شارپرێس:
لەکاتێکدا هێشتا بەشێک لەموچەخۆرانی هەرێم بەهۆی کێشەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی
پارە (ATM)و
دابەشنەکردنی موچەی گرێبەستەکانەوە چاوەڕێی شایستەکانی مانگی تشرینی یەکەمن، ئاماژەکان
لەبەغداوە باس لەپێشخستنی وادەی خەرجکردنی موچەی مانگی تشرینی دوەم (مانگى 11) دەکەن.
پرۆسەی دابەشکردنی موچەی مانگی تشرینی یەکەم کۆتاییهات، بەڵام بەهۆی
نەبونی پارهى پێویست لەبەشێک لەئامێرەکانی (ATM)دا،
ژمارەیەک لەفەرمانبەران هێشتا موچەکانیان وەرنەگرتوە، هاوکات موچەی فەرمانبەرانی
گرێبەستیش تائێستا خەرجنەکراوە.
بهگوێرهى زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان لەبەغداوە، ڕۆژی یەکشەممە دەست
بەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی تەمویل زاتی دەکرێت، ئەو فەرمانبەرانی موچەیان لەسەر
وەزارەتو فەرمانگەو کۆمپانیاکانیانە، پرۆسەکە چەند ڕۆژێک دەخایەنێتو یەکەمجاریش
فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانیی موچە وەردەگرن.
هەمان سەرچاوە ئاشکرایکردوە، بەراورد بەمانگی ڕابردوو، وادەی خەرجکردنی
موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێک پێشدەخرێتو پێشبینیدەکرێت لەکۆتایی
ئهم مانگه یان سەرەتای مانگی 12دا خەرجبکرێت.
بهگوێرهى زانیاریی سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم وەزارەتەکان
دەستیان بەتۆمارکردنی زانیارییەکانیان لەسیستەمی ناوەندیی موچە (پەیڕۆڵ) کردوە،
چاوەڕواندەکرێت لەناوەڕاست یان کۆتایی هەفتەی داهاتودا لیستەکان دوای وردبینی ڕەوانەی
وەزارەتی دارایی عێراق بکرێن.
وەزارەتی داراییو ئابوریی ههرێمیش لیستی موچەو میزان موراجەعە، ڕاپۆرتی
خەرجیو داهاتەکانی حکومەتی ئامادەکردوە، تەنها وردبینی ماوەو ناوەڕاستی هەفتەی
داهاتوو تەواو دەبێت، بڕیارە هەر هەفتەی داهاتوو بۆ بەغدا بنێردرێن.
کۆی گشتیی موچەی موچەخۆرانی هەرێم 954 ملیار دینارە، دوای لێبڕینی بڕی
120 ملیار دینار وەک پشکی خەزێنەی فیدراڵی لەداهاتی ناوخۆی هەرێم (بەشێوازی مقاسە)،
چاوەڕواندەکرێت بەغدا بڕی نێوان 830 بۆ 850 ملیار دینار بخاتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی
دارایی هەرێم.
وەزارەتی دارایی هەرێم هەوڵدەدات پرۆسەی موچەی مانگی 11 بەخێرایی تەواوبکات،
تاوەکو پێش 20ی مانگی 12 (کە وادەی داخستنی هەژمارە داراییەکانی ساڵە لەعێراق)
بتوانێت لیستی موچەی مانگی 12ش بنێرێتو هیچ موچەیەکی فەرمانبەران نەفەوتێت.
