له‌به‌ر ئیسرائیل به‌حره‌ین شاعیرێكى ناسراوى وڵاته‌كه‌ى خۆى 15 ساڵ زیندانیده‌كات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1205 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەسەڵاتدارانی دادوەریی بەحرەین سزای 15 ساڵ زیندانییان بەسەر شاعیری ناسراوی وڵاتەکە، مەهدی سەهواندا سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی ناوەڕۆکی یەکێک لەهۆنراوەکانی بەدژایەتیکردنی باڵیۆزی ئیسرائیل لەمەنامە تۆمەتبارکرا.


دادگای بەحرەین ئەم حوکمە قورسەی دوای ئەوە دەرکرد کە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە ناوەڕۆکی هۆنراوەیەکی سەهوانیان بەدژایەتیکردن‌و هێرشکردنەسەر باڵیۆزی ئیسرائیل لەبەحرەین گرێدایەوە.

مەهدی سەهوان کێیە؟
مەهدی سەهوان یەکێکە لەشاعیره‌ زۆر ناسراوو دیارەکانی بەحرەین کە ناوبانگێکی زۆری هەیە بەهۆی بەشداریکردنی بەردەوامی لەبۆنەو مەراسیمە ئایینی‌و جەماوەرییەکانداو دەرچونی ئەم سزایەش کاردانەوەی فراوانی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتوەتەوە.

دەسەڵاتدارانی بەحرەین دەقی ئەو شیعرەیان بڵاونەکردوەتەوەو بەفەرمی ئاشکرایان نەکردوە کە مەهدی سەهوان بەدیاریکراوی چ وشە یان دێڕێکی دژی باڵیۆزی ئیسرائیل وتوە.

چه‌ند زانیارییه‌ك باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، لەبڕیارە دادوەرییەکەو هەواڵە بڵاوکراوەکانی میدیا عەرەبی‌و بەحرەینییەکاندا، تەنها ئاماژە بەوەکراوە، سزاکە بەهۆی (ناوەڕۆکی شیعرێک)ه‌وه‌ بوە کە تێیدا هێرشکراوەتەسەر باڵیۆزی ئیسرائیل لەمەنامەو دژایەتیکراوە، بەڵام هیچ دێڕێکی شیعرەکە وەک بەڵگە بڵاونەکراوەتەوە.

مەهدی سەهوان لەبۆنە ئایینی‌و جەماوەرییەکانی بەحرەیندا بەوە ناسراوە، بەردەوام لەڕێگەی شیعرو سرودەکانییەوە هەڵوێستی سیاسیی‌و پشتیوانی بۆ فەڵەستین‌و دژایەتیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل دەردەبڕێت، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی دادگا دۆسیەکە وەک تێکدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان‌و سوکایەتیکردن بەنوێنەری وڵاتێکی بیانی هەژماربکات.