شارپرێس:
هاوسەرۆكی دەم پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری ئەنتاڵیا، ڕایگەیاند: "لە ئێستادا كە لە توركیا باس لە پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك دەكەین و چەكەكان بێدەنگ بوون، دەبینین سەرمایەداری بە خێراییەكی زۆر ڕوو لە شارە كوردییەكان دەكات و سروشتەكەی تاڵان دەكات."
تولای حاتەم ئۆغوللاری دەڵێت "دەسەڵات و سەرمایەداران دەیانەوێت ئەو وێرانكارییە ژینگەییەی لە ناوچەكانی ئیجە، دەریای ڕەش و دەریای سپی ئەنجامیان داوە، بە شێوەیەیەكی چڕتر لە شارە كوردییەكاندا دووبارەی بكەنەوە".
دەشڵێت، خاك، دارستان و كوێستانەكان بۆ گەل تەنیا كاڵا نین، بەڵكو بەشێكی ڕاستەوخۆن لە ژیان و ناسنامەیان، بەڵام سیستەمی سەرمایەداری دەیەوێت لە ڕێگەی یاسای ژمارە ٧٥٥٤ (كە بە یاسای تاڵان ناوی برد) خەڵك لە ژینگەكەیان داببڕێت.