شارپرێس:
میگێل ئانخێل فێلیکس گایاردۆ ناسراو بە(باوکی ڕۆحی)و (سەرکردەی سەرکردەکان)ی مافیاکانی مەکسیک، دوای 37 ساڵ مانەوە لەزیندان، لەنەخۆشخانەیەکی زێدی خۆی لەشاری گوادالاخارا لەتەمەنی 80 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
گایاردۆ بەئەندازیاری سەرەکیی بازرگانیی هاوچەرخی مادە هۆشبەرەکان لەئەمریکای لاتین دادەنراو ناوبانگەکەی لەمێژوی تاوانکاریدا هاوشانی (پابلۆ ئێسکۆبار) بوو.
گایاردۆ لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردودا سەرۆکایەتیی (کارتێلی گوادالاخارا)ی دەکردو توانیی بۆ یەکەمجار هاوپەیمانییەک لەنێوان باندەکانی مەکسیکو (کارتێلی مێدێلین)ی پابلۆ ئێسکۆبار لەکۆڵۆمبیا ببەستێت؛ بەمەش بوە بەرپرسی قاچاخچێتیکردن بەنزیکەی 80٪ی کۆکایینی هاوردەکراو بۆ ناو ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا.
لەساڵی 1985دا، دوای ڕفاندنو کوشتنی ئەفسەری دەزگای بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکانی ئەمریکا (ئێنریکی کامارینا)، واشنتۆن گەورەترین هەڵمەتی ڕاوەدونانی لەمێژوی خۆیدا دەستپێکرد تا دواجار لەساڵی 1989 گایاردۆ دەستگیرکرا.
هەرچەندە لەساڵی 2022 بەهۆی نەخۆشییەوە بڕیاری مانەوەی زۆرەملێ لەماڵەوەی بۆ دەرچوو، بەڵام کێشەی تەکنیکیی ئامێری چاودێریی ڕێگربوو لەگواستنەوەییو تا کاتی مردنی، لەژێر چاودێریی توندی پۆلیسدا مایەوە.
گایاردۆ لەلوتکەی دەسەڵاتیدا کۆنترۆڵی تەواوی تۆڕەکانی پۆلیسو پارێزگارەکانی مەکسیکی کردبوو؛ هاوکات هەر ئەوبوو کە خواکین (ئێل چاپۆ) گوزمانی پێگەیاندو بەرپرسیارێتیی لۆجستیی پێ سپارد، کە دواتر بوە سەرکردەی کارتێلی بەناوبانگی سینالۆوا، ژیانی گایاردۆش بوە هەوێنی زنجیرە درامای جیهانیی (نارکۆس: مەکسیک) لەتۆڕی نێتفلیکس.
«کارتێلی سینالۆوا ـ Sinaloa Cartel) گەورەترینو بەهێزترین ڕێکخراوو باندی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکانە لەمەکسیکو جیهاندا، ناوی ئەم ڕێکخراوە لەویلایەتی (سینالۆوا)وە وەرگیراوە کە دەکەوێتە کەناراوەکانی زەریای هێمن لەباکوری ڕۆژئاوای مەکسیکو بنکەی سەرەکیی ئەو مافیایەیە.
کارتێلی سینالۆوا کە لەسەرەتای نەوەدەکانداو لەسەر پاشماوەی ڕێکخراوەکەی میگێل گایاردۆ لەلایەن «ئێل چاپۆ»وە دامەزرا، بەمەترسیدارترین ئیمپراتۆریەتی مادە هۆشبەرەکان لەسەردەمی نوێدا دادەنرێت؛ بەجۆرێک دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) ئەم کارتێلەی وەک بەهێزترینو ڕێکخراوترین تۆڕی قاچاخچێتیی مادە هۆشبەرەکان لەسەرتاسەری جیهاندا وەسفکردوە، کە توانیویەتی سنورەکانی ئەمریکای لاتین تێپەڕێنێتو لەزیاتر لە50 وڵاتی جیهاندا تۆڕێکی فراوانی گواستنەوەو دابەشکردنی مادە هۆشبەرەکان دابمەزرێنێت.
