پێنج ملیار دینار لەسێ کۆمپانیا وەرگیرایەوە کە بەفێڵ‌و ساختەکاریی حەواڵەی دۆلاریان بۆ دەرەوەی عێراق کردوە

عیراق

21 خولەک پێش ئێستا‌ 1169 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەسەڵاتی دادوەریی عێراق گورزێکی یاسایی لەتۆڕەکانی یاریکردن بەنرخی دۆلار دەدات‌و بڕی پێنج ملیار دینار لەسێ کۆمپانیا دەسێنێتەوە کە لەڕێگەی حەواڵەی ساختەوە دۆلاریان بردوەتە دەرەوەی وڵات.


ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی دوەم توانیویەتی بڕی پێنج ملیار دیناری عێراقی لەدۆسیەیەکی گەورەی ساختەکاریی داراییدا بگەڕێنێتەوە.

بەگوێرەی ڕونکردنەوەی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، ئەو بڕە پارەیە لەسێ کۆمپانیای سەرپێچیکار وەرگیراوەتەوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی‌و لەڕێگەی حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوەی عێراق، هەوڵیاندابوو سود لەجیاوازیی نرخی دۆلار وەربگرن؛ بەڵام لێکۆڵینەوە وردو بەدواداچونە دادوەرییەکان پیلانەکەیانی ئاشکراکردوەو تەواوی پارەکەی لێوەرگرتونەتەوە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لەهەوڵە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ پاراستنی سامانی گشتیی‌و بنبڕکردنی گەندەڵیی دارایی‌و کارگێڕیی، هاوکات هۆشداریشدراوە، ڕێکارە یاساییەکان بەتوندی بەردەوامدەبن دژی هەر کۆمپانیاو لایەنێک کە بەڕێگه‌ی ناڕەوا زیان بەئابوریی‌و سامانی گشتیی بگەیەنێت.