تورکیا چۆڵكردنى سه‌ربازگه‌كه‌ى له‌موسڵ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌شنگاله‌وه‌

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2577 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای 11 ساڵ لەمانەوەی هێزەکانی لەباکوری موسڵ، باڵیۆزی تورکیا مەرجی چۆڵکردنی سەربازگەی باشیکی ئاشکراکردو ڕایگەیاند؛ ڕادەستکردنەوەی بنکەکە قۆناغ بەقۆناغ دەبێت‌و بەستراوەتەوە بەجێبەجێکردنی هەنگاوەکانی بەغدا لەشنگال، ئەمەش لەکاتێکدایە کە یەبەشەو عێراق بەفەرمی یەکگرتنیان ڕاگەیاندوە، دەشڵێت، "سەربازگەی باشیک بەیەکجار چۆڵناکەین".


ئانیل ئینان باڵیۆزی تورکیا لەعێراق، پەردەی لەسەر مەرجی وڵاتەکەی بۆ چۆڵکردن‌و ڕادەستکردنەوەی سەربازگەی (زێلكان له‌باشیک) لاداو ڕایگەیاند، پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی ئەو بنکە سەربازییە بەشێوەیەکی قۆناغبەندی دەبێت‌و بەتەواوی بەستراوەتەوە بەهەنگاوەکانی حکومەتی عێراق لەشنگال.

ئەم لێدوانەی باڵیۆزی تورکیا لەکاتێکدایە کە دۆسیەی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لەناوخاکی عێراق‌و پێشهاتە نوێیە ئەمنییەکانی شنگال، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانی نێوان بەغداو ئەنكەرەن.

ئانیل ئینان جەختیکردەوە، تورکیا ئامادەیە سەربازگەی باشیک ڕادەستی عێراق بکاتەوە، بەڵام ئەمکارە بەیەکجار نابێت؛ بەڵکو قۆناغ بەقۆناغ جێبەجێدەکرێت‌و بەندە بەوەی حکومەتی عێراق لەقەزای شنگال چ هەنگاوێکی کرداری دەنێت.

ئەم هەڵوێستەی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکانی شنگال، دوای ئەوەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) بەفەرمی ڕێککەوتن‌و تێکەڵبونیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا ڕاگەیاند.

ئەنكەرە ده‌ڵێت، "لەنزیکەوە چاودێریی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەو سەپاندنی دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەتی عێراق دەکه‌ین لەشنگال، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لەباشیک".

سەربازگەی باشیک (کە بەسەربازگەی زێلکانیش ناسراوە) دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ‌و تەنها 12 کیلۆمەتر لەسەنتەری شارەکەوە دورە، سوپای تورکیا لەکۆتاییەکانی ساڵی 2015و لەسەردەمی شەڕی دژی داعشدا بەبیانوی مەشقپێکردنی هێزە ناوخۆییەکان لەو سەربازگەیەدا جێگیربوو.

لەماوەی 11 ساڵی ڕابردودا، مانەوەی هێزەکانی تورکیا لەباشیک بەردەوام جێگەی ناڕەزایەتیی عێراق بوەو بەغدا بەپێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی ناوی بردوە، لەبەرامبەریشدا تورکیا مانەوەی خۆی بەپاراستنی ئاسایشی سنورەکانیەوە بەستوەتەوە.