ئێران هێرشی درۆنی كردە سەر بەحرەین

جیهان

34 خولەک پێش ئێستا‌ 131 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگری بەحرەین ڕۆژی یەكشەممە ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەكەی، چەندین هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانییان تێكشكاند كە شانشینی بەحرەینیان كردبووە ئامانج.

فەرماندەیی گشتی هێزی بەرگری بەحرەین لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە كە ئێران "بەردەوامە لە ڕێبازی دوژمنكارانەی خۆی" بە دەستپێكردنەوەی هێرشەكان كە بەحرەین دەكاتە ئامانج، ئاماژەی بەوەشكرد كە هێزەكانی بەرگریی ئاسمانی ڕێگرییان لەو هێرشانە كردووە كە ڕۆژی یەكشەممە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ كراون.

دووپاتیشی كردەوە كە هەموو هێزەكانیان لە بەرزترین ئاستی ئامادەیی و بەرگریدان بۆ پاراستنی شانشینی بەحرەین لە هەر هەڕەشەیەك.

لە بەیاننامەكەدا ژمارەی ئەو هێرشانەی كە ڕێگرییان لێكراوە دیاری نەكردووە، یان وردەكارییەكانی شوێنە بەئامانجكراوەكان یان هەر زیانێكی گیانی‌و ماددی نەخستووەتەڕوو.