دوای سەردانەکەی فەیاز بۆ لای بارزانی؛ عەلی زەیدیی پەیامێکی یەکلاکەرەوە ڕاده‌گه‌یه‌نێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 13288 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەنها ڕۆژێک دوای سەردانەکەی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ پیرمام‌و کۆبونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران‌و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پێشوازیی لەفالح فەیاز کردو جەختی لەبەردەوامیی پلانەکانی حکومەت کردەوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لەهەموو بستێکی خاکی عێراقدا.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەدیدارەکەدا دوایین پێشهات‌و گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی ناوخۆیی‌و دەرەکی تاووتوێکراون، هاوکات تیشکخراوەتەسەر گرنگیی کارکردن بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی لەناوخۆی وڵاتدا، بەئامانجی سەرخستنی بەرنامە گەشەپێدان، ئابوریی‌و وەبەرهێنانەکانی حکومەت.

لەتەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەکانی پەرەپێدان‌و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەسەرجەم جۆر و پێکهاتەکانییەوە کراوە، بەپێکهاتەکانی دەستەی حەشدی شەعبیشەوە.

لەکۆتایی دیدارەکەدا، عه‌لى زه‌یدیى فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پەیامێکی ڕون‌و توندی ئاراستە کردوه‌و جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "حکومەت بەردەوامە لەجێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، چەسپاندنی یاسا، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌و ڕوبەڕوبونەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆسەر سامانی نیشتمانی لەهەر شوێنێکی خاکی عێراقدا بێت".

ئەم پەیامەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایه‌، شه‌وى ڕابردوو شارپرێس هه‌واڵێكى له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى فالح فەیاز بۆ پیرمام‌و كۆبونه‌وه‌ى لەگەڵ مەسعود بارزانی بڵاوكرده‌وه‌.

شارپرێس پاڵپشت به‌زانیاریی سەرچاوەیه‌كى تایبەتى خۆى له‌ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق بڵاویكرده‌وه‌، "لەکۆبونەوەیەکی تایبەتدا عەلی زەیدیی بەئامادەبونی چەند بەرپرسێک، بەڕاشکاوی ڕایگەیاندوە، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت، پارەیان لەسەر دەبڕێت‌و وەزیرە کوردەکانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم".

سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، پەیامەکە لەڕێگەی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە گەیەندراوەتە دەست سەرکردایەتیی هەرێم‌و چه‌ند خاڵێكى زۆر هه‌ستیارو پڕ له‌هۆشداریى له‌خۆى ده‌گرێت.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکان سەردانەکەی فەیاز بۆ گەیاندنی پەیام‌و هەڵوێستەکانی بەغدا بوە سەبارەت بەدۆسیەی نەوت، دەروازە سنورییەکان‌و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا.