شارپرێس:
لەنیسانی ساڵی 1909دا، هاوارد باسکەرڤیڵ،
مامۆستا ئەمریکییە تەمەن 24 ساڵەکە، خۆی لەشوێنێکدا بینییەوە کە هەرگیز پلانی بۆ نەدانابوو؛
شاری تەورێز لەباکوری ڕۆژئاوای ئێران، ئەو خۆی بۆ کارێک ئامادەدەکرد کە پێشتر هەرگیز
مەشقی لەسەرنەکردبوو، ڕوبەڕوبونەوەی ڕیزێک سەربازی سەر بە (شا) کە لەبەرامبەریدا سەنگەریانگرتبوو.
لەتەنیشتیشییەوە هێزێک وەستابون کە چەکو
تفاقێکی سادەیان پێبوو، ئەوانیش کۆمەڵێک شۆڕشگێڕی خەونبین بون کە هەوڵی بێوچان بۆ
ئازادییو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یاساسالار کۆیکردبونەوەو بە(مەشروتەخوازان ـ
الدستوریون) ناسرابون، سەرەتا وەک دەستەیەکی بچوکی نزیکەی 150 کەسی دەستیان پێکرد،
بەڵام کاتێک ساتی ڕوبەڕوبونەوەی دوژمن هات، تەنها ژمارەیەکی کەم لەگەڵ باسکەرڤیڵدا
پێشڕەوییان کرد.
لەپشت ئەم شۆڕشگێڕانەوە، شارێک هەبوو کە برسێتی
جەستەی دەخوارد، بۆ ماوەی چەندین مانگ، هێزەکانی (شا) ڕێگهکانی گەیشتن بەتەورێزیان
کۆنترۆڵکردبوو، تا گەیشتە ئەوەی گەیشتنی خۆراک مەحاڵبوو؛ نان کەمبوەوە، دەرمان نەما،
نەخۆشی بڵاوبوەوە، هێڵەکانی تەلەگراف پچڕانو هەندێک لەدانیشتووان ناچاربون بۆ مانەوە
لەژیاندا گژوگیاو ڕوەکی سەر زەوی بخۆن، ئەم گەمارۆ کوشندەیە ئەو شتەبوو کە باسکەرڤیڵو
پیاوەکانی بڕیاری شکاندنیاندا.
ئەوە یەکەمجار نەبوو باسکەرڤیڵ بەشداری لەشەڕدا
بکات؛ چەند ڕۆژێک پێشتر هەوڵی شکاندنی گەمارۆکەیدابوو و شکستیهێنابوو و هیچ شتێکیش
نەبوو وابکات باوەڕ بهێنێت کە ئەم هێرشە سەردەکەوێت، ئەوکاتە کونسوڵی ئەمریکا هەوڵیدا
قایلی بکات پاشەکشە بکاتو هۆشداریی پێدا لەتێکەڵبون لەگەڵ (مەشروتەخوازان)، چونکە
ئەوان هەڵمەتێکی درێژیان دژی محەمەد عەلی شا، شەشەمین پاشای بنەماڵەی قاجار دەستپێکردبوو
کە لەنێوان ساڵانی 1907و 1909 حوکمی ئێرانی دەکرد.
(مەشروتەخوازان) لەهەموو شوێنێک شکستیانهێنا
تەنها لەتەورێز نەبێت کە دوایین قەڵای ئەو شۆڕشگێڕانە بوو بۆ چەندین ساڵ داوای
سنوردارکردنی دەسەڵاتە ڕەهاکانی پاشایان دەکرد لەڕێگەی سەپاندنی دەستورەوە. باسکەرڤیڵ
باوەڕێکی قووڵی بەم دۆزە هەبوو، هەربۆیە ڕازیبوو جارێکی دیکە هەوڵبداتەوە.
باسکەرڤیڵ کە مامۆستاو مژدەبەرێکی مەسیحی
بوو، بۆ ئەرکێک هاتبوە ئێران، بەڵام خۆی لەبەردەم ئەرکێکی دیکەدا بینییەوە، ئەو لەپۆلەکەیدا
مەینەتیی مەشروتەخوازانی ئێرانی بەراورد دەکرد بەمەینەتیی شۆڕشگێڕانی ئەمریکا کە لەپێناو
سەربەخۆیی لەدەستی جۆرجی سێیەم، پاشای بەریتانیا جەنگان، لەپێناو دۆزێکی ڕەوای لەو
شێوەیەشدا، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبوو جگە لەبەردەوامبون لەجەنگ؛ بەردەوامبوو و مێژوی
نوسییەوە.
ئەم چیرۆکە هاوکات لەگەڵ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی
ئەمریکادا، پەردە لەسەر پەیوەندییە مێژوییە شاراوەکانی نێوان ئەمریکاو ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست لادەدات؛ گەشتێک کە لەبەندەرەکانی مەغریبو بازاڕە دێرینەکانی تونسەوە دەستپێدەکاتو
بەکێڵگەکانی توتنی ڤێرجینیاو جەنگە دەریاییەکاندا تێدەپەڕێت، تا دەگاتە چیرۆکی ئەو
گەنجە ئەمریکییەی ژیانی خۆی لەپێناو ئازادیی ئێراندا بەخشیی.
لەزانکۆی پرینستۆنەوە بۆ شەقامەکانی تەورێز
باسکەرڤیڵ بەسروشت سەرباز نەبوو، بەڵکو قەدەرو
ڕێکەوت بردیانە گۆڕەپانەکانی جەنگ، ئەو گەنجێک بوو لەبنەماڵەیەکی قەشەکانی مەزهەبی
پرۆتستانت (کڵێسای پرێسبیتێری) لەئەمریکا، لەشاری نۆرس پلات لەویلایەتی نەبراسکا لەدایکبوو
چوبوە زانکۆی پرینستۆن بەو هیوایەی ڕێچکەی خێزانەکەی تەواوبکاتو ئەویش ببێتە قەشە.
پێش دەرچونی لەساڵی 1907، نامەی بۆ ئەنجومەنی
نێردە دەرەکییەکان نوسیو داوای دواخستنی چونە ناو پەیمانگهی ئایینی کرد، تاوەکو
دوساڵ لەدەرەوەی وڵات بەسەربباتو زمانێک فێربێتو لەدڵی کولتورێکی نامۆدا بژی، سەرەتا
داوایکرد بینێرن بۆ چین، بەڵام ئەنجومەنەکە قایلی کرد کە کارێکی وانەوتنەوە لەتەورێز
قبوڵبکات.
لەساڵانی زانکۆدا دوو وانەی لەسەر فیقهی یاساییو
حوکمڕانیی دەستوری لەسەر دەستی پرۆفیسۆر ودرو ویڵسن خوێندبوو کە تەنها دوای شەش ساڵ
بوە سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا، بەڵام ئەوەی هەرگیز پێشبینیی نەدەکرد ئەوەبوو
کە ئێران ببێتە نمونەیەکی زیندوی ئەو وانانەو تێیدا چاوی بەخەڵکانێک بکەوێت کە هەوڵی
دامەزراندنی هەمان جۆری حوکمڕانی دەدەن.
کاتێک گەیشت، ئێران لەناو گۆڕانکارییەکی مێژوییدا
بوو؛ ئێرانییەکان لەچینە جیاوازەکانەوە بازرگان، پیاوانی ئایینی، مامۆستایانو زۆرێكىی
دیکە دژی زیادەڕۆییەکانی پاشایەتیو هەژمونی لەڕادەبەدەری ڕوسیا بەسەریدا ڕاپەڕیبون،
ژنانیش داوای مافی خوێندنیان دەکرد، دوای ناڕەزایەتییەکی فراوان، دواجار شا ملکەچبوو
و ڕازیبوو بەدامەزراندنی پەرلەمان یان مەجلیسو دەستورێکی واژۆکرد کە دەسەڵاتەکانی
سنوردار دەکرد.
مامۆستایەکی خۆشەویستو شەهیدبونی هاوڕێکەی
جۆشو خرۆشی شۆڕشگێڕانە کەشوهەوای وڵاتی تەنیبوو،
باسکەرڤیڵیش هەڵیمژییو تێیدا ژیا، لەقوتابخانەی یادەوەریی ئەمریکی وانەی بەمنداڵانی
موسڵمان دەوتەوە شانبەشانی مەسیحییە ئەرمەنو ئاشورییەکان، گواستییەوە بۆ ماڵی
ساموێل ویڵسنی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، بەشداریی نوێژەکانی بەیانییانی خێزانەکەی دەکردو
ئێوارانی هەینیشی لەگەڵیان بەخوێندنەوەی ڕۆمانەکان بەدەنگی بەرز بەسەردەبرد، لەقوتابخانەدا
مەشقی تێنسی بەکچە خوێندکارەکانی دەکرد، شانۆگەریی (بازرگانی ڤینیسیا)ی دەرهێناو لەسەر
خواستی خوێندکارەکانیشی وانەی یاسای نێودەوڵەتیی دەوتەوە.
باسکەرڤیڵ سوربوو لەسەرئەوەی فێربێت چۆن سەر
بەشوێنێک بێت کە بەزمانەکەی قسە ناکات؛ بۆ ڕاهێنان سەردانی خوێندکارەکانی دەکرد لەماڵەکانیانو
بانگهێشتی ژورەکەی خۆی دەکردن بۆ چاخواردنەوە. لەسەری ساڵی نوێی ئێرانیشدا (جەژنی
نەورۆز)، توانیی پیرۆزباییەک پێشکەشبکات کە لەبەریکردبوو، "پیرۆزبایی ڕۆژی سەری
ساڵتان لێدەکەم".
یەکێک لەنزیکترین هاوڕێکانی مامۆستایەک بوه
بەناوی شەریفزادە کە یەکێکبوه لەدیارترین ئەندامانی مەشروتەخوازان لەتەورێز؛ لەڕێگەی
ئەوەوە باسکەرڤیڵ بەبزوتنەوەکەو لایەنگرانی ئاشنا بوو، ئیتر ململانێ لەسەر داهاتوی
ئێران بوە پرسێکی کەسی بۆ ئەو، چونکە داواکارانی حوکمڕانیی دەستوریی هاوکار، خوێندکارو
هاوڕێکانی بون، بەڵام سەرباری هەموو قوربانییەکان، دەستکەوتەکان زوو بەبادا چون؛
موزەفەرەدین شا کە دەستورەکەی واژۆکردبوو، دوای ماوەیەکی کەم کۆچی دوایی کردو محەمەد
عەلی شای کوڕی لەبەڵێنەکانی باوکی پاشگەزبوەوە.
لە23ی حوزەیرانی 1908دا، بەپشتیوانیی ڕوسیا
کە هەمیشە دژی چاکسازییە دیموکراتییەکانی ئێران بوو، شا گورزێکی کوشندەی لەشۆڕشگێڕان
وەشاندو فەرمانی بەلیوای قەزاقی فارسی بەسەرۆکایەتیی عەقید ڤلادیمیر لیاخۆڤ کرد باڵەخانەی
پەرلەمان لەتاران تۆپباران بکەن، دواتر هەڵمەتێکی فراوانی گرتنو لەسێدارەدان دەستیپێکردو
لەماوەی چەند ڕۆژێکدا بزوتنەوەکە لەهەموو وڵاتدا پان کرایەوە، جگە لەتەورێز نەبێت.
لەپشت خۆڕاگریی تەورێزەوە، بازرگانێکی ئەسپ
بەناوی سەتار خان هەبوو کە بوە فەرماندەیەکی سەربازییو لەگەڵ پیاوەکانیدا قارەمانانە
بەرگرییان کرد؛ لەیەکێک لەساتە یەکلاکەرەوەکاندا، سەتار خان بەسواری ئەسپەکەی بەشەقامەکانی
شاردا گەڕاو ئاڵا سپییەکانی خۆبەدەستەوەدانی لەسەر باڵەخانەکان دڕاند. دوای ئەوە هێزەکانی
شا گەمارۆیەکی خنکێنەریان خستەسەر تەورێز تا بەبرسێتی ناچار بەخۆبەدەستەوەدانی بکەن.
بۆ باسکەرڤیڵ، ئاگری توندوتیژی زۆر لێی نزیکبوەوە
کاتێک شەریفزادەی هاوڕێی تیرۆرکرا؛ ئەو هاوڕێیەی یارمەتیدابوو لەڕەهەندەکانی خەباتی
دەستوری تێبگات ڕۆیشتو شوێنەوارێکی وێرانکەری لەدەرونیدا بەجێهێشت.
"من ئێستا سەر بەئێرانم"
لەشوباتی 1909دا گەمارۆکە تەواو توندبوەوەو
خەڵک لەبرساندا دەکەوتن، باسکەرڤیڵ زۆرجار باسی لەوەدەکرد، ڕوداوەکانی ئێران چۆن شۆڕشی
سەربەخۆیی ئەمریکای بیردەخەنەوە، بۆیە دوای نزیکەی مانگێک بڕیاری خۆیداو ڕەتیکردەوە
تەنها تەماشاکەربێت، لەدوایین وانەیدا باسی ئەرکی خزمەتکردنی نیشتمانی بۆ خوێندکارەکانی
کردو پاشان دەستپێشخەریی کرد بۆ ڕێکخستنی نزیکەی 150 خۆبەخش کە بەشێکیان خوێندکارەکانی
بون لەدەستەیەکی سەربازیدا بەناوی (فەوجی ڕزگاری)و لەگۆڕەپانی قەڵای تەورێزی گەمارۆدراودا
مەشقی سەربازیی پێکردن.
لەخوانێکدا کە سەربازە ئەرمەنەکانی سەر بەبزوتنەوەی
مەشروتە سازیانکردبوو، باسکەرڤیڵ بەڕاشکاوی بەئامادەبوانی وت کە ڕقی لەجەنگە، بەڵام
باوەڕی وایە جەنگان بۆ بەرگریکردن لەشارێکی گەمارۆدراوو دەستورەکەی جەنگێکی ڕەوایەو
شایەنی ئەوەیە ژیانی لەپێناودا ببەخشێت؛ کاتێک قسەکانی تەواوکرد هۆڵەکە پڕبوو لەچەپڵەو
هوتاف، ئەویش بەوتنەوەی کۆپلەیەک لەسرودی نیشتمانیی ئەمریکا وەڵامیدانەوە.
لەکاتی یەکێک لەمەشقەکاندا، ویڵیام دۆتی
کونسوڵی ئەمریکا لەبەردەم سەربازەکانیدا ڕوبەڕوی باسکەرڤیڵ بوەوەو بیریخستەوە کە ئەو
بۆ وانەوتنەوە هاتوەتە ئێران نەک بۆ شەڕکردن، بەڵام باسکەرڤیڵ لەسۆنگەی ویژدانەوە
بەرگریی لەبڕیارەکەی کردو ڕونیکردەوە، شانازی بەئەمریکیبونی خۆیەوە دەکات، بەڵام لەکۆتاییدا
مرۆڤەو ناتوانێت دەستەوەستان بوەستێت لەبەرامبەر ئازاری خەڵکی تەورێزدا.
لەبەرامبەر فشارەکاندا بۆ وازهێنان لەجەنگ،
باسکەرڤیڵ بڕیاریدا دەست لەکارەکەی وەک مامۆستا لەنێردەکە بکێشێتەوە (چونکە بەرپرسانی
نێردەکە ترسیان هەبوو چالاکییە چەکدارییەکەی کارەکەیان بخاتە مەترسییەوە)و بەردەوامبوو
لەسەرکردایەتیکردنی خۆبەخشەکانی، سەرباری بڕیارەکەشی، بەردەوامبوو لەچونە کڵێسا بۆ
نوێژکردنو ئانی ویڵسن-ى هاوسەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەگێڕێتەوە کە چۆن نوێژخوێنان
لەدەوری کۆدەبونەوە بۆ تەوقەکردنو دەربڕینی هاوسۆزیی.
ئێوارەی ئەو ڕۆژە، ئانی لێی پاڕایەوە کە سەرکێشی
بەژیانییەوە نەکاتو بیری خستەوە کە ژیانی تەنها موڵکی خۆی نییە تا قوماری پێوەبکات،
ئەویش بەم چەند وشە سادەیە وەڵامیدایەوە، "من ئێستا سەر بەئێرانم".
لەناوەڕاستی مانگی نیساندا، تەورێز دوایین
پاشماوەی خۆراکی خۆی بەکاردەهێنا، دوای شکستی هەوڵێکی پێشوتر بۆ بڕینی هێڵەکانی
پاشا بەهۆی دابیننەکردنی تۆپخانە بەڵێندراوەکەوە لەلایەن سەتار خانەوە، باسکەرڤیڵو
خۆبەخشەکانی خۆیان ئامادە دەکرد بۆ هێرشێکی نوێ بەمەبەستی شکاندنی گەمارۆکە، بەو هیوایەی
بگەنە کۆگاکانی خۆراک لەناوچەی (قەرەمەلیک) کە لەژێر دەستی هێزەکانی پاشادا بوو، کەمێک
پێش ئەم هێرشە یەکلاکەرەوەیە، باسکەرڤیڵ سەردانی خێزانی ویڵسنی کردو پێکەوە نزایانکرد؛
ساموێل ویڵسن لەخودا پاڕایەوە کە ئەم گەنجە بپارێزێت، لەکاتێکدا باسکەرڤیڵ تەنها بەنزاکردن
بۆ لابردنی نەهامەتیی سەر شارەکە وازیهێنا.
