شارپرێس:
فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە ـ YBŞ)،
بەبۆنەی تێپەڕبونی 11 ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شنگال لەدەستی گروپى تیرۆریستیی داعش،
بەیاننامەیەکی گرنگی بڵاوکردەوە، لەبەیاننامەکەدا جەختکراوەتەوە، ئەمڕۆژە سەرکەوتنی
ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی بوو بەسەر تاریکیو تیرۆردا، هاوکات پەیامێکی ڕونیش سەبارەت
بەداهاتوی ئەمنیو سیاسیی دەڤەرەکە ئاڕاستە کراوە.
پاراستنی دەستکەوتەکانو ڕوبەڕوبونەوەی دەستوەردانی دەرەکی
فەرماندەیی (یەبەشە) دوپاتیکردوهتهوه، پاراستنی سەرکەوتنەکانو
دورخستنەوەی شنگال لەناسەقامگیرییو دەستوەردانە دەرەکییەکان، بەرپرسیارێتییەکی
گشتییو هاوبەشە، هاوکات داوای لەکۆمەڵگەی ئێزدی کردوه، یەکڕیزیی ناوخۆیی بونیادبنێنو
بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمەڵگە بخەنە پێش بەرژەوەندییە تەسکەکانو ڕێگەنەدەن جیاوازییە
فیکرییەکان ببنە هۆکاری پەرتەوازەییو دابەشبون.
پابەندبون بەیەکپارچەیی عێراقو تایبەتمەندیی شنگال
لەبەشێکی دیكهى بەیاننامەکەدا، یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال پابەندبونی
خۆی بەیەکپارچەیی خاکو سەروەریی عێراق ڕاگهیاندوهو جەختیكردوهتهوه، لەسەر
کارکردن بۆ ئەوەی شنگال ببێتە بەشێکی کاراو ئارام لەعێراقدا، بەمەرجێک تایبەتمەندیی
کۆمەڵگەی ئێزدی، مافە یاساییەکانیو ئیرادەی خەڵکەکەی بەتەواوی پارێزراوبێت.
بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانو پەیامی وەفاداریی
لەدەستپێکو کۆتایی بەیاننامەکەدا، یادی سەرجەم شەهیدانی بەرخۆدانی ئێزدی
بەرز ڕاگیراوه، لەپێش هەمویانەوە فەرماندە (سەعید حەسەن، مام زەکی، دلشێر، عەگید،
میدیا، نوژین، بەرڤین، زەردەشتو دژوار)، هەروەها وێڕای پیرۆزبایی لەخانەوادەو دایکانی
شەهیدانو ئاڕاستەکردنی سڵاو بۆ عهبدوڵڵا ئۆجهلان (ئاپۆ)و هەموو ئەو لایەنانەی
پشتیوانیی شنگالیان کرد، بەڵێن دوپاتكراوهتهوه، "شنگال بەئیرادەی خۆی
ئازاد بمێنێتەوەو وەفاداربێت بۆ خوێنی ڕۆڵەکانی".
قەزای شنگال لهدهشتى نهینهوا، لەڕۆژى 3ى ئابی 2014دا ڕوبەڕوی هێرشێکی
دڕندانەی گروپى تیرۆریستیی داعش بوەوە، بههۆیهوه کۆمەڵکوژییەکی گەورە دژی پێکهاتەی
ئێزدی ئەنجامدراو هەزاران کەس شەهیدو بێسەروشوێنکرانو سەدان هەزاری دیکەش ئاوارەبون؛
دواتر لەڕێگەی هێرشێکی هاوبەشو بەرخۆدانی هێزە کوردستانییەکان (پێشمەرگە، یەپەگە،
هەپەگەو یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال)و بەپاڵپشتیی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی،
لەڕۆژى 13ى تشرینی دوەمی 2015دا توانرا شنگال بەتەواوی لەتیرۆریستانی داعش پاكبكرێتهوه.
