شارپرێس:
فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی توندی سەربازیی بڵاوکردەوەو
جەختیکردەوە، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانە باڵاکان،
هاوکات ئاشکرایکرد، چەکی پێشکەوتوو و چاوەڕواننەکراویان بەرهەمهێناوە کە دەبنە مایەی
شۆک بۆ دوژمنان.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی (تەسنیم)، عەمید مهجید موسەوی فەرماندەی هێزی
ئاسمانیو بۆشاییگەریی سوپای پاسداران، لەلێدوانێکدا پەردەی لەسەر توانا سەربازییە
نوێیەکانی تاران هەڵماڵیو ڕایگەیاند، گۆڕەپانی جەنگ بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایەو
هێزەکانیان ئامادەن بەرپەرچی هەر هەڕەشەیەک بدەنەوە.
عەمید مهجید موسەوی تیشکیخستەسەر گەشەسەندنی توانای هێرشبەریو بەرگریی وڵاتەکەییو
وتی، "لەماوەی نێوان دوو جەنگدا تواناکانی هێزی ئاسمانیو بۆشاییگەریی ئێران
بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردوە؛ لەناو ئەم دامەزراوەیەدا کەرەستەی کاریگەر، بێوێنەو
چەکی تۆقێنەرو پێشپێگر بەرهەمهێنراون کە لەکاتی بەکارهێنانیاندا دەبنە مایەی شۆکو
سەرسوڕمان بۆ نەیارانمان".
فەرماندەکەی سوپای پاسداران بەزمانێکی یەکلاکەرەوە دوپاتیکردەوە، هاوکێشەی
جەنگ بەدەستی ئەوانەو وتی، "بەفیداکارییو هەوڵی هێزە چەکدارەکانمان، تەواوی
مەیدانەکە لەژێر دەستی ئێمەدایەو ئێمە یاساو کایەی گۆڕەپانی جەنگ دیاریدەکەین".
لەکۆتایی پەیامەکەشیدا، مهجید موسەوی هۆشداریدایە نەیارانی تاران کە سوپای
پاسداران لەبەکارهێنانی هێزی سەربازییو ڕوبەڕوبونەوەی هەر مەترسییەکدا، تەنانەت بۆ
ساتێکیش دودڵ نابێت.
