پەیامێکی نوێ لە شاسوار عەبدولواحیدەوە بۆ پارتی: ئەم داوایەم وەک برایەک لێوەربگرن

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4418 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای بڕیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی هەرێمی کوردستان، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیامێک ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و دەڵێت،" داواکارم بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت لەپێناو بەرژەوەندی کوردستان دەستبەرداری پۆستی سەرۆک وەزیران بن ".


شاسوار عەبدولواحید لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بەوەکرد،" هەر کەسێکی دڵسۆز دۆستی کورد و هەرێمی کوردستانە، هیوادارم ئەم پەیامەم بە دڵسۆزییەوە لێوەربگرێت، داواکارام لەهەموو لایەنەکان دەستبەرداری هەندێک پۆست و بەرژەوەندی کەسی بن ".

ئەوەشیخستەڕوو،" دەبێت لەئێستادا لەهەرێمی کوردستان حکومڕانییەکی باش هەبێت و جێی متمانەی خەڵک بێت ".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەپەیامەکەیدا بۆ پارتی دەشڵێت،" داواکارم لە کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت لەپێناو بەرژەوەندی کوردستان دەستبەرداری پۆستی سەرۆک وەزیران بن و کەسێک دیاری بکرێت کە جێی رەزامەندی هەموو لایەنەکان بێت، ئێمەش هێڵی سورمان لەسەر هیچ کەسێک نییە ".

راشیگەیاند،" ئەگەر ئێمە بەمە رازی نەبن، هەرچی روبدات لەئەستۆی ئەوانەیە کە ئێستا حوکمی هەرێمی کوردستان دەکەن ".

لەکۆتاییشدا شاسوار عەبدولواحید وتی،" ئەم داوایەم وەکو برایەکی خۆتان لێوەربگرن، ئەو پۆستانەی ئێستا هەتانە کە سبەینێ هیچی نەما هیچ بەهایەکی نامێنێت، بەڵام ئێستا دەتوانین حکومەتێکی تازە بە سەرۆکێکی نوێوە لەگەڵ بەغدا دابنیشین و هەندێک رێککەوتن بکەین هەتا کار لەکار نەترازاوە ".