توركیا چه‌كێكى دروستكردوه‌ بەیەک دوگمە 51 درۆن لەکاردەخات

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تورکیا پەردەی لەسەر نوێترین داهێنانی سەربازیی خۆی بەناوی (ئەژدیها یان ئه‌ژده‌ها) لادا؛ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی نوێ کە بەبێ تەقاندنی هیچ فیشەک، موشەک یان تەقەمەنییەک، تەنها لەڕێگەی شەپۆلی کارۆموگناتیسیی بەهێزەوە هێرشی بەکۆمەڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن) لەئاسماندا پەکدەخات‌و دەیانخاتە خوارەوە.


کۆمپانیای پیشەسازیی ئەلیکترۆنیی سەربازیی تورکیا (ئاسێلسان - ASELSAN)، هاوکات لەگەڵ 51مین ساڵیادى دامەزراندنیدا، تاقیکردنەوەی مەیدانیی بۆ سیستەمی دژەدرۆنی ئەژدیها ئەنجامدا.

ئەم سیستەمە کارۆموگناتیسییە دەتوانێت تەنها بەداگرتنی یەک دوگمەو لەدوریی یەک کیلۆمەترەوە، پۆلە درۆنە هێرشبەرەکان‌و تەنانەت 51 درۆنی بەوایەریش (فایبەر ئۆپتیک) لەیەککاتدا پەکبخات‌و بیانخاتە خوارەوە.

بڕیارە سیستەمی ئەژدیها وەک قەڵغانێکی نوێ بخرێتە ناو تۆڕی گشتگیری بەرگریی ئاسمانیی تورکیاوە کە بە(گومبەزی پۆڵایین ـ Çelik Kubbe) ناسراوە.

ئەحمەد ئاکیۆڵ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاسێلسان، ئەم داهێنانەی بەوەرچەرخانێکی مێژویی وەسفکردو ڕایگەیاند، "ئەمە یەکەمجارە سیستەمێکی بەرگریی دروستبکرێت کە بەبێ ئاڕاستەکردنی هیچ جۆرە موشەک‌و تەقەمەنییەک ئامانجەکەی بپێکێت؛ ئەمە بەرهەمی ئەزمونی زیاتر لەنیو سەدە کارکردنی کۆمپانیاکەمانە".

جەختیشیکردەوە، کۆمپانیاکەیان لەڕێگەی تێکەڵکردنی ژیریی دەستکرد (AI)، هەستەوەری پێشکەوتوو و چەکی وزەی ئاڕاستەکراو، بەردەوامدەبێت لەبەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکانی سەردەم.