شارپرێس:
لەچوارچێوەی فراوانبونی لێکەوتەکانی سزای نوێی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا، سەرجەم فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی عێراق بهههرێمى كوردستانیشهوه بەفەرمی گەشتەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵپەسارد.
دوای ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە سەر زەوییەکان بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف-یش ڕایگەیاند، لەکاتژمێر 2ى بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینیهوه سەرجەم گەشتە هاتوو و دەرچوەکانی لەگەڵ ئێران ڕاگرتوە.
هاوکات ئاژانسی ههواڵى ڕوێتەرز پشتڕاستیکردوهتهوه، فڕۆکەخانەکانی هەولێرو سلێمانییش لەمڕۆ ههینیهوه بەتەواوی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵپەساردوە.
ئەم پاشەکشێو بڕیارە کتوپڕەش دوای ئەوەدێت، گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا ڤیتۆی خستەسەر 27 کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئێرانیو هۆشداریی توندیدایە تەواوی ئەو وڵاتو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە خزمەتگوزارییەکانی وەک تێکردنی سوتەمەنی، نیشتنەوە یان پاڵپشتی لۆجستی پێشکەشی فڕۆکە ئێرانییەکان دەکەن لەجیهاندا.
بهگوێرهى بەیاننامەی فەرمیی فڕۆکەخانەی نەجەف، ئەم پەککەوتنە لەسەر بنەمای ڕێنماییو "تەوجیهاتی فەرمیی لایەنە باڵا کەرتییەکان" هاتوەتە کایەوەو داوا لەکۆمپانیا گەشتیارییەکان کراوە کە هیچ جۆرە ڕێکخستنێکی نوێ ئەنجامنەدەن.
ئەم بڕیارانەی عێراق هاوکاتە لەگەڵ چڕبونەوەی سزاکان کە وایکرد لەچەند ڕۆژی ڕابردودا دەوڵەتانی دیكهى وەک (ئیمارات، عومان، ئازەربایجان، جۆرجیاو تورکمانستان)یش بەتەواوی ئاسمانی خۆیان بەڕوی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا دابخەن.
