شارپرێس:
تۆڕێكی پەیوەندی زۆر نهێنیی و هەستیار كە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ كاروباری ناوخۆیی بەكاردەهێنرا تووشی گرفت و پچڕان بووە لە پەیوەندییەكاندا ئەوەش بەگوێرەی شەش سەرچاوە كە بۆ سی ئێن ئێن قسەیان كردووە.
تۆڕەكە كە بە NSANet ناسراوە، ڕێگە بە كارمەندانی دەزگاكە دەدات زانیاری و داتای نهێنی ئاڵوگۆڕ بكەن. سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەك نییە كە پچڕانەكە بەهۆی هێرشێكی ئەلیكترۆنیەوە بووە.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا سیستەمێكی تایبەتی بۆ گەڕانەوەی كارمەندان بۆ سەر كارەكانیان جێبەجێكردووە لەكاتێكدا كاردەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكە كە لەتۆڕی پەیوەندییەكاندا دروستبووە.
بەرپرسێكی ئێستا و بەرپرسێكی پێشووی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، پچڕانی NSANet كاریگەری لەسەر توانای ئاژانسەكە نابێت بۆ گەیاندنی زانیاری هەواڵگری بەپەلە بەدۆناڵد ترەمپ لە كاتی گەشتەكەیدا بۆ ئاسیا بە فڕۆكەی سەرۆكایەتیی.
تێكچوونی ئەم تۆڕی پەیوەندییەی ئاسایشی نەتەوەیی دوای دروستبوونی گرفت دێت لەسیستمی بانكی چەند بانكێكی گەورەی ئەمریكا و سیستمی خزمەتگوزاری فڕۆكەوانی وڵاتەكە كە لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە دەستیپێكردووە.
