کەرکوک پارێزگارێكى نوێى هه‌ڵبژارد

کوردستان

31 خولەک پێش ئێستا‌ 2415 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەمڕۆ شەممە دەنگیدا بەهەڵبژاردنی محەمەد قەحتان ئەلوەنداوی وەک پارێزگاری نوێی شارەکە، لەجێگەی پارێزگاری پێشوو محەمەد سەمعان ئاغا.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، ئەنجومەنى پارێزگاى كه‌ركوك بەزۆرینەی دەنگ متمانەی بەخشییە ئەلوەنداوی، به‌شێوه‌یه‌ك لەکۆی 15 ئەندامی ئەنجومەن، 14 ئەندام دەنگیان بەهەڵبژاردنی پارێزگارە نوێیەکە داوە.

پێشتر ئەنجومەنی پارێزگا دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجامدا کە تێیدا دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد سەمعان ئاغا پارێزگاری پێشوو پەسەندکراو دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ کرایەوە.

دوای زنجیرەیەک دواخستن کە دوایینجار چوارشەممەی ڕابردوبوو، ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی 28ی تشرینی یەکەمی محەمەد سەمعان ئاغا بوو کە ڕایگەیاندبوو پابەندە بەڕێککەوتنی دەستاودەستکردنی پۆستەکە لەنێوان پێکهاتەکانداو ئامادەیە دەستلەکاربکێشێتەوە بۆ ئەوەی کاندیدێکی تورکمان جێگەی بگرێتەوە.

ئەم دەنگدانە سەرباری ئەوە بەڕێوەچوو، سێشەممەی ڕابردوو سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاشکرایکردبوو، قەیس خەزعه‌لی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق هاتوەتەسەر هێڵی گفتوگۆکان‌و پێداگریکردوە لەسەر پێدانی پۆستەکە بەکەسایەتییەکی شیعەى توركمان به‌گوێره‌ى لێکتێگەیشتنێکی پێشوو لەگەڵ سەمعان ئاغا.

ناکۆکییەکانی تایبەت بەبەڕێوەبردنی کەرکوک دەگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنە سیاسییەکەی 10ی ئابی 2024 لەهۆتێل ڕەشیدی بەغدا کە تێیدا ڕێبوار تەها لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک پارێزگار هەڵبژێردرا لەنێو بایکۆتی پارتی، تورکمان‌و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبدا، بەمەرجی ئەوەی لە قۆناغەکانی داهاتودا پۆستەکە لەنێوان پێکهاتەکاندا دەستاودەستبکرێت.