ئایا تاران دەستبەرداری فەتوا بەناوبانگەکەی خامنەیی دەبێت و بەرەو چەکی ئەتۆمیی هەنگاو دەنێت؟

جیهان

45 خولەک پێش ئێستا‌ 126 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمەڵەی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران، لە 12ی تشرینی دووەمی 2026، خوێندنەوەی هەڵبژاردەی دەرچون لەپەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبونەوەی چەکی ناوەکیی بە "پێویستییەکی ناچار" ناوبرد.

ئەم هەڵوێستە لەکاتێکدا دەردەچێت کە دامەزراوەکانی دەوڵەت و پەرلەمان ماوەیەکە باسی دەرچون لەپەیماننامەکە دەکەن و هەندێک پەڕلەمانتار داوای دروستکردنی چەکی ناوەکییان کردوە.

بەپێی شیکارییەکەی سلێمان عەقیلی، نوسەرو شیکەرەوەی سیاسی، گرنگیی ئەم ڕاگەیاندنە لەوەدایە کە لەلایەن ئەو دامەزراوەیەوە دەرچوە کە ڕێبەر هەڵدەبژێرێت و چاودێریی دەکات؛ ئەمەش لەگەڵ گۆڕانی ڕێبەرو دوای ئەو هێرشانەی کرانە سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێراندا ڕودەدات.

ئێران بۆ زیاتر لەدوو دەیە سیاسەتی "دەوڵەتی ئاستی نزیک لەچەکی ناوەکی"ی پەیڕەو کردوە؛ واتە خاوەنی زانیاریی و توانای تەکنیکی بێت، بەڵام هەنگاو بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوەکیی نەهاوێت. ئەم سیاسەتە پشت بەفەتوای عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشوی ئێران، دەبەست، کە چەکی کۆمەڵکوژی قەدەغە کردبوو.

بەڵام دوای گۆڕانی ڕێبەرو هێرشەکانی سەر دامەزراوە ناوەکییەکان، ئەم فەتوایە بۆتە بابەتی گفتوگۆ. عەبباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کردوە کە فەتواکە پەیوەندیی بەو کەسەوە هەیە کە دەری کردوەو ناتوانێت باسی بۆچونی ڕێبەری نوێ بکات.

لەناوخۆی ئێراندا، سوپای پاسداران پاڵپشتی گۆڕینی دۆکتڕینی بەرگریی دەکات، کۆمەڵەی شارەزایانی ڕێبەریش پشتگیریی سیاسی و ئایینی بۆ ئەم ئاراستەیە دابین دەکات. لەبەرامبەردا، حکومەت و وەزارەتی دەرەوە هەوڵ دەدەن پابەندبون بەپەیماننامەکە بپارێزن بۆ ئەوەی زیاتر لەقەیرانی ئابوریی دور بکەونەوە.

بەپێی ماددەی 10ی پەیماننامەکە، هەر دەوڵەتێک دەتوانێت بە مەرجی ئاگادارکردنەوەی 3 مانگ پێشتر، لە پەیماننامەکە بکشێتەوە. ئێران پێی وایە بەشێک لە تێچووی ئەم هەنگاوە پێشتر بەهۆی چالاککردنی میکانیزمی سناپ باک و گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە دراوە. بەڵام مەترسییە سەرەکییەکە بریتییە لە ئەگەری هێرشی سەربازیی لە ماوەی ئەو 3 مانگەدا.

لەڕوی ئابوریشەوە، پێشنیاری دامەزراندنی ناوەندێک بۆ ئابووریی جەنگ، بە سەرپەرشتیی دامەزراوەی ڕێبەری، ئاماژەیە بۆ گواستنەوەی بەشێک لە دەسەڵاتە ئابوورییەکان بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان. بەڵام قەیرانی وزە، هەڵاوسان و لاوازبوونی چینە مامناوەندەکان دەتوانن ئەم سیاسەتە بە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ناوخۆیی بکەنەوە.

لەدەرەوەش، تاران پشت بە هاوکاریی چین و ڕووسیا دەبەستێت، بەڵام ئەم دوو وڵاتە ناتوانن دڵنیاییی تەواوی بۆ پاراستنی ئێران لە هێرشە سەربازییەکان دابین بکەن.

شیکارییەکە 3 سیناریۆ بۆ ئایندەی ئێران دەخاتەڕوو: یەکەم، بەکارهێنانی هەڕەشەی دەرچوون وەک کارتی فشار لە گفتوگۆکاندا؛ دووەم، دەرچوونی فەرمی لە پەیماننامەکە بەبێ ڕاگەیاندنی خاوەندارێتیی چەکی ناوەکی؛ سێیەم، گواستنەوە بۆ قۆناغی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی.

لەکۆتاییدا، ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی ناوەکیی ئێران زیاتر لە هەڵوێستی ڕێبەری نوێ بەرانبەر فەتوای خامنەیی و توانای تەکنیکیی ماوەی بەرنامە ناوەکییەکەی دەبەسترێتەوە. هەروەک هەر هەنگاوێکی فەرمی بۆ دەرچوون لە پەیماننامەکە دەتوانێت ئاڵنگارییەکی نوێی ئەمنیی و سیاسیی لە ناوچەکەدا دوروست بکات.