شارپرێس:
دوای چەندین ڕۆژ لەگرژیی
سیاسییو ئاڵوگۆڕکردنی هەڵوێستی توند، پارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان دەگەڕێنەوەسەر مێزی گفتوگۆ، ئەمە یەکەمین کۆبونەوەی وەفدی مەکتەبی سیاسیی
هەردولایە لەدوای قوڵبونەوەی ناکۆکییەکان، کشانەوەی یەکێتیی لەحکومەتی هەرێمو هەڕەشەی
پێکهێنانی ئیدارەیەکی سەربەخۆ لەسلێمانی؛ گەڕانەوەیەک کە دوای زنجیرەیەک پەیوەندییو
نێوەندگیریی ناوخۆیی، هەرێمیو نێودەوڵەتی دێت بۆ ڕێگریکردن لەگەڕانەوەی دۆخی دوو
ئیدارەیی.
ڕەگو ڕیشەی ئەم گرژییانە
دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی (4ی تشرینی دوەمی 2026)، کاتێک پەرلەمانی کوردستان دوای نزیکەی
دوساڵ لەوەستان (لەدوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2024)، دانیشتنی خۆی بۆ هەڵبژاردنی
دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجامدا، دانیشتنەکە بەبەشداریی پەرلەمانتارانی پارتیو چەند
لایەنێکی دیکە بەڕێوەچوو، بەڵام یەکێتییو چەند هێزێکی دیکە بایکۆتیانکردو ڕۆژی
دواتر یەکێتیی کشانەوەی خۆی لەحکومەتی هەرێم ڕاگەیاند، ئەمەش ترسی گەڕانەوەی دابەشبونی
جوگرافیو کارگێڕیی سەردەمی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوی لێکەوتەوە.
سەرچاوەیەکی سیاسیی
ئاگادار ئاشکرایکرد، نێوەندگیریی نێوان (ئێران، تورکیاو ئەمریکا) وایکردوە یەکێتیی
بەدانیشتن لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ پارتی ڕازی ببێت، بهگوێرهى زانیارییەکان، تۆم
باراک نێردەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، چەندین پەیوەندیی لەگەڵ سەرکردەکانی هەردوو
حزبدا ئەنجامداوە؛ هاوکات ژمارەیەک بەرپرسی تورکیا بەنهێنی لەهەولێر لەگەڵ هەریەکە
لەمەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبونەتەوەو
پەیامی ئێرانیش گەیەندراوەتە هەردولا.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکە
ئاماژەی بەوەداوە، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی دوایین سەردانی بافڵ
تاڵەبانی بۆ بەغدا، داواى لێکردوە کە بگەڕێتەوەو لەگەڵ پارتی ڕێکبکەوێت؛ چونکە بەغدا
ناتوانێت بودجەی سلێمانی لەهەرێمی کوردستان جیابکاتەوەو حکومەتی فیدراڵیش پشتیوانیی
هیچ لایەنێکی کوردی ناکات لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە، ئێستا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ
ئەوەی لەچەند ڕۆژی داهاتودا مەسعود بارزانیو بافڵ تاڵەبانی کۆببنەوە.
سهرچاوهیهك لهیهكێتیى
بۆ ڕۆژنامهى (عالهم جهدید)ى قهتهرى وتویهتى، بەهۆی نێوەندگیرییەکانەوە حزبەکەی
بەکۆبونەوە ڕازیبوە، بەڵام جەختیکردەوە، سێ مەرجیان داوەتە وەفدی پارتیو بەبێ جێبەجێکردنیان
ناگەڕێنەوە ناو حکومەت مهرجهكانیش بریتین له(هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی
کوردستان، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی لەیەکێتییو نەوەی نوێ جیابونەوەو
بەشداریی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کرد، لهگهڵ مهرجى سێیهم ئهویش بریتیه لهچاکسازیکردن
لەسیستمی ئەمنیی هەرێمو کۆتاییهێنان بەسیاسەتی پەراوێزخستنو تاکڕەویی پارتی لەو
دامەزراوانەدا".
لهسهر مهرجهكانى یهكێتیى
بۆ پارتى، ڕۆژى 21ى ئهم مانگه شارپرێس وهكو یهكهم میدیاى كوردى، لهزارى سهرچاوهیهك
لهئهنجومهنى سهركردایهتى یهكێتیهوه ئاشكرایكرد، "لەیەکەم کۆبونەوەی فەرمیی
نێوانیاندا لەدوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانو سەرهەڵدانی گرژییەکان، پارتیو
یەکێتیی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی لەهەولێر کۆبونەوەو دوو وەرەقەی داواکاریی یان
مهرجى قورسى خستوهته بەردەم پارتی".
لەبەرامبەردا، دڵشاد شەعبان
ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەرجەکانی یەکێتیی بەمەحاڵو جێبەجێنەکراو
ناوبردو ڕایگەیاند، "دانیشتنی پەرلەمان یاسایی بوەو دادگای فیدراڵیی عێراقیش
داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕەتکردوەتەوە".
سەبارەت بەو پەرلەمانتارانەش
کە پابەندی بایکۆتی حزبەکانیان نەبون، شهعبان وتویهتى، "ئەوە دەچێتە چوارچێوەی
ئازادیی ڕادەربڕینو دیموکراسییەوەو ناکرێت ناچاربکرێن دەستلەکاربکێشنەوە".
دڵشاد شەعبان پێشیوایە،
یەکێتیی لەکۆتاییدا ناچارە بگەڕێتەوەسەر مێزی گفتوگۆ، چونکە پێشتر چاوەڕێی دەکرد
(بەغداو چوارچێوەی هەماهەنگیو دادگای فیدراڵیی) پشتیوانیی بکەن، بەڵام واقیعی بەغداو
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانیان دەرچوو.
لەتیف شێخ توێژەری
کاروباری سیاسیی، پێیوایە وڵاتانی ناوچەکەو زلهێزەکان نایانەوێت ئەزمونی هەرێمی
کوردستان هەرەسبهێنێت، بۆیە فشاریانکردوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، هاوکات دوای
بانگەوازە ئاشکراکەی مەسعود بارزانی لە(9ی تشرینی دوەم) بۆ گفتوگۆو پێکهێنانی حکومەتێکی
بنکەفراوان، سیداد بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئەنجامداوەو
داواکاریی مەسعود بارزانیی پێگەیاندوە بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی
سیاسی دور لەمیدیاکان، کە بافڵ تاڵەبانیش ڕەزامەندیی سەرەتایی لەسەر نیشانداوە.
