بەفەرمی بڕیاری ڕاگرتنی تێلیگرام گەیشتە هەرێم‌و وەزارەتی گواستنەوە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت ئاگاداردەکاتەوە

کوردستان

20 خولەک پێش ئێستا‌ 2195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی داواکاریی حکومەتی عێراقی بۆ ڕاگرتنی پلاتفۆرمی "تێلیگرام" ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت کرد لەهەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی بەغدا مۆڵەتی 30 ڕۆژی دایە کۆمپانیاکە تاوەکو پابەندی یاساو ڕێنماییەکان بێت.


وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە لەڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕای گشتیی ئاشکرایکرد، لەڕێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لەبەغدا، نوسراوێکی فەرمیی حکومەتی عێراقی فیدراڵیان سەبارەت بەڕاگرتنی کاتیی پلاتفۆرمی تێلیگرام بەدەستگەیشتوە.

بەگوێرەی نوسراوەکەی بەغدا، هۆکاری بڕیاری ڕاگرتنی پلاتفۆرمەکە دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی نایاسایی کە بونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی‌و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، هاوکات بەهۆی بڵاوکردنەوەی گوتاری توندوتیژیی‌و ڕق‌و کینە تێیدا.

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، حکومەتی فیدراڵ دەرفەتی داوەتە ئەو کۆمپانیایەی پلاتفۆرمی تێلیگرام بەڕێوەدەبات، تاوەکو لەماوەی 30 ڕۆژدا پابەندی یاساو ڕێنماییەکانی حکومەت بێت.

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن جەختیکردوەتەوە، ئەمڕۆ بەنوسراوێکی تایبەت، داواکارییەکەی حکومەتی فیدراڵییان ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت کردوە (بەتایبەت ئەوانەی مۆڵەتپێدراوی وەزارەتن لەهەرێمی کوردستان)، تاوەکو به‌گوێره‌ى یاساو لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئەنجامبدەن.