لوتکەیەکی مێژویی لەنێوان ترەمپ، پوتن‌و شی جینپینگ؛ سەرکردەی سێ زلهێزە ئەتۆمییەکەی جیهان لەچین کۆدەبنەوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1842 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆشکی سپی بەفەرمی ئەنجامدانی لوتکەیەکی سێقۆڵیی مێژویی‌و بێپێشینەی ڕاگەیاند کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لەشاری شێنجنی وڵاتی چین، هەریەک لەدۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، شی جینپینگ سەرۆکی چین‌و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا کۆبکاتەوە.

 

به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، سەرکردەی ئەم سێ زلهێزە ئەتۆمییە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و پرسی چەکی ئەتۆمی تاووتوێدەکەن، بەبێئەوەی بچنە ناو وردەکاریی ململانێکانی ئۆکرانیاوە.

ئەم لوتکە چاوەڕوانکراوە کە چەند هەفتەیەکە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت، لەپەراوێزی کۆبونەوەی کۆڕبەندی هاوکاریی ئابوریی ئاسیاو زەریای هێمن (ئەپیک - APEC) لەشاری شێنجنی چین بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای ڕاگەیاندنی فەرمیی واشنتۆن، تائێستا پەکین‌و مۆسکۆ بەفەرمی بەڕێوەچونی دیدارەکەیان پشتڕاستنەکردوەتەوەو لەهەفتەکانی ڕابردودا تەنها ئاماژەیان بەبونی ڕاوێژ لەوبارەیەوە کردبوو، هەرچەندە شارەزایان بەدوریدەزانن لوتکەکە ڕێککەوتنی گەورەی لێبکەوێتەوە، بەڵام کۆبونەوەی ڕاستەوخۆی سەرکردەی ئەمریکا، چین‌و ڕوسیا بۆ یەکەمجار، بەڕوداوێکی مێژویی دادەنرێت.

ئۆلیڤیا وێڵز وتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ لەکۆبونەوەکەدا (پرسی کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەجیهاندا) دەخاتە بەرباس، چونکە پێیوایە، بڵاوبونەوەی ئەو چەکانە مەترسییەکی یەکجار گەورەیە.

هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاندوە، ترەمپ بەنیازە لەم کۆبونەوە سێقۆڵییەدا دۆسیەی ئێران‌و جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ سەرۆکه‌كانی چین‌و ڕوسیا تاووتوێبکات.

سەبارەت بەدورخستنەوەی پرسی ئۆکرانیا لەئەجێندای لوتکەکە، بەرپرسە ئەمریکییەکە ڕونیکردەوە، واشنتۆن ڕێڕەوێکی تەواو جیاوازی هەیە بۆ دانوستان لەگەڵ کیێڤ‌و مۆسکۆ بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەجەنگ، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو گفتوگۆیانەی لەڕۆژانی ڕابردودا هەردوو نێردەی ئەمریکی (ستیڤ ویتکۆف‌و جارێد کۆشنەر) لەگەڵ پوتن‌و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەنجامیانداوە.

بەرپرسەکە وتویه‌تى، "چین لەڕاستیدا بەشێک نییە لەم ڕێڕەوەی دانوستانە، بۆیە گونجاو نییە لەوێ گفتوگۆ لەسەر ئۆکرانیا بکرێت"، ئەم لێدوانانە دڵنیایی دەدەنە ئۆکرانیاو وڵاتانی ئەوروپا کە واشنتۆن دۆسیەکە بەبێ بەشداریی ئەوان یەکلاناکاتەوە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکردبوو، پوتن بیرۆکەی ئەم لوتکە سێقۆڵییەی خستوەتەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکرانیا بەبێ بەشداریی کیێڤ‌و ئەوروپییەکان.

بەپەلە