شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی ئەمنیی بەپەلەی ئاراستەی هاوڵاتییانی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردو ڕایگەیاند، بەهۆی زیادبونی مەترسیی هێرشی حوسییەکانەوە، ئەگەری داخستنی کایەی ئاسمانیو هەڵوەشاندنەوەی گەشتە فڕۆکەوانییەکان لەناوچەکەدا لەئارادایە.
لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لەسەرجەم هاوڵاتییە ئەمریکییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە ئەوپەڕی وریاییو چاوکراوەیی بنوێنن، ئەوەش لەسایەی هەڵکشانی هەڕەشە ئەمنییەکانو زیادبونی ئەگەری هێرشە چەکدارییەکانی گروپی حوسییەکانی سەر بەئێران.
واشنتۆن بەڕاشکاوی هۆشداریداوە لەوەی، پەرەسەندنە ئەمنییە خێراکانی ناوچەکە ڕەنگە ببنە هۆی پەککەوتنی کەرتی فڕۆکەوانی، هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک گەشتی ئاسمانیو داخستنی کایەی ئاسمانی بەڕوی فڕۆکەکاندا کە ئەمەش ئاستەنگی گەورە بۆ هاتوچۆی گشتیی دروستدەکات.
لەکۆتایی هۆشدارییەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێنمایی هاوڵاتییانی کردوە کە بەوردی چاودێریی پێشهاتە ئەمنییەکانو بەیاننامەکانی باڵیۆزخانەو نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بکەن، هاوکات بەر لەچونیان بۆ فڕۆکەخانەکان، پەیوەندیی بەهێڵە ئاسمانییەکانەوە بکەن تا لەهەر گۆڕانکارییەک لەکات یان ڕێڕەوی فڕینەکان دڵنیاببنەوە.
