شارپرێس:
تەنها دوو ڕۆژ دوای هەڵبژاردنی قەحتان وەنداوی کاندیدی بەرەی تورکمانی
وەک پارێزگاری کەرکوک، زانیارییەکان ئاشکرایدەکەن، وەنداوی تەنها بۆ ماوەی 43 ڕۆژی
دیکە (واته مانگێکو 15 ڕۆژ) لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە، بهگوێرهى ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی
پۆستەکان لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکەدا، لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا پارێزگارێکی دیکە
بۆ کەرکوک هەڵدەبژێردرێتو نەخشەی دابەشکردنی دەسەڵات لەپارێزگاکەدا بەتەواوی دەگۆڕێت.
بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی لەنێوان لایەنەکانی کەرکوکدا کراوە،
بڕیارە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی 2027دا، ئاڵوگۆڕ لەزۆربەی پۆستە باڵاکانی پارێزگاکەدا
بکرێت، بهشێوهیهك پشکی عەرەب بریتى دهبێت لهپۆستی پارێزگاری کەرکوکو ههروهها
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، پشکی کوردیش پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو فەرماندەی
پۆلیسی شارەکە دهبێت، ههروهها پشکی تورکمان-یش پۆستی جێگرێکی پارێزگارو قائیمقامی
ناوەندی کەرکوکه.
سەرکردەکانی بەرەی تورکمانی وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بۆ ئەو ماوە کەمە
بەمافی نەتەوەکەیان دەزاننو دڵنیایی دەدەن، لەوادەی دیاریکراودا پۆستەکە ڕادەستدەکەنەوە،
قەحتان وەنداوی دوای هەڵبژاردنی وهك پارێزگارى نوێ وتى، "کەرکوک ئەمانەتو بەرپرسیارێتییەو
وەک یەک تیم لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن، پەرلەمانتارانو وەزیرە کەرکوکییەکان کاردەکەین".
محەمەد سەمعان سەرۆکی بەرەی تورکمانی-ش جهختیكردهوه، "پابەندین
بەوکاتەی بۆمان دیاریکراوەو لەدوای سەری ساڵیشهوه، برایانی عەرەب کاندیدی خۆیان
دەهێننو لەکۆبونەوەیەکدا، پۆستى پارێزگارى كهركوكیان ڕادەستدەکەین".
زاهیر ئەنوەر عاسی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لەفراکسیۆنی عەرەبی
ئاشکرایکردوه، لە دانوستاندنەکاندا گەیشتونەتە ئەنجامو هیچ کێشەیەک لەتەواوکردنی
پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکەدا دروستنابێت.
سەرەڕای بەردەوامیی ڕێککەوتنەکە، ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا
لەپێکهاتە جیاوازەکان بەتوندی دژی ئەو شێوازە وەستاونەتەوەو بەزیانبەخش بۆ شارەکە
ناوی دەبەن، ڕەعد ساڵح لهفراکسیۆنی عەرەبی پێیوایه، ئەم سیستمە شکستخواردوترین پڕۆژەیه
لەکەرکوکو بەهۆی ئاڵوگۆڕی بەردەوامەوە زیانی گەورەی بەخەڵکی شارەکە گەیاندوە.
لاى خۆیشیهوه حەسەن مەجید لهفراکسیۆنی پارتی بۆ میدیاى نزیك لهحزبهكهى
قسهیكردوهو جەختیكردوهتهوه، "سیستەمی دەستاودەستکردنی پۆستەکان سەرکەوتونەبوەو
نەیتوانیوە وەک پێویست خزمەت بەدانیشتوانی کەرکوک بکات".
