرو ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو) بەپڕۆژەی ڕێگهی گەشەپێدان، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەیانەوێت پەیوەندییەکی ئابوریی نوێ لەنێوان کەنداوی فارسو ئەوروپا دروستبکەن، بەڵام سەرکەوتنی ئەم کۆریدۆرە تەنها بەدانانی هێڵی شەمەندەفەرو دروستکردنی ڕێگه مسۆگەر نابێت، یەکخستنی سیستەمی گومرگ، ئاسایشی سنور، دابینکردنی دارایی، جێگیری یاساییو سودمەندبونی خەڵکی ناوخۆیی لەپڕۆژەکەدا پێویستن، کۆریدۆرەکان لەسەر نەخشە کێشراون، بەڵام بەها ئابورییە ڕاستەقینەکەیان بەهۆی متمانە، جێگیرییو هاوکارییەوە دروستدەبێت.
جوگرافیایەکی بچوکو بەرژەوەندییەکانی هێزە گەورەکان
کوردستانی عێراق لەناوچەیەکی هەستیاردا هەڵکەوتوە کە (تورکیا، ئێران، عێراقو سوریا) پێكهوه دەبەستێتەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا (ئەمریکا، ئیسرائیلو وڵاتانی کەنداو) هەریەکەیان بەرژەوەندیی ستراتیژیی جیاوازیان لەناوچەکەدا هەیە، بۆ تورکیا، (ئاسایشی سنور، مەترسیی پەکەکە، بازرگانیی، دابینکردنی وزەو پڕۆژەی ڕێگهی گەشەپێدان) لەپێشینەدان، بهڵام بۆ ئێران، (ئاسایشی سنور، کاریگەریی سیاسیی لەسەر عێراقو هەستەوەرییەکانی پەیوەست بەدانیشتوانی کوردیی خۆی) گرنگن، بەغداش دەیەوێت دەسەڵاتی فیدراڵی، مافی بڕیاردان لەسەر بودجەو یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت.
داهاتووی کوردانی سوریاش پەیوەندیی بەهاوسەنگییە سیاسییەکانی کوردستانی عێراقەوە هەیە، پەرەسەندنی ڕوداوەکان لەهەردولای سنورەکە، نابێت بەتەواوی لەیەکتر جیابکرێنەوە، بۆ ئەمریکا، ناوچەکە لەڕوی هاوبەشییەکانی (ئاسایش، بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو هاوسەنگیی هێزە ناوچەییەکانەوە) گرنگیی هەیە، هاوكات لەڕوانگەی ئیسرائیلەوە، کاریگەریی ناوچەیی ئێرانو هاوسەنگییە ئەمنییەکان بڕیاردەرن، وڵاتانی کەنداویش، لەبەرامبەردا، گرنگی بەوەبەرهێنان، بازرگانی، بەندەرەکان، لۆجستیکو بونیادنانەوەی عێراق دەدەن.
هەموو ئەم بەرژەوەندییانە دەبێت لەچوارچێوەی نیگەرانییە ئەمنیو ئابورییە ڕەواکاندا لەبەرچاو بگیرێن، بەڵام نابێت ململانێی هیچ لایەنێکی دەرەکی لەپێش مافو بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکە دابنرێت، کوردستانی عێراق دەبێت لەجیاتی ئەوەی ببێتە مەیدانی حساباتی جیۆپۆلیتیكی لایەنەکانی دەرەوە، ناوچەیەک بێت کە داهاتوی ئابوریی خۆی بونیاد دەنێت.
دەوڵەمەندیی ژێرزەوی دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانیی خەڵک
بونی نەوت، غازو کانزاکان بەتەنها گەشەپێدان مسۆگەرناکات، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەم سامانە چۆن بەڕێوە دەبرێتو تا چەندە دەگەڕێتەوە بۆ خزمەتکردنی خەڵک، هێرشی 8ی تشرینی دوەمی سەر کێڵگەی غازی كۆرمۆرو ئەو پچڕانە گەورەیەی لەبەرهەمهێنانی کارەبادا دروستیکرد، جارێکی دیکە نیشانیدا کە ژێرخانی وزە لەناوچەکەدا تا چەندە لاوازو مەترسیدارە، کارەبای هەولێر لەغازی سلێمانی سەربەخۆنییەو داهاتوی ئابوریی سلێمانیش لەبازرگانیی ناوچەییو جێگیریی دارایی جیاناکرێتەوە.
داهاتی نەوت، وەبەرهێنانی غازو بەرهەمهێنانی کانزاکانی داهاتوو دەبێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ پەروەردە، تەندروستی، ژێرخان، هەلی کارو گەشەپێدانی ناوخۆیی بەکاربهێنرێن، داهاتوی گەنجان نابێت تەنها بەنزیکیان لەپارتە سیاسییەکان یان وەرگرتنی موچەی حکومیەوە بەستراوبێت.
پێنج پێشنیازی ستراتیژیی دیاریکراوی من
یەکەم: دروستکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی سیاسییو دامەزراوەیی لەنێوان هەولێرو سلێمانی.
دەبێت نەوەی نوێی سەرکردایەتیی خێزانەکانی بارزانیو تاڵەبانی، بەبەشداریی بەغدا، پرۆسەیەکی دانوساندنیان دەستپێبکات کە بەکاتبەندییەکی دیاریکراو بەڕێوەبچێت، لەقۆناغی یەکەمدا پێویستە لەسەر دامەزراندنی حکومەتی هاوبەش، دەسەڵاتی وەزارەتەکان، دابەشکردنی بودجەو یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەییەکی یەکگرتودا ڕێککەوتنێکی نوسراو بکرێت، هەروەها دەبێت میکانیزمێکی نێوان پارتەکان بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دابمەزرێت، ئامانجیش تەنها ڕێککەوتنێکی کاتی لەنێوان دوو پارتدا نابێت، بەڵکو دروستکردنی سیستەمێکی بەڕێوەبردنی دامەزراوەیی بێت کە لەهەر قەیرانێکی سیاسییدا پێویستی بەدەستپێکردنەوەی دانوساندن نەبێت.
دوەم: دامەزراندنی سیستەمێکی ڕونو شەفاف بۆ دابەشکردنی نەوت، غاز، کانزاو داهاتی حکومی
دەبێت بەبەشداریی نوێنەرانی هەولێر، سلێمانیو بەغدا میکانیزمێکی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی داهاتو خەرجییەکان دروستبکرێت، ههروهها (بەرهەمهێنان، فرۆشتن، وەرگرتنی داهاتو گواستنەوەی بودجە) دەبێت بەشێوەیەکی بەردەوام بخرێنە بەردەم ڕای گشتیی، لەدابەشکردنی سەرچاوەکانیشدا ژمارەی دانیشتوان، جیاوازیی ئاستی گەشەپێدانو پێداویستییەکانی ژێرخان دەبێت ببنە پێوەر، لهگهڵ ئهمانهشدا، بەشێکی دیاریکراوی داهاتیش دەبێت بۆ (پەروەردە، تەندروستی، ژێرخانی ناوخۆییو دامەزراندنی گەنجان) تەرخانبکرێتو خەڵکیش دەبێت دەوڵەمەندیی ژێرزەوی تەنها لەوتە سیاسییەکاندا نەبینن، بەڵکو لەژیانی ڕۆژانەیاندا هەستی پێبکەن.
سێیەم: ئامادەکردنی پلانی هاوبەشی ئابوریی بۆ ڕێگهی گەشەپێدانو کۆریدۆرەکانی وزە
تورکیا، حکومەتی ناوەندیی عێراقو حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت گروپێکی کاری تەکنیکی پێکبهێنن، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی باکوری ڕێگهی گەشەپێدان، بازرگانیی خابور، شەمەندەفەر، ڕێگهی ئۆتۆمبێلو ژێرخانی وزە لەگەڵ یەکتر تەواوکەربن، دەبێت ڕونبکرێتەوە کە (هەولێر، دهۆکو سلێمانی) بەکام وەبەرهێنانی لۆجستی، پیشەسازییو خزمەتگوزارییەوە بەپڕۆژەکە دەبەسترێنەوە، هەروەها دەبێت پڕۆژەکان، شێوازەکانی دابینکردنی داراییو خشتەی جێبەجێکردنیان دیاریبکرێت، بەشێوەیەک کە کەرتی تایبەتیش بتوانێت بەشدارییان تێدابکات، ڕێگهی گەشەپێدان نابێت تەنها ببێتە ڕێڕەوێکی گواستنەوە، بەڵکو دەبێت ببێتە پڕۆژەیەکی گەشەپێدانی ئابوریی کە هەلی کارو بەهای زیادکراو بۆ خەڵکی ناوچەکە دروستبکات.
چوارەم: تورکیا دەبێت گفتوگۆیەکی چەند ئاراستەییو دامەزراوەیی لەگەڵ لایەنە ناوچەییەکان پەرە پێبدات
ئەنكەرە لەکاتێکدا پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ هەولێر دەپارێزێت، دەبێت پەیوەندییە ئابورییو تەکنیکییەکانی لەگەڵ سلێمانیو بەغداش بەهێز بکات، دەبێت پلاتفۆرمی گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ کەرتی بازرگانی، ژورەکانی بازرگانی، زانکۆکانو بەڕێوەبەرایەتییە ناوخۆییەکانی ناوچەکە، لەوانە دهۆک، دروستبکرێت، بابەتەکانی ئاسایشی وزە، بازرگانیی سنوری، گواستنەوە، وەبەرهێنانو ئاسایش دەبێت لەمێزی کاریی جیاوازدا تاووتوێبکرێن، هەروەها پێویستە بەرژەوەندییەکانی ئێران، وڵاتانی کەنداوو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەشێوەیەکی واقیعی هەڵبسەنگێنرێن.
ڕوانگەی تورکیا نابێت تەنها بەڕێوەبردنی قەیرانە سیاسییەکان بێت، بەڵکو دەبێت بەهۆی زیادکردنی پەیوەندییە ئابورییە بەیەکەوە بەستراوەکانەوە بەشداریی لەجێگیریی ناوچەکەدا بکات.
پێنجەم: ڕێککەوتنی سیاسیی دەبێت بەئەنجامی پێوانەکراو بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک ببەسترێتەوە، بەڕێوەبردنی نوێی هەرێم دەبێت بەرنامەیەکی ڕیفۆرمی ڕونو ئاشکرا بۆ 100 ڕۆژی یەکەمو دوساڵی یەکەم ڕابگەیەنێت.
ئەولەویەتەکان دەبێت ئەمانە بن:
ـ دابەشکردنی موچەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک.
ـ دابینکردنی کارەبای بەردەوام.
ـ دانەوەی قەرزی وەبەرهێنەران.
ـ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی.
ـ کەمکردنەوەی بێکاریی گەنجان.
ـ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
بەچاودێریی سەربەخۆو بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی سێ مانگانە، دەبێت جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانە بپشکنرێت، سەرکەوتن نابێت بەژمارەی ئەو وەزارەتانە بپێورێت کە هەر خێزانێک بەدەستیدەهێنێت، بەڵکو دەبێت بەئاستی زیادبونی خۆشگوزەرانی، ئاسایشو متمانەی خەڵک بەداهاتوو پێوانە بکرێت.
ئەنجام: نەک سنوری نوێ، بەڵکو بیرکردنەوەیەکی هاوبەشی نوێ
بەبڕوای من، ئێستا پێویستە لەنێوان هەولێرو سلێمانی تەنها ڕێککەوتنێکی سیاسیی نوێ نەبێت، بەڵکو ڕێککەوتنێکی نوێی ئابورییو کۆمەڵایەتیش دروستبکرێت، ئەم ڕێککەوتنەش دەبێت پشت بەسێ بنەمای سەرەکی ببەستێت:
یەکەم: دابەشکردنی ڕونی دەسەڵاتە سیاسییەکان.
دوەم: بەڕێوەبردنی دادپەروەرانەو شەفافیهت لهسەرچاوە ئابورییەکان.
سێیەم: بەهێزکردنی بەستەری ناوچەکە بەتۆڕەکانی بازرگانیو وەبەرهێنان لەنێوان (تورکیا، عێراقو وڵاتانی کەنداو).
لەو وتارەی کە لەدهۆک پێشکەشیدەکەم، جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکەمەوە، جیۆپۆلیتیكی ئەمڕۆ تەنها بابەتی کۆنترۆڵکردنی خاکو سەرچاوەکان نییە؛ بەڵکو بابەتی توانای بەڕێوەبردنی متمانەپێکراوی جوڵەی وزە، سەرمایە، داتا، بازرگانیو گواستنەوەیە، کوردستانی عێراق لەخاڵی یەکگرتنەوەی هەموو ئەم جوڵانەدا هەڵکەوتوە.
نەوەی نوێی خێزانەکانی بارزانیو تاڵەبانی لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوییدان، یان دەتوانن بەدامەزراوەیەکی بەهێزتر ململانێی ڕابردوو تێپەڕێنن، یان دەبێت ڕوبەڕوی ئەنجامە ئابورییو سیاسییەکانی دابەشبونی زیاتر لەجوگرافیایەکی لەبنەڕەتدا بچوک ببنەوە، لەجیاتی ئەوەی سیستەمێک دروستبکرێت کە براوەکەی خێزانێک یان پارتێک بێت، دەبێت داهاتویەک بونیادبنرێت کە خەڵک براوەی سەرەکیی ئەوبێت، چونکە ئەم جوگرافیایە پێویستی بەسنوری نوێ نییە، بەڵکو پێویستی بەبیرکردنەوەیەکی هاوبەشی نوێیە.
پەیامی سەرەکیی من کە لەگەڵ خۆم بۆ دهۆک دەیبەم، ڕونە:
ئەوانەی نەتوانن نەوت، غازو ڕێگهکانی بازرگانی دابەشبکەن، ناتوانن خۆشگوزەرانیی داهاتوش دابەشبکەن، سەرکردایەتیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێت دەسەڵاتی ئێستای خۆی دابەشبکاتو ناوچەیەکی بەهێزتر لەوەی ئەمڕۆ بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێبهێڵێت.
