پەروەردەی سلێمانی بەفەرمی قەدەغەیکرد؛ کۆکردنەوەی پارە لەقوتابیان بەناوی ئەنجومەنی دایکان‌و باوکانەوە ڕاگیرا

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1834 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەنوسراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە دەرچوە، بەتەواوی کۆکردنەوەی پارەی لەقوتابیان‌و خوێندکاران بەناوی (ئەنجومەنی دایکان‌و باوکان) یان لەژێر هەر پاساوێکی دیکەدا قەدەغەکردو هۆشداریی لێپرسینەوەی توند دەدات.


به‌گوێره‌ى نوسراوێكى بەشی خزمەتگوزاریی سەر بەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، کە ئەمڕۆ 17ی تشرینی دوەمی 2026 بەواژۆی نەژاد عەبدوڵڵا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بە وەکالەت دەرچوە، ده‌ڵێت، "پەروەردەی سلێمانی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکانی سنورەکەی (ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، شارباژێڕ، پێنجوێن، سەیدسادق، شارەزور، قەرەداغ، چەمچەماڵ، دوکان‌و دەربەندیخان)و کۆمەڵگە پەروەردەییەکان ئاگاداردەکاتەوە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراونییە بەناوی ئەنجومەنی دایکان‌و باوکانەوە زیادەڕەوی بکرێت لەکۆکردنەوەو دیاریکردنی بڕی پارە وەک کۆمەک بۆ پاڵپشتیی قوتابخانەو خوێندنگەکان".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "بۆ ساڵی خوێندنی 2026 – 2027، تەنها داهات‌و پارەی فرۆشگه‌ (حانوت)ەکان بۆ خودی قوتابخانەو خوێندنگەکان دەبێت".

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی جەختیکردوەتەوە، لەژێر هیچ ناونیشانێک یان هەر پاساوو مەبەستێکدا ڕێگەنادرێت پارە لەقوتابیان کۆبکرێتەوە یان ناچاربکرێن لەڕێگەی دایک‌و باوکیانەوە بڕێک پارە بدەن، بەپێچەوانەوە بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی توند دەبنەوە.