بەغدا چاوی لەدەریای ناوەڕاستە؛ پەرلەمانتارێک داوای زیندوکردنەوەی بۆریی نەوتی (کەرکوک - بانیاس) دەکات

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2414 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق‌و سوریا قۆناغێکی نوێی گەشەسەندن بەخۆیانەوە دەبینن، بە جۆرێک هەردولا بەرەو پێشخستنی هاوبەشیی ئابوریی‌و زاڵکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان هەنگاو دەنێن، لەگەڵ تۆمارکردنی تێپەڕبونی زیاتر لە 153 هەزار بارهەڵگر لەدەروازەی سنوریی (وەلید/ تەنەف) لەوەتەی دوبارەکراوەتەوە، هەوڵەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخان‌و زیندوکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی (کەرکوک - بانیاس) بەردەوامن، هاوکات شارەزایانی ئابوریش داوای ڕێکخستنی بازرگانیی ترانزێت دەکەن تا لەداهاتودا ببەسترێتەوە بەپرۆژەی ڕێگه‌ی گەشەپێدانەوە.


بیرکردنەوە بەعەقڵیەتی بازرگان
کازم شەمەری سەرۆکی لیژنەی دەروازە سنورییەکان لەپەرلەمانی عێراق پێیوایە، زۆربەی کێشە سیاسییەکانی ناوچەکە پاڵنەری ئابورییان لەپشتەو جەختدەکاتەوە، دروستکردنی هاوبەشییەکی ئابوریی ڕون لەنێوان عێراق‌و سوریادا لەبوارەکانی گواستنەوەی وشکانی، ئاسمانی‌و هێڵی بۆرییەکاندا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باشترکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان دەبێت.

شەمەری ئاماژە بەوەشدەکات، سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق‌و لەسەرویانەوە سەرۆک وەزیران، لەئێستادا بەعەقڵیەتی بازرگان‌و پیاوی کار بیردەکەنەوە، چونکە عێراق پێویستی بەقوڵایی ستراتیژیی سوریا هەیە وەک دەروازەیەک بەرەو دەریای ناوەڕاست.

ناوبراو بەبیری دەهێنێتەوە، هەریەکە لەئێران‌و ڕوسیا عێراقیان بەکارهێنا بۆ گەیشتن بەدەریای ناوەڕاست، بۆیە دەستبەرداربونی عێراق لەو پێگە ستراتیژییەی سوریا لەپێناو کێشەی لاوەکیدا، کارێکی لۆژیکی نییە.

ئامانجەکە 250 هەزار بارهەڵگرە
سەرۆکی لیژنەی دەروازە سنورییەکان ڕونیدەکاتەوە، تێپەڕبونی ئەم ژمارە بارهەڵگرەی ئێستا هێشتا نەگەیشتوەتە ئاستی چاوەڕوانییەکان‌و ئامانجی سەرەکی گەیاندنیەتی بە200 بۆ 250 هەزار بارهەڵگر لەڕێگەی دەروازەی (وەلید/ تەنەف) لەپارێزگای ئەنبار.

هەروەها داوادەکات، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان بەغداو دیمەشق بەشێوەیەکی بەرچاو دەستپێبکەنەوەو هێڵی بۆریی نەوتی (کەرکوک - بانیاس) بخرێتەوەکار.

شەمەری گەیشتن بەو ئامانجە بەنۆژەنکردنەوەی ژێرخانی دیوی عێراقەوە دەبەستێتەوەو ئاشکرایدەکات، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ وەزیری دارایی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابوریی، وەزیری پلاندانان‌و پارێزگاری 14 پارێزگا کۆبونەتەوە بۆ تاووتوێکردنی تەرخانکردنی داهاتی دەروازە سنورییەکان بۆ پارێزگاکان، چونکە وەزارەتی دارایی توانای دابینکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی پارێزگاکانی نییە.

هاوکات داوای نۆژەنکردنەوەی دەروازەی سنوریی ڕەبیعە لەنەینەوا دەکات کە ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ بارهەڵگرە تورکییەکان‌و دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابوریی موسڵ‌و ناوچەکە.

زمانی ژمارەکان: باڵادەستیی ترانزێت‌و تانکەرەکانی نەوت
لە19ی تشرینی دوەمی 2026، دەستەی گشتیی دەروازەو گومرگەکانی سوریا ڕایگەیاند، لەوەتەی دەروازەی (تەنەف/ وەلید) لە 31ی ئاداری 2026 دوبارە کراوەتەوە، تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم (مانگى 10)، زیاتر لە 153 هەزار بارهەڵگر بەو دەروازەیەدا تێپەڕیون به‌شێوه‌یه‌ك وه‌كو ترانزێت نزیکەی 126 هەزار بارهەڵگر (کە 123 هەزارو 678یان تانکەری گواستنەوەی نەوت‌و سوتەمەنی بون، هاوردەکردنیش نزیکەی 22 هەزار بارهەڵگره‌، هه‌روه‌ها هەناردەکردن پێنج هەزارو 300 بارهەڵگره‌.

ڕوانگەی ئابوریی‌و ڕێگه‌ی گەشەپێدان
لەلایەکی دیکەوە، عامر جەواهیری شارەزای ئابوریی جەختدەکاتەوە، گەورەترین گەشەسەندن لەجوڵەی ترانزێتدایە؛ بەتایبەت ئەو کاڵایانەی لە(سوریا، تورکیاو وڵاتانی ئەوروپا)وە بەناو عێراقدا بەرەو وڵاتانی کەنداو دەڕۆن.

جەواهیری پێیوایە، عێراق دەبێت سود لەم جوڵەیە وەربگرێت بۆ خزمەتکردنی ستراتیژیی ڕێگه‌ی گەشەپێدان‌و دامەزراندنی کارگەو پیشەسازیی ناوخۆیی کە بازاڕەکانی کەنداو بکەنە ئامانج.

ناوبراو هۆشداریشدەدات، گواستنەوەی نەوت بەتانکەر چارەسەرێکی کاتییەو سودەکەی بۆ عێراق سنوردارە، چونکە لەئابوریی مۆدێرندا بۆرییە نەوتییەکان تاکە ڕێگه‌ی کاران، بۆیە داوادەکات دەستەی سەرپەرشتیاری ڕێگه‌ی گەشەپێدان لەئێستاوە کار لەسەر لابردنی بەربەستەکان‌و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان بکەن تا عێراق ببێتە ناوەندێکی سەرەکیی ترانزێت بۆ هەر چوار ئاراستەکە (ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکورو باشور).

لەکۆتاییدا، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی کارەکانی نۆژەنکردنەوەو فراوانکردنی دەروازەی تەنەف لەلایەن سوریاوە، ژمارەکان دەریدەخەن کە ئەم دەروازەیە چیتر تەنها خاڵێکی پەڕینەوەی ئاسایی نییە، بەڵکو بوەتە شادەمارێکی نوێی بازرگانی کە پێویستی بەژێرخانێکی بەهێزترە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو گەشە خێرایەی بازرگانیی ناوچەکە.