ئەرکێکی نوێی ئەمنی لەشنگال؛ 1500 شه‌ڕڤانى یەبەشە پاراستنی مەزارگە ئایینیەکانی ئێزدیەکان دەگرنە ئەستۆ

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1432 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچوارچێوەی ڕێکخستنەوەی دۆسیەی ئەمنیی قەزای شنگال‌و دابەشکردنی ئەرکەکان بەسەر هێزە فەرمییەکاندا، بڕیاردرا 1500 چەکداری پێشوی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) کە لەچوارچێوەی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەدا خراونەتەسەر دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، ئەرکی پاراستنی مەزارگەو دامەزراوە ئایینییەکانی ئێزدییەکان لەشنگال بگرنە ئەستۆ.


بەگوێرەی ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت به‌شارپرێس دراون، ئەو هێزە 1500 کەسییە وەک بەشێکی فەرمی لەسیستمی بەرگریی‌و ئەمنیی عێراق‌و لەژێر فەرماندەیی دەسەڵاتە فیدراڵییەکاندا، ئەرکی دابینکردنی ئاسایش‌و پاراستنی سەرجەم پەرستگا، مەزارگەو شوێنە پیرۆزەکانی کوردانی ئێزدیان لەسنوری شنگال پێدەسپێردرێت، بەئامانجی پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینیی ناوچەکە لەلایەن ڕۆڵەکانی شنگال خۆیانەوە.

ئەم بڕیارە نوێیە درێژکراوەی ئەو ڕێککەوتنە مێژویەیە کە لەڕۆژی 26ی تشرینی یەکەمی 2026 لەشنگال ئەنجامدراو بەڕۆژی ئه‌نتیگراسیۆن (هەماهەنگی‌و یەکخستن) ناسرا؛ گرنگترین خاڵەکانی ئەو پرۆسەیە بریتیبون لەمەراسیمێکی فەرمیدا بەئامادەبونی نوێنەری سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و بەرپرسانی سەربازیی‌و کارگێڕیی نەینەوا، زیاتر له‌پێنج هه‌زار شه‌ڕڤانى یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)و یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە) بەفەرمی تێکەڵ بەدامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق کران.

هاوکات لەگەڵ تێکەڵکردنی ئەو هێزانەدا، دۆسیەی ئەمنیی ناوەندی شنگال‌و تەواوی چیای شنگال ڕادەستی یەکەکانی سوپای عێراق‌و هێزە فیدراڵییەکان کرایەوە، ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی بەرنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا جێبەجێکرا بۆ کۆکردنەوەی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا، کۆتاییهێنان بەفرەهێزی لەشنگال‌و زەمینەخۆشکردن بۆ ئاساییبونەوەی دۆخی شارەکەو گەڕانەوەی ئاوارەکان.