شارپرێس:
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دوێنێ هەینی، هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە
سەبارەت بەبونی هەوڵی خۆناساندن بەناوی کەسایەتییەکی دادوەرییەوە لەڕێگەی پەیوەندیی
تەلەفۆنیو نامەی ساختەوە کە بۆ ژمارەیەک بەرپرسی سیاسییو جێبەجێکار نێردراون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،
لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچونی چڕدەکەن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەوکەسەی لەپشت
ئەم پەیوەندییو نامانەوەیە.
ئەنجومەنەکە ئاشکرایکردوە، لەڕۆژانی ڕابردودا، چەندین پەیوەندییو
نامە تۆمارکراون کە گەیشتونەتە دەستی ژمارەیەک بەرپرسو کەسایەتیی سیاسییو وا نیشاندراون
کە لەلایەن بەرپرسێکی دادوەرییەوە دەرچون، بەڵام دوای بەدواداچون دەرکەوتوە کە سەرجەمیان
ساختەنو هیچ بنەمایەکیان نییە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری جەختیکردوەتەوە، پێویستە بەرپرسانو دەزگا فەرمییەکان
زۆر وریابنو بەهیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو داواکارییو زانیارییانەدا نەکەن کە
بەناوی کەسایەتییە دادوەرییەکانەوە دەگەنە دەستیان، تاوەکو لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە
لەڕاستیی سەرچاوەکەی دڵنیا دەبنەوە.
هەرچەندە بەیاننامەکە ناوی ئەوکەسایەتییە دادوەرییەی ئاشکرانەکردوە کە
ناوی بەکارهێنراوە، هەروەها هیچ ئاماژەیەکی بەبونی هەوڵی هەڕەشەکردن بۆ سەرانە وەرگرتن،
داواکاریی دارایی یان دەستوەردان لەدۆسیە دادوەرییەکاندا نەداوە؛ بەڵام ئەم ڕوداوە
پرسیاری زۆری لەسەر ئامانجی پشت بەکارهێنانی ناوی دەسەڵاتی دادوەری بۆ چەواشەکردنی
بەرپرسانی دەوڵەت دروستکردوە.
لەئێستادا دەزگا تایبەتمەندەکان بەردەوامن لەبەدواداچون بۆ دۆزینەوەی
ژمارە تەلەفۆنو ئامرازە ئەلیکترۆنییە بەکارهاتوەکان، تاوەکو ڕون ببێتەوە کە ئایا
ئەم کارە هەوڵێکی تاکەکەسییە یان تۆڕێکی فراوانتر لەپشتیەوەیەتی.
