شارپرێس:
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەبێ ئەوەی بگەنە ڕێككەوتن لەسەر پرسی جورف سەخر كۆتایی هات، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ناكۆكی لەسەر وادەی چۆڵكردنی قەزاكە و بژاردەی سەربازی پێشنیاركراو هەبووە.
سەرچاوەیەك ڕایگەیاند، عەلی زەیدی لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتیكردووەتەوە لەسەر بژاردەی كۆنترۆڵكردنی تەواوی شارۆچكەكەو بۆ ئامادەبووان جەختی لەوە كردەوە كە ئەو وادەیە ئێوارەی هەینی بەبێ درێژكردنەوە كۆتایی دێت، هەروەها هێزە سەربازییەكان بە تەواوی ئامادەكارییان كردووە بۆ دەستپێكردنی هێرش.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵوێستی زەیدی ناڕەزایی بەشێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی لێكەوتەوە، كە هۆشدارییان داوە لە مەترسییەكانی پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی و كاردانەوەی ئەگەری لەسەر دۆخی ئەمنی چەند شارێك.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، زەیدی سەرەڕای هۆشدارییەكان پێداگری لەسەر هەڵوێستەكەی كردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دەمەقاڵە و ناكۆكی زۆر لەناو كۆبوونەوەكەدا بەتایبەتی لەنێوان زەیدی و هادی عامری، سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر. دواتر سەرۆكی حكومەت كۆبوونەوەكەی بەجێهێشتووە، لەكاتێكدا سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی مانەوە بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ چارەسەر و ڕێككەوتنێك لەسەر ئەو بابەتە.
