دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندیی هەرێم بڕیاریداو دوو سکاڵای بەغدای بۆ هەڵوەشاندنەوەی موڵکداریی حکومەتی هەرێم ڕەتکردەوە

کوردستان

31 خولەک پێش ئێستا‌ 2157 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبڕیارێکی یەکلاکەرەوەداو بەپشتبەستن بەمادەی 141ى دەستور، دوو سکاڵای دامەزراوەکانی بەغدای بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆمارکردنی موڵک‌و ماڵی دەوڵەت بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پوچەڵکردەوەو موڵکداریی هەرێمی پاراست.


ئەیاد کاکەیی پارێزەری حکومەتی هەرێم وردەکاریی بڕیارەکەو بنەما دەستورییەکانی ئاشکراکردو وتویه‌تى، "دادگای باڵای فیدراڵی لەبڕیارەکەیدا پشتی بەمادەی 141ی دەستوری عێراق بەستوە کە ڕەوایی یاسایی‌و دەستوریی بەتەواوی ئەو یاسا، بڕیارو حوکمانەی پەرلەمان، حکومەت‌و دادگاکانی هەرێم بەخشیوە کە لەدوای ساڵی 1992وە دەرچون".

به‌گوێره‌ى ڕوونکردنەوەى پارێزەره‌كه‌ى حکومەتی هەرێم، بەهۆی ئەو پارێزبەندییە دەستورییەوە، هیچ یاساو دادگایەک ناتوانێت بڕیارەکانی دوای ساڵی 1992 هەڵبوەشێنێتەوەو موڵکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر پاراستنی تەواوی دەستوردان.

ده‌شڵێت، "سکاڵای یەکەم (ژمارە 247) لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خانەنشینی‌و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی عێراقەوە دژی سەرۆکی حکومەت‌و وەزیری دارایی‌و ئابوریی هەرێم تۆمارکرابوو، سکاڵاکار داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کارگێڕیی ژمارە 3326ی ساڵی 1992ی كردبوو کە سەرجەم موڵکە حکومییەکانی خستبوە سەر وەزارەتی دارایی هەرێم؛ دادگای فیدراڵیش ئەم سکاڵایەی بەتەواوی پوچەڵکردەوە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "سکاڵای دوەمیش (ژمارە 251) لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی دڵنیاییی عێراقییەوە دژی سەرۆکی حکومەت‌و وەزیری دادی هەرێم تۆمارکرابوو کە تێیدا داوای بەنادەستوری ناساندنی هەمان بڕیارو گەڕاندنەوەی موڵکەکان یان قەرەبوکردنەوەی دەکرد؛ دادگاکە بەهۆی نەبونی پسپۆڕیی یاسایی خۆی لەو پرسەدا، ئەم سکاڵایەشی ڕەتکردەوە".

به‌گوێره‌ى وته‌ى كاكه‌یى، "بڕیاری ژمارە 3326 کە لە 24ی تشرینی دوەمی 1992 لەسەرەتای کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچوە، یەکێکە لەبڕیارە بنەڕەتییەکان کە تەواوی باڵەخانە، زەوی‌و موڵکە گشتییەکانی دەوڵەتی لەپارێزگاکانی هەرێم خستەسەر وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی هەرێم‌و بەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، سەرجەم ئەو موڵکانە وەک خاوەندارێتیی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان مانەوە".

بەپەلە