شارپرێس:
دانانی لەیس خەزعهلی برای قەیس خەزعهلی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی
حەق، وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕەزامەندیی واشنتۆن، مشتومڕێکی گەورەی لەناوەندە
سیاسییەکاندا دروستکردوە، ڕاپۆرتێکی نوێی ماڵپەڕی (ئەمواج)ی بەریتانی زانیاریى لهبارهى
نهێنییەکانی پشت ئەم وەرچەرخانە ئەمریکییە لادەداتو بەراوردی دەکات بەگۆڕانی خێرای
ئەحمەد شەرع لەسەرکردەیەکی داواکراوی قاعیدەوە بۆ سەرۆکێکی پێشوازیلێکراو لەکۆشکی
سپی.
بهگوێرهى ڕاپۆرتە بەریتانییەکە، هەوڵەکانی قەیس خەزعلی بۆ سەرکردایەتیکردنی
ماڵی شیعە لەدوای هاوینی ساڵی 2023وە قۆناغێکی نوێی بەخۆیەوە بینی، سەرەڕای ئەوەی
لەسەردانەکەی بۆ تاران لەتشرینی یەکەمی 2024دا لەڕیزی پشتەوەی خامنەیی نوێژی کرد،
بەڵام خەزعهلی بەزیرەکیی، گروپەکەی لەهێرشەکانی یەکگرتنی بەرەکان دژی ئەمریکاو ئیسرائیل
لەشەڕی غەززەدا بەدورگرت.
ڕۆژى 2ی حوزەیرانى ئهمساڵ، کەمتر لەهەفتەیەک دوای هەنگاوەکەی موقتەدا
سەدر، عەسائیبی ئەهلی حەق کشانەوەی خۆی لەحەشدی شەعبیو پەیوەندیکردنی بەهێزە چەکدارەکانی
دەوڵەتەوە ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوەش بوە باشترین بیانوو بەدەست نێوەندگیرە عێراقییەکانەوە
(بەتایبەت عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانو فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی)
تا لەکاتی سەردانەکەی زەیدیی بۆ واشنتۆن لەمانگی ئەیلولدا، ئیدارەی ترەمپ ڕازیبکەن
کە پاداشتی ئەو گروپانە بداتەوە کە بەرەو چەکداماڵین هەنگاودەنێن.
لە 15ی تشرینی یەکەمدا، لەیس خەزعهلی وەک جێگری سەرۆک وەزیران دەستبەکاربوو؛
ئەمەش وایکرد لەبەغدا دەنگۆی جێبەجێکردنی سیناریۆی شەرع بڵاوببێتەوە، بەڵام ڤیکتۆریا
تایلۆر بەرپرسی پێشوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جیاوازییە جەوهەرییەکانی نێوان ئەم
دوو کەسایەتییە دەخاتەڕوو دهڵێت، "ئەحمەد شەرع خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهای سوریا
بوو، پشتیوانیی بەهێزی تورکیاو سعودیەی هەبوو و دەستبەجێ پهیوەندییەکانی لەگەڵ
تاران بڕیی؛ لەکاتێکدا عەسائیبی ئەهلی حەق هیچ هاوپەیمانێکی هەرێمیی نزیک لەواشنتۆنی
نییەو هێشتا بەشێکە لەتۆڕی دارایی ئێران".
دهشڵێت، "بەهۆی ئەوەی هەردوو براکەی خەزعهلیو گروپەکەیان لەلیستی
تیرۆری ئەمریکادان، حکومەتی واشنتۆن بهگوێرهى یاسا ناتوانێت مامەڵەی ڕاستەوخۆو
دارایی لەگەڵ لەیس خەزعهلیدا بکات، هەروەک چۆن تائێستا هیچ بەرپرسێکی ئەمریکی لەگەڵیدا
کۆنەبوەتەوە".
لەهیب هیگڵ توێژەر لەگرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان-یش پێیوایە، چهندین
دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەپشت پەردەوە بەرهەمی هەبوە بۆ خەزعهلی، بەڵام چاودێران دەڵێن
عەسائیب بەوریاییەوە مامەڵەیکردوەو هێشتا دەستی بەبەشێک لەچەکەکانییەوە گرتوە.
لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکە هۆشداریدەدات، گەورەترین مەترسی لەسەر داهاتوی
سیاسیی خەزعهلی، هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانە لەنێوان ئەمریکاو ئێران؛ چونکە لەحاڵەتێکی
وادا ئەستەمە گروپەکانی مقاوەمە ــ تەنانەت ئەوانەش کە چونەتە ناو حکومەتەوە،
بتوانن لەپەراوێزدا بمێننەوەو بێلایەن بن.
