ڤیزاو پاسپۆرت بۆ چونە ناو میرنشینەکەی کەتائیب؛ نهێنییەکانی پشت جوڵەکەی زەیدیی‌و پەیوەندییەکەی ترەمپ

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2218 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای زیاتر لە10 ساڵ لەدابڕانی تەواوەتی‌و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن گروپە چەکدارەکان‌و ڕێگریكردن له‌چوار سه‌رۆك وه‌زیران بۆ بینینى ناوچه‌كه‌، لیژنەیەکی تایبەتی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەهەنگاوی دیاریکراو چوە ناو ناوچەی جورف ئەلسەخر، ئەم جوڵەیە کە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی هەفتەی ڕابردوی نێوان زەیدیی‌و دۆناڵد ترەمپ‌و بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان لەسەر قاچاخچێتیی نەوت دێت، پەردەی لەسەر ڕاستییەکی تاڵ هەڵدایەوە ئه‌ویش، "لەو ناوچەیەدا هەرەمی دەوڵەت سەرەوژێر بوەتەوەو سوپای فەرمی مۆڵەت لەدەوڵەتێکی هاوتەریب وەردەگرێت".


ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی ڕۆژنامەی مه‌دا ئاماژه‌ى به‌وردەکاریی ئەم سەردانە، چارەنوسی زیندانە نهێنییەکان، کارگەکانی درۆن‌و مەرگەساتی زیاتر لە100 هەزار ئاوارەی ئەو ناوچەیە كردوه‌.

به‌گوێره‌ى سەرچاوە ناوخۆییەکان، جوڵەی لیژنەکەی حکومەت بەتەواوی سنوردار کرابوو و دوربوو لەو ناوچانەی گوماندەکرێت زیندانی نهێنی، سەربازگەی مەشقپێکردن‌و کارگەی دروستکردنی درۆنیان تێدابێت (کە ساڵانێکە باس لەبونی ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران‌و تەنانەت دەستبەسەرکردنی بیانییەکان، لەوانە ڕۆژنامەنوسێکی ئەمریکی‌و ژنێکی ئیسرائیلی دەکرێت تێیاندا).

گرتە ڤیدیۆییەکان دەریانخست کە فەرماندە سەربازییە باڵاکانی عێراق پێش چونە ناو ناوچەکە، مۆڵەتیان لەچەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵا وەردەگرت، سەیف ئەلسەعدی توێژەری سیاسیی دەڵێت، "دیمەنەکە وابوو کە هەرەمی دەوڵەت سەرەوژێر بوبێتەوە؛ دەوڵەت دەستورو یاسای هەیە، بەڵام گروپە چەکدارەکە زەوییەکەی بەدەستەوەیەو مەرج دەسەپێنێت"، بەرپرسێکی پێشوش دۆخەکەی بەوە وەسفکردوە کە چونە ناو ئەو ناوچەیە پێویستی بەڤیزاو پاسپۆرت هەبوە.

پێش ڕێککەوتنەکە، کەتائیب هەڕەشەی تەقەکردنی لەهەر کەسێک کردبوو نزیک ببێتەوەو تەنها کاتێک ڕازیبون لیژنەکە بچێتە ناوەوە کە سەرۆکایەتیی لیژنەکە لەعەبدولئەمیر شەمەرییەوە گۆڕدرا بۆ کەسایەتییەکی نزیک لەگروپەکان.

ئەم هەنگاوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاستەوخۆ دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکاو ئاشکرابونی نەخشەو وێنەی هەواڵگریی تایبەت بەشوێنی کێڵگەو پاڵاوگە نایاساییەکانی نەوت لەجورف ئەلسەخر دێت لەساڵی 2021وە قاچاخچێتییان پێوەدەکرێت.

بەبڕوای چاودێران، عەلی زەیدیی ئێستا لە بەردەم دوو بژاردەی یەکلاکەرەوەدایە، ئه‌ویش یه‌كه‌میان مامەڵەو سەودای سیاسیی، واته‌ داواکردن لەگروپە چەکدارەکان بۆ چەکداماڵین‌و ڕادەستکردنی ناوچەکە لەبەرامبەر پێدانی وەزارەت‌و پۆستی حکومی پێیان، دوه‌میش یەکلاکردنەوەی حساباته‌، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەو وێنە هەواڵگرییەکان بۆ ڕای گشتیی‌و ناردنی هێزەکانی دژەتیرۆر بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە.

چاودێران پێیانوایه‌، جورف ئەلسەخر تەنها دۆسیەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو تراژیدیای زیاتر لە100 هەزار هاوڵاتییە کە لەتشرینی یەکەمی 2014وەو دوای دەرکردنی داعش، ڕێگەیان پێنەدراوە بگەڕێنەوەسەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان.

ڕاپۆرتەکە چیرۆکی گەشتە بێئەنجامەکەی عەدنان ئەلجەنابی شێخی هۆزی جەنابییەکان لەساڵی 2020دا بیردەهێنێتەوە؛ کاتێک بۆ گەڕاندنەوەی خەڵکەکەی چوە تاران، پێیانوت، کلیلەکە لێرە نییەو بچۆ بۆ بەیروت بۆ لای محەمەد کەوسەرانی (سەرکردەی حزبوڵڵای لوبنانی)، بەڵام لەبەیروتیش بێوەڵام گەڕایەوە!.

لەخوێندنەوەیەکی جیاوازدا، محەمەد نەعناع توێژەری سیاسیی پێیوایە، ئەمەی ڕویداوە سەرەتای جێبەجێکردنی بڕیارێکی دامەزراوە دەستورییەکانی عێراقە بۆ گەڕاندنەوەی تەواوەتیی جورف ئەلسەخر بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەو پێشبینیدەکات هەنگاوەکانی جێگیرکردنی هێزە فەرمییەکان بەشێوەی پلەبەندی بەردەوامبن تا دەگاتە ئاگربەستی کۆتایی لە30ی حوزەیرانی داهاتودا، بێئەوەی حکومەت بیەوێت بەڕاگەیاندنی تۆمەتی قاچاخچێتیی نەوت، گروپەکە بەرەو پێکدادانی چەکداری پاڵ بنێت.

دواى ئه‌و پشتیوانییه‌ى كه‌ تره‌مپ بۆ زه‌یدیى ڕاگه‌یاندوه‌ له‌پرسى گروپه‌ چه‌كداره‌كان‌و به‌تایبه‌ت ناوچه‌ى جورف ئه‌لسه‌خر، جوڵەی سەربازیی دەستیپێکردو عەلی زەیدی-ش مۆڵەتی کۆتایی تا ئێوارەی هەینی داوەتە کەتائیبی حزبوڵڵا بۆ چۆڵکردنی ناوچەکەو ئامادەکاریش کراوە بۆ ناردنی هێزی دژەتیرۆر، هاوكات لەدوای ئاشکرابونی پاڵاوگە نایاساییەکان‌و دورخستنەوەی نۆ بەرپرس؛ هێزی سەربازیی زیاتر گەیشتوه‌ته‌ دەوروبەری جورف ئەلسەخرو مالیکی‌و عامریش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هاتونەتەسەر هێڵ.

سەرچاوەیەکی ئەمنی گەیشتنی هێزی پشتیوانیی سەربازیی نوێی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەی جورف ئەلسەخر لەباکوری پارێزگای بابل ڕاگەیاندوه‌، ئەم جوڵە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ چونەناوەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بۆ ناو ناحیەکە، لەنێو هەڵکشانی گرژییەکان لەگەڵ کەتائیبی حزبوڵڵا کە هەژمونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندوە.

سەرچاوەیه‌كى ئاگادار بۆ شەفەق نیوز ئاماژەی بەقەبارەی ئەو هێزانە یان جۆری ئەو یەکە سەربازییانە نەکردوە کە گەیشتونەتە ناوچەکە، به‌ڵام وتویه‌تى، "ئەم جوڵەیە چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانەکەی حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق دێت کە جەختیکردەوە، سەرۆک وەزیران‌و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیاریداوە هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بچنە ناو جورف ئەلسەخرو بڕیارەکەش لەماوەیەکی نزیکدا جێبەجێدەکرێت، پێشتریش سەرچاوە حکومی‌و سیاسییە ئاگادارەکان ئاشکرایانکردبوو، زەیدیی دوا مۆڵەتی تا ئێوارەی ڕۆژی هەینیی داهاتوى داوەتە کەتائیبی حزبوڵڵا بۆ ڕادەستکردنی بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ناحیەکە بەهێزەکانی حکومەت، لەگەڵ ئامادەباشی بۆ جوڵەپێکردنی هێزێکی دەزگای دژەتیرۆر بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر ناوچەکەدا ئەگەر وەڵامیان نەبێت".

هاوكات لەگەڵ جوڵە سەربازییەکان، ژمارەیەک لەسەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەوانە نوری مالیکی، هادی عامری‌و هومام حەمودی، نێوەندگیرییان لەنێوان حکومەت‌و کەتائیبی حزبوڵڵا دەستپێکردوە، بەئامانجی گەیشتن بەڕێککەوتنێک بۆ کشانەوەی پلەبەندیی کەتائیب‌و بڵاوەپێکردنی هێزی ئەمنی‌و حەشدی جێگرەوە بۆ وەرگرتنی ئەرکی پاراستنی ناوچەکە.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوەدێن کە سەرۆک وەزیران ئەنجامی لێکۆڵینەوەی حکومیی لەبارەی پرۆسەکانی قاچاخچێتیی نەوت‌و بەرهەمەکانی لەجورف ئەلسەخر وەرگرتەوە؛ به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوی حکومەت، لێکۆڵینەوەکە بونی قاچاخچێتی‌و پاڵاوگەی نەوتی لەناو ناحیەکەدا پشتڕاستکردوەتەوە، ئەمەش وایکردوه‌، زەیدیی تۆمەتباران ڕەوانەی دادگا بکات‌و نۆ بەرپرسی ئەمنی، سەربازیی‌و کارگێڕیی لەپارێزگای بابل لەپۆستەکانیان دوربخاتەوە.

لەبەرامبەردا، کەتائیبی حزبوڵڵا ئەو تۆمەتانەی پەیوەستن بەقاچاخچێتیی نەوتەوە ڕەتکردوه‌ته‌وه‌و ئەو ڕاپۆرتانەی حکومەت پشتی پێبەستون بەناڕاست وەسفکردوه‌.