شارپرێس:
بههۆى بێکاری، دابەزینی داهاتو ئاستەنگەکانی بەردەم هاوردەکردنی کاڵا لەگەروی هورمز، قەیرانی ئابوریی بەتوندی بەرۆکی سفرەی هاوڵاتیانی ئێرانی گرتوەتەوە، ئەندامێکی کۆمیسیۆنی تەندروستیی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش هۆشداریدەدات کە بەهۆی گرانییەوە، ئێستا پەتاتە بوەتە خۆراکی سەرەکیی خەڵکو قەیرانەکەش کەرتی دەرمانی خستوەتە بەردەم مەترسییەکی جدی.
هومایون نەجەفئابادی ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستیو دەرمان لەپەرلەمانی ئێران لەلێدوانێکدا پەردەی لەسەر دۆخی سەختی گوزەرانی هاوڵاتیان لهوڵاتهكهیدا هەڵماڵیو ڕایگەیاند، "داڕمانی توانای کڕینو بێکاریی، خێزانەکانی خستوەتە ژێر گوشارێکی بێوێنەوە بۆ دابینکردنی بژێویی".
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "گۆشتو مریشک لەسەر سفرەی زۆرینەی ئێرانییەکان نهماوهو ئێستا هێلکەش هەنگاو بەهەنگاو بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە خواردنێکی تایبەت بەچینە دەوڵەمەندەکان".
لەبارەی لێکەوتە تەندروستییەکانی ئەم قەیرانەوە، نەجەفئابادی ئاماژەی بەدیاردەیەکی مەترسیدارکردو ڕونیکردەوە، هۆکاری قەڵەوی لەناو هاوڵاتیاندا بۆ زۆرخۆری ناگەڕێتەوە، بەڵکو دەرەنجامی دابەزینی کوالێتیی خۆراکە؛ چونکە خەڵک لەپێناو تێرکردنی سکیاندا ناچارن پەنا بۆ خۆراکە هەرزانو ناتەندروستەکان ببەنو لەئێستاشدا پەتاتە بوەتە بژاردەی سەرەکیی سەر سفرەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە، سنوردارکردنی هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەروی هورمزو ئاستەنگە لۆجستیکییەکان، کۆسپی گەورەیان بۆ گواستنەوەی کاڵا بۆ ناو ئێران دروستکردوە؛ بەجۆرێک جگە لەو کەشتییانەی گەنمەشامیو سۆیا دەگوازنەوە، زۆربەی کەشتییەکانی دیکە ڕوبەڕوی بەربەست بونەتەوە.
هومایون سامه یوح نهجهف ئابادى كه هاوكات نوێنهرى جولهكهكانى ئێرانیشه لهپهرلهمانى ئهو وڵاته جەختیکردەوە، قەیرانەکە تەنها بەخۆراکەوە نەوەستاوە، بەڵکو کەرتی دەرمانیشی گرتوەتەوە، کێشەی گواستنەوەی دراوی بیانیو ئاستەنگی هاوردەکردنی کەرەستەی خاو لەهیندستانەوە کە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی مادە خاوەکانی دەرمانە بۆ ئێران، بوەتە هۆی کەمبونەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆییو بەرزبونەوەی نرخەکان، دواجاریش باجە قورسەکەی دەکەوێتەسەر شانی نەخۆشو هاوڵاتیان.
