سەرۆک وەزیران‌و سەرۆک کۆماری عێراق کۆبونەوەو داوای پشتیوانیی له‌هێزە سیاسییەکان دەکەن

عیراق

9 خولەک پێش ئێستا‌ 2037 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ یەکشەممە عەلی زەیدیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لەنزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق کردو تێیدا دۆسیە نیشتمانییەکان‌و هەنگاوەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازییەکان تاووتوێکران.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەدیدارەکەدا هەردولا گفتوگۆیان لەبارەی ژمارەیەک دۆسیەو پرسی هەستیاری نیشتمانییەوە کردوە، هاوکات تیشکیانخستوەتەسەر ڕێکارە کردارییەکانی حکومەت لەپێناو جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازیی‌و گەشەپێدانەکانی لەوڵاتدا.



لەتەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، زەیدیی‌و ئامێدی، جەختیان لەگرنگیی پشتیوانیکردنی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان بۆ ڕێکارەکانی حکومەت کردوەتەوە، بەئامانجی چەسپاندنی سەقامگیریی، پاراستنی شکۆو سەروەریی دەوڵەت‌و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان، بەجۆرێک کە خزمەت بەبەرژەوەندیی باڵای وڵات‌و هاوڵاتیان بکات.

ئەم دیدارانه‌ى زه‌یدیى له‌كاتێكدان، لەماوەی ڕابردودا زنجیرەیەک هەنگاوی کرداریی‌و یەکلاکەرەوەی بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت‌و سەپاندنی یاسا دەستپێکردوە؛ دیارترینیان کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەی ستراتیژیی "جورف سەخر"و بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان بوو لەو سنورە، هاوکات لەگەڵ هەڵمەتێکی فراوان بۆ بنبڕکردنی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوت‌و پاراستنی سامانی نیشتمانی لەسەرتاسەری عێراقدا.

هاوکات زەیدیی بەپشتیوانییەکی نێودەوڵەتی‌و بەتایبەت ئەمریکا، کار لەسەر دۆسیەی هەستیاری کۆکردنەوەی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتداو ڕێکخستنەوەی داهات‌و دەروازە سنورییەکان دەکات، وەک بەشێک لەدیدگایەک بۆ چەسپاندنی سەروەریی عێراق‌و سەرخستنی بەرنامە چاکسازیی‌و ئابورییەکانی حکومەتەکەی.