یەکگرتوو هەڵوێستێکی نوێ رادەگەیەنێت و چەند داوایەکی لەپارتی و یەکێتی هەیە

کوردستان

33 خولەک پێش ئێستا‌ 584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان هەردوو حزبی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بەرپرسیاری سەرەكی دەزانێت لە دۆخی چەقبەستویی سیاسی و ئەگەری لەتبونی هەرێم و لاوازكردنی زیاتری پێگە سیاسیەكەی، دەشڵێت، پێویستە چیتر بەرژەوەندی حزبی و كەسی نەخرێتە پێش بەرژەوەندی باڵای هاوڵاتیان.

مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئەمڕۆ دووشەممە 23/11/2026 مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان بەسەرپەرشتی ئەمینداری گشتی كۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا، كە تیایدا بەشێكی زۆری كۆبونەوەكە تایبەت كرا بە ئەو بارودۆخە چەقبەستوییە سیاسییەی كە هەیە ".

یەکگرتوەی ئیسلامی باسی لەوەشکرد،" لەئێستادا هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە قەیرانی سیاسی، ئابووری و كارگێڕیدا تێدەپەڕێت، كە بووەتە هۆی سەختبوونی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و لاوازبوونی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەكان ".

ئەوەشیخستەڕوو،" ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، وەك هەمیشە لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقی، لە قۆناغەكانی ڕابردوودا چەندین هەنگاوی كردەیی و دەستپێشخەریمان خستووەتە ڕوو؛ هەر لە پێشكەشكردنی پڕۆژەی چاكسازی و هەوڵدان بۆ یەكڕیزی نیشتمانی و تەبایی نێوان لایەنەكان، تا دەگاتە بڕیاری كشانەوە لە حكومەت و هەڵبژاردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆنبوون، وەك هەڵوێستێكی مەبدەئی دژی گەندەڵی و قۆرخكاری و بۆ بەرجەستەكردنی ئیرادەی گەل. بەداخەوە لە بری بەدەمەوەهاتنی ئەو هەنگاوە دڵسۆزانەیە، دەسەڵاتداران بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتی پەراوێزخستن و درێژەدان بە قەیرانەكان ".

مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەكاتەوە:

1/ بەرپرسیارێتی مێژوویی و یاسایی: هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) بەرپرسیاری یەكەم و سەرەكین لە دۆخی چەقبەستوویی سیاسی و ئەگەری لەتبوونی هەرێم و لاوازكردنی زیاتری پێگە سیاسیەكەی و دەرهاویشتە خراپەكانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و پەكخستنی دامەزراوە شەرعییەكان، چونكە جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانی و داهاتی ئەم وڵاتە لەژێر دەستی ئەواندایە.

2/ كۆتاییهێنان بە قۆرخكاری: پێویستە چیتر بەرژەوەندی حزبی و كەسی نەخرێتە پێش بەرژەوەندی باڵای هاووڵاتیان، و هەنگاوی جدی بنرێت بۆ شەفافیەت لە داهات و چاكسازی ڕاستەقینە لە سیستەمی حوكمڕانیدا. پاراستنی قەوارەی هەرێم و شكۆی هاوڵاتیەكانی لەسەروی هەموو شتێكەوە بێت.

3/ پشتگیریكردنی داوا ڕەواكان: یەكگرتوو وەك هەمیشە لە سەنگەری بەرگریكردن لە ماف و داوا ڕەواكانی مووچەخۆران و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دەمێنێتەوە و پشتیوانی هەموو خەباتێكی مەدەنی و ئاشتیانە دەكات.

یەکگرتوی ئیسلامی داوا دەکات لایەنەكانی دەسەڵات بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و چیتر هاووڵاتیانی كوردستان نەكەنە قوربانی ململانێ حزبییەكانیان، چونكە مێژوو و گەل ڕەحم بە كەس ناكەن.