شارپرێٍس:
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ڕاوێژكارە باڵاكانی ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئەمریكا ڕووبەڕووی هیچ ئیستفزازییەكی نوێ لە تاران یان هاوپەیمانە حوسییەكانی لە یەمەن نەبێتەوە، ڕەنگە خۆی لە هێرشكردنە سەر ئێران بەدوور بگرێت.
بەرپرسێكی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، ترەمپ تاكە بڕیاردەرە و ئەمریكا بەهۆی كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمز و داڕمانی ئابووری ئێران لە پێگەیەكی بەهێزدایە.
ئەو سەرچاوانە ئاشكرایان كردووە كە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەكان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە ئابووری ئێران بەهۆی گەمارۆی دەریایی و گەمارۆ ئابوورییەكانەوە زیانی پێگەیشتووە. هاوكات ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە كردووە كە سوپای ئەمریكا ئامادەیە ئەگەر پێویست بكات و ڕەنگە ترەمپ بۆردومانكردنی دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەكانی ئێران هەڵبژێرێت.
بەگوێرەی ئاژانسەكە، ترەمپ لە نێوان هەڕەشەكردن بۆ پەرەسەندنی شەڕەكە بە دەستپێكردنی هێرشی نوێ و كەمكردنەوەی توندوتیژییەکان، دودڵ بووە.