نووسین و ئامادەكردنی مافناس و توێژەر:
ئارام حاجی
پێشەکی:
دەستووری هەمیشەیی (ساڵی ٢٠٠٥) لە دەروازەی پێنجەم تایبەت بە (دەسەڵاتی هەرێمەکان) بە وردی حوکم و ڕێکارەکانی پەیوەست بە سیستەمی فیدراڵی،و پێکهێنانی هەرێمە نوێیەکان، و دەسەڵاتی پارێزگاکانی ڕێکخستووە، کە گرنگترین ماددە و حوکمە دەستوورییەکان بەمشێوەیەن:
یەکەم: هەرێمە دانپێدانراوەکان و مافی پێکهێنانی هەرێمی نوێ بەپێی (ماددەکانی ١١٦ و ١١٧):
١.پێکهاتەی سیستەمی فیدراڵی بەپێی (ماددەی ١١٦):
سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا پێکدێت لە پایتەخت،و هەرێمەکان،و پارێزگا لامەرکەزییەکان، و ئیدارە خۆجێییەکان.
٢.داننان بە هەرێمی کوردستاندا (ماددەی ١١٧ - بڕگەی یەکەم):
ئەم دەستوورە لە بەرواری پیادەكردنیەوە دان بە هەرێمی كوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەنێت وەك هەرێمێكی فیدرالی.
٣.هەرێمە نوێیەکان بەپێی (ماددەی ١١٧ - بڕگەی دووەم):
ئەم دەستوورە دان بەو هەرێمە نوێیانەدا دەنێت، كە بە گوێرەی بڕگەكانی دەستوور دادەمەزرێنرێن.
دووەم: میکانیزمی پێکهێنانی هەرێمە نوێیەکان بەپێی (ماددەی ١١٨ و ١١٩):
١.یاسای ڕێکارەکان بەپێی (ماددەی ١١٨):
دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەماوەیەكی دیاریكراودا بەمەرجێك شەش مانگ زیاتر تێنەپەڕیبێت بەسەر یەكەم دانیشتنیدا، بە زۆرینەی سادە یاسایەك دەربكات بۆ دیاریكردنی ئەو ڕێوشوێنە جێبەجێكاریانەی تایبەتن بە پێكهێنانی هەرێمەكانەوە. (کە دواتر بە یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٨)ناسێندرا.
٢.مەرج و چۆنیەتی پێکهێنانی هەرێم بەپێی (ماددەی ١١٩):
پارێزگایەك یان زیاتر مافی پێكهێنانی هەرێمێكیان هەیە بەپشتبەستن بە داواكاریەك بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەری. داواكاریەكە بەیەكێك لەم دوو ڕێگایەی خوارەوە پێشكەش دەكرێت:
أ /لەسەر داواكاری سێیەكی(٣/١ ) ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن.
ب /لەسەر داواكاری دەیەكی (١٠/١) دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن.
سێیەم: دەسەڵاتەکانی هەرێم و پەیوەندی لەگەڵ بەغداد بەپێی (ماددەکانی ١٢٠ و ١٢١):
١.دەستووری هەرێم بەپێی (ماددەی ١٢٠):
هەرێم دەستوورێك بۆخۆی دادەڕێژێت، هەرەمی دەسەڵاتەكانی هەرێم و میكانیزمی بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە دیاریدەكات بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوورەدا.
٢.دەسەڵاتە تایبەتەکان بەپێی (ماددەی ١٢١):
یەكەم: دەسەڵاتی هەرێمەكان مافی پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادوەریان هەیە بەگوێرەی ئەم دەستوورە جگەلەو دەسەڵاتانەی كەتایبەتن بە حكومەتی فیدرالیەوە.
دووەم: حكومەتی هەرێم مافی هەمواركردنی جێبەجێكردنی یاسای فیدرالی لە هەرێمەكەدا هەیە ئەگەر ناكۆكی یان دژیەك لەنێوان یاسای فیدرالی و یاسای هەرێمدا هەبوو لەسەر بابەتێك كە لە سنووری ئەو دەسەڵاتانەدا نەبێت كە تایبەتن بە حكومەتی فیدرالی.
سێیەم:دەبێت لەو داهاتانەی لە حكومەتی فیدرالیدا بەدەست دەهێنرێت پشكێكی گونجاو بۆ هەرێمەكان تەرخان بكرێت كە بەشی هەستان بە ئەركەكانی بكات بە لەبەرچاوگرتنی داهات و پێویستیەكانی و ڕێژەی دانیشتوانیشی.
چوارم: نووسینگەی تایبەت بە هەرێم و پارێزگاكان دەكرێتەوە لە باڵوێزخانەو نێردە دبلۆماسیەكاندا بەمەبەستی بەدواداچوونی كاروباری ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و گەشەپێدان.
پێنجەم: هەرچی پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی هەرێمەوە هەیە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە بەتایبەتی پێكهێنان و ڕێكخستنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم وەك پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم.
چوارەم: ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێکدا ڕێکنەخراون بەپێی (ماددەی ١٢٢ و ١٢٣): ئەم بەشە تایبەتە بەو پارێزگایانەی عێراق، کە هەرێمیان پێکنەهێناوە:
١.سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕی بەپێی (ماددەی ١٢٢):
یەكەم: پارێزگا لە ژمارەیەك قەزاو ناحیەو گوند پێكهاتووە.
دووەم: ئەو پارێزگایانەی سەر بەهیچ هەرێمێك نین دەسەڵاتێكی بەڕێوەبردن و دارایی فراوانیان پێدەدرێت بەجۆرێك كەبتوانن كاروباری خۆیان بەڕێوەبەرن بەگوێرەی بنەمای (لامەركەزیەتی ئیداری) و ئەوەش بەیاسا ڕێكدەخرێت.
٢.پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی (ماددەی ١٢٢):
سێیەم: ئەو پارێزگارەی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵیدەبژێرێت سەرۆكی ڕاپەڕاندنی باڵایە لە پارێزگادا بۆ پیادەكردنی ئەو دەسەڵاتانەی كە لەلایەن ئەنجومەنەوە پێی بەخشراوە.
چوارەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگارو دەسەڵاتەكانیان بە یاسا ڕێكدەخرێت.
پێنجەم: ئەنجومەنی پارێزگا ناكەوێتە ژێر ڕكێف و چاودێری هیچ وەزارەت یان لایەنێكەوە كە پەیوەست نەبێت بە وەزارەتێكەوەو داراییەكی سەربەخۆی خۆی هەیە.
٣.گواستنەوەی دەسەڵاتەکان بەپێی (ماددەی ١٢٣):
حكومەتی فیدرالی دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی ببەخشێت بە حكومەتی هەرێم و بەپێچەوانەشەوە بە ڕەزامەندی هەردوولا، ئەوەش بە یاسا ڕێكدەخرێت.
پێنجەم: پایتەخت و ئیدارە خۆجێییەکان بەپێی (ماددەی ١٢٤ و ١٢٥):
١.بەغدای پایتەخت بەپێی (ماددەی ١٢٤):
یەكەم: بەغدا بەو سنووری شارەوانیەی هەیەتی پایتەختی كۆماری عێراقە، سنوورە ئیدارەكەی پارێزگای بەغدایە.
دووەم: دانانی پایتەخت بە یاسا ڕێكدەخرێت.
سێیەم: پایتەخت بۆی نیە لە سنووری هیچ هەرێمێكدابێت.
٢.مافی پێکهاتەکان بەپێی (ماددەی ١٢٥):
ئەم دەستوورە مافە کارگێڕی، سیاسی، ڕۆشنبیری، و پەروەردەییەکانی نەتەوە جیاوازەکانی وەک تورکمان، کلدان، ئاشووری، و هەموو پێکهاتەکانی تر زامندەکات، و بە یاسا ڕێکدەخرێت.
دابەشکردنی دەسەڵاتەکان
دابەشکردنی دەسەڵاتە "هاوبەش و تایبەتەکان":
١.بەپێی (ماددەکانی ١١٠ تا ١١٥) لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکاندا،
٢.یاسای پێکهێنانی هەرێمەکان (یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٨):
بەشی یەکەم
دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەپێی دەستور
دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان فیدراڵ و هەرێمەکاندا بەپێی(ماددەکانی ١١٠ تا ١١٥): دەستووری عێراق سیستەمێکی ڕوونی بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان داناوە، کە بەمشێوەیە دابەشبووە:
یەکەم: دەسەڵاتە حەتمی و تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵی بەپێی (ماددەی ١١٠):
ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە تایبەتن بە حکومەتی فیدراڵی:
یەكەم: ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی دەرەوەو نوێنەرایەتی دبلۆماسیی و ئەنجامدانی دانوستان لەسەر پەیماننامەو ڕێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان و سیاسەتی قەرزكردن و واژۆكردن لەسەریان و یەكلاكردنەوەو ِەنگڕێژكردنی سیاسەتە ئابووری و بازرگانیە دەرەكیە سەروەریەكان.
دووەم: دانان و جێبەجێكردنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی لەوانەش پێكهێنان و بەڕێوەبردنی هێزێكی چەكدار بەمەبەستی دڵنیابوون لە پاراستن و مسۆگەركردنی ئاسایشی سنوورەكانی عێراق و بەرگریكردن لێیان.
سێیەم: ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی داراییو گومرگ و دەركردنی دراوو ڕێكخستنی سیاسەتی بازرگانی لەسەر سنووری هەرێم و پارێزگاكانی عێراق و دانانی بودجەی گشتی دەوڵەت و ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی دراوو دامەزراندن و بەڕێوەبردنی بانكێكی ناوەندی.
چوارەم: ڕێكخستنی كاروباری پێوەرو پێوان و كێشان.
پێنجەم: ڕێكخستنی كاروباری ڕەگەزنامەوبەهاوڵاتی بوون (تجنس)و نیشتەجێبوون و مافی پەنابەرێتی سیاسی.
شەشەم: ڕێكخستنی سیاسەتی لەرەلەرەكانی پەخشكردن و پۆستە.
حەوتەم: دانانی پڕۆژەی بودجەی گشتی و وەبەرهێنان.
هەشتەم: پلاندانانی تایبەت بە سیاسەتی ئەو سەرچاوە ئاویانەی لە دەرەوەی عێراقەوە دێن و مسۆگەركردنی گەیشتنی بڕە ئاوی پێویست بۆ ناو عێراق بەگوێرەی یاساو نەریتە نێودەوڵەتیەكان.
نۆهەم: ئامارو سەرژمێری گشتیی دانیشتوان.
بەپێی ماددەی (١١١): نەوت و غازی موڵكی سەرجەم خەڵكی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاكاندا.
بەپێی ماددەی (١١٢):
یەكەم: حكومەتی فیدرالی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان نەوت و غازی بەرهەمهێنراوی كێڵگەكانی ئێستا بەڕێوەدەبات بەمەرجێك داهاتەكانیان بەشێوەیەكی دادپەروەری و بەگوێرەی دابەشبوونی دانیشتوان لەسەرجەم پارچەكانی وڵاتدا دابەش بكرێت لەگەڵ دیاریكردنی پشك بۆ ماوەیەك بۆ ئەو هەرێمە زیانلێكەوتوانەی ڕژێمی پێشوو بێبەشی كردبوون و ئەوانەش كەپاشتر زیانیان لێكەوت بەجۆرێك گەشەسەندنێكی هاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەكانی وڵات مسۆگەر بكات و ئەمەش بە یاسا ڕێكدەخرێت.
دووەم: حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمەكان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان بەیەكەوە هەڵدەستن بە ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی ستراتیجی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و غاز بەجۆرێك كەببێتە مایەی دەستخستنی زۆرترین سوودو كەڵك بۆ گەلی عێراق ئەویش بە پشتبەستن بە نوێترین تەكنیكی بنەماكانی بازاڕو هاندانی وەبەرهێنان.
بەپێی ماددەی (١١٣):
ئاسەوار و شوێنەوار و ژێرخانی كەلەپوری و دەستنووس و دراوەكان بە سامانی نیشتمانی ئەژمار دەكرێت، كە لە تایبەتمەندی دەسەڵاتی فیدڕاڵیەو بە هاوكاری لەگەڵ هەرێم و پارێزگاكان بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش بە یاسا ڕێكدەخرێت.
دووەم: دەسەڵاتە هاوبەشەکان بەپێی (ماددەی ١١٤):
دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمەكان ئەمانەن:
یەكەم: بەڕێوەبردن و ڕێكخستنی گومرگ بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە.ئەمەش با یاسا ڕێكدەخرێت.
دووەم: ڕێكخستن و دابەشكردنی سەرچاوە سەرەكیەكانی وزەی كارەبا.
سێیەم: ڕەنگڕێژی سیاسەتی ژینگە بەمەبەستی دڵنیابوون لە پاراستنی ژینگە لە پیسبوون و پارێزگاریكردن لە خاوێنی بەهاوكاری لەگەڵ هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە.
چوارەم: ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتەكانی گەشەپێدان و پلاندانانی گشتی.
پێنجەم: ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی تەندروستیی گشتی بەهاوكاری لەگەڵ هەرێمەكان و و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە.
شەشەم: ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی فێركردن و پەروەردەی گشتی بەڕاوێژ لەگەڵ هەرێمەكان و و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە.
حەوتەم: ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی سامانە ئاویەكان و ڕێكخستنیان بە جۆرێك كە دادپەروەری بهێنێتەدی و ئەوەش بەیاسا ڕێكدەخرێت.
سێیەم: بنەمای ئەولەویەت لە کاتی ناکۆکیدا بەپێی (ماددەی ١١٥):
هەرشتێك لە سنوری دەسەڵاتە تایبەتەكانی حكومەتی فیدرالیدا ئاماژەی پێنەكرابێت، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە.
ئەگەر ناكۆكی دروستبوو لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمەكان، ئەوا پێشینە بۆ یاسای هەرێمەكەیە.
بەشی دووەم
یاسای پێکهێنانی هەرێمەکان (یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٨)
بەپێی ماددەی (١١٨):
دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەماوەیەكی دیاریكراودا بەمەرجێك شەش مانگ زیاتر تێنەپەڕیبێت بەسەر یەكەم دانیشتنیدا، بە زۆرینەی سادە یاسایەك دەربكات بۆ دیاریكردنی ئەو ڕێوشوێنە جێبەجێكاریانەی تایبەتن بە پێكهێنانی هەرێمەكانەوە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨دا یاسای ژمارە١٣ی دەرکرد بۆ ڕێکخستنی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی دروستکردنی هەرێم لە یەک پارێزگا یان زیاتر. گرنگترین خاڵەکانی ئەم یاسایە ئەمانەن:
١.پێشکەشکردنی داواکاری:
پرۆسەکە بە فەرمی دەستپێدەکات کاتێک داواکارییەک پێشکەش بە (کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان) دەکرێت.
داواکارییەکە دەبێت یان لەلایەن (١/٣)ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە واژۆ کرابێت، یان لەلایەن (١/١٠)ی دەنگدەرانی تۆمارکراو لەو پارێزگایەدا.
٢.ڕێکارەکانی هەڵبژاردن و ڕاپرسی:
دوای پێشکەشکردن و پەسەندکردنی مەرجە یاساییەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، کۆمیسیۆن هەڵدەستێت بە ڕێکخستنی ڕاپرسی گشتی بۆ دانیشتووانی ئەو پارێزگایە (یان پارێزگاکان) کە دەیانەوێت هەرێم پێکبهێنن.
مەرجی سەرکەوتنی ڕاپرسی: هەرێمەکە کاتێک بە فەرمی پێکدێت کە زۆرینەی دەنگدەران (٥٠٪ + ١)لە ڕاپرسییەکەدا دەنگی "بەڵێ" بدەن بۆ دروستکردنی هەرێم.
٣.دەرئەنجامەکان:
دوای سەرکەوتنی ڕاپرسییەکە، هەرێمەکە لە ڕووی یاساییەوە ڕادەگەیەنرێت و دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت ئەنجومەنی هەڵبژاردراو و حکومەتی هەرێمی خۆی پێکبهێنێت بەپێی دەستوور و یاسا.
بەشی سێیەم
جیابوونەوەو سەربەخۆیی لە هەرێمێک
دەستووری هەمیشەیی عێراق و یاسای پێکهێنانی هەرێمەکان (یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٨)، میکانیزمێکی ڕوون و یاساییان بۆ ئەم حاڵەتە دابینکردووە.
کاتێک پارێزگایەک (وەک بەشێک لە هەرێمێکی پێکهاتوو) دەیەوێت جیاببێتەوە و بوونێکی سەربەخۆ هەبێت یان لەگەڵ پارێزگایەکیتردا هەرێمێکی نوێ پێکبهێنێت، دەستوور و یاساکە پشت بەم بنەمایانە دەبەستن:
یەکەم: حوکمە دەستورییە بنەڕەتییەکان (بنەمای خۆبەڕێوەبەری و مافی پارێزگاکان):
١.ماددەی ١١٩ی دەستوور:
پارێزگایەك یان زیاتر مافی پێكهێنانی هەرێمێكیان هەیە بەپشتبەستن بە داواكاریەك بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەری. داواكاریەكە بەیەكێك لەم دوو ڕێگایەی خوارەوە پێشكەش دەكرێت:
أ/ لەسەر داواكاری سێیەكی(٣/١) ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن.
ب/ لەسەر داواكاری دەیەكی (١٠/١) دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن.
واتە: مافی پێکهێنانی هەرێم دابین کراوە بۆ (هەر پارێزگایەک یان زیاتر)، بەبێ ئەوەی دەستوور سنووردارکردنێکی توند دابنێت کە پارێزگایەک ناتوانێت لە چوارچێوەی هەرێمێکی ئێستادا جیاببێتەوە، بە مەرجێک ڕێکارە یاساییەکان و خواستی دانیشتووانی پارێزگاکە لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە بسەلمێنرێت.
٢.بنەمای لامەرکەزییەت و بڕیاری خۆجێیی بەپێی (ماددەی ١٢٢):
یەكەم: پارێزگا لە ژمارەیەك قەزاو ناحیەو گوند پێكهاتووە.
دووەم: ئەو پارێزگایانەی سەر بەهیچ هەرێمێك نین دەسەڵاتێكی بەڕێوەبردن و دارایی فراوانیان پێدەدرێت بەجۆرێك كەبتوانن كاروباری خۆیان بەڕێوەبەرن بەگوێرەی بنەمای (لامەركەزیەتی ئیداری) و ئەوەش بەیاسا ڕێكدەخرێت.
سێیەم: ئەو پارێزگارەی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵیدەبژێرێت سەرۆكی ڕاپەڕاندنی باڵایە لە پارێزگادا بۆ پیادەكردنی ئەو دەسەڵاتانەی كە لەلایەن ئەنجومەنەوە پێی بەخشراوە.
چوارەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگارو دەسەڵاتەكانیان بە یاسا ڕێكدەخرێت.
پێنجەم: ئەنجومەنی پارێزگا ناكەوێتە ژێر ڕكێف و چاودێری هیچ وەزارەت یان لایەنێكەوە، كە پەیوەست نەبێت بە وەزارەتێكەوەو داراییەكی سەربەخۆی خۆی هەیە.
واتە: پارێزگاکان دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی بەرفراوانیان هەیە، و ئەنجومەنی پارێزگاکان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵکی پارێزگاکە دەکەن لە بڕاردان لەسەر چارەنووسی کارگێڕییان.
دووەم: بنەمای یاسایی جیابوونەوە و دروستکردنی هەرێمی نوێ بەپێی (یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٨):
یاسای پێکهێنانی هەرێمەکان لە عێراقدا (ماددە ١، ٢، و ٣ی یاساکە) ڕێکارە مەیدانییەکانی بۆ ئەم پرۆسەیە دیاریکردووە:
١.داواکاری فەرمی بۆ ڕاپرسی:
پرۆسەکە بە فەرمی دەست پێدەکات کاتێک داواکارییەک پێشکەش بە (کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان) دەکرێت لەلایەن:
٢.(١/٣)ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای ئەو پارێزگایەی، کە دەیەوێت جیاببێتەوە یان هەرێم پێکبهێنێت، یان
٣.(١/١٠)ی (واتە ١٠٪ی) دەنگدەرانی تۆمارکراو لەو پارێزگایەدا.
٤.ئەنجامدانی ڕاپرسی گشتی:
دوای پەسەندکردنی داواکارییەکە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، کۆمیسیۆن هەڵدەستێت بە ڕێکخستنی ڕاپرسییەکی گشتی بۆ دانیشتووانی ئەو پارێزگایە بەتەنیا (یاخود ئەو پارێزگایانەی کە دەیانەوێت بەیەکەوە هەرێمێکی نوێ پێکبهێنن).
٥.مەرجی سەرکەوتنی جیابوونەوە یان پێکهێنانی هەرێم:
ێ/پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر زۆرینەی دەنگدەران (٥٠٪ + ١) لە ڕاپرسییەکەدا دەنگی "بەڵێ" بدەن بۆ جیابوونەوە و پێکهێنانی هەرێمە سەربەخۆکە یان تێکەڵبوون لەگەڵ پارێزگایەکیتردا.
ب/ئەگەر دەنگی "نەخێر" زۆرتر بوو، داواکارییەکە ڕەتدەکرێتەوە و ماوەیەک بەسەر دەچێت تاوەکو دووبارە دەکرێتەوە (بەپێی ماوە یاساییەکان).
سێیەم: دەرئەنجامە دەستووری و کارگێڕییەکانی دوای جیابوونەوە:
کاتێک ڕاپرسییەکی سەرکەوتوو ئەنجام دەدرێت و پارێزگایەک لە هەرێمێک جیاردەبێتەوە یان هەرێمی خۆی ڕمگەیەنێت:
١.گواستنەوەی دەسەڵاتەکان:
ئەو پارێزگایە دەبێتە خاوەن قەوارەیەکی سەربەخۆی فیدراڵی (یاخود بەشێک لە هەرێمێکی نوێ)، و سەرجەم دەسەڵاتە کارگێڕی، یاسادانان، و داراییەکانی هەرێمەکەی پێدەدرێت بەپێی ماددەی ١٢١ی دەستووری عێراق.
٢.پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی:
لەو کاتەدا پەیوەندییەکەی ڕاستەخۆ دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا (لە رووی بودجە، پشکەکان، و یاساکانەوە)، و چیتر لە ژێر دەسەڵاتی کارگێڕی ئەو هەرێمە پێشووەدا نامێنێت، کە لێی جیابووەوە.
***
