شارپرێس:
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەیامێكدا ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتێكی زاڵمانە لەئارادایەو دەڵێت، ماوەیەكە لەناوەندەكانی بڕیاری عێراقدا هەلچونێكی ناسروشتی لەدژی هەرێمی كوردستان هەیە.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەپەیامێكدا ڕایگەیاند، ماوەیەكە لەناوەندەكانی بڕیاری عێراقیدا جموجۆڵ و هەڵچونێكی ناسروشتی لەدژی هەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت كە خۆی لەهەوڵدان بۆ پێشێلكردنی بنەماكانی فیدراڵییەت و دەستوری عێراق و پشتگوێخستنی مافەكانی گەلی كوردستان و خستنەڕوی بڕیارو بیرۆكەی ناتەندروست و سەركێشانە دەبینێتەوە.
سەرۆكی پارتی دەشڵێت، هەموو لایەك ئەوە باش دەزانن كە گەلی كوردستان خەباتێكی دورودرێژی لەپێناو دەستەبەركردنی مافەكانیدا هەبوەو لەو ڕێگەیە كارەساتی گەورەی بەسەردا هێنراوە هەر لەئەنفال و كیمیابارانەوە بگرە هەتا تێكدانی هەزاران گوندو دەركردنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە كوردنشینەكان و دەیان تاوانی گەورەی تر كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون و جەختیشی دەكاتەوە، كە گەلی كوردستان ئیرادەی خۆی لەدەست نەدا و بە خوێن و قوربانیدانی خۆی لەدژی هەموو چەشنە ستەمكارییەك وەستایەوە.
مەسعود بارزانی، لەدرێژەی پەیامەكەیدا باس لەپرۆسەی ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن دەكات و دەڵێت، هەرێمی كوردستان لەساڵی 2003 ڕۆڵی سەرەكیی هەبوو لەڕوخانی ڕژێم و كۆتایهێنان بەدیكتاتۆرییەت و هەروەها ڕۆڵی باڵای هەبوو لەبنیاتنانی عێراقی تازەوداڕشتنی دەستور، دەستورێك كە لەژێر سایەیدا هەموو عێراقییەكان بحەسێنەوەو كۆتایی بەنەهامەتی و نكۆڵیكاری بێت.
سەبارەت بەحكوومەتی تازەی عێراقیش باس لەوەدەكات، كەهەر لەسەرەتاوە پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیران عەلی زەیدی ڕاگەیاند لەچارەسەركردنی كێشەكان و پاڵپشتی بووین لەڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بە كردەوە ئەوەیان ئەنجامداوەو دەڵێت،" ئێستاش كە هەڵمەتێكی چەواشەكارانە و زاڵمانە هەیە لەدژی هەرێم و ڕۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لەدژی هەرێم بڵاو دەكرێتەوە.، ئێمە پێمانوایە چارەسەركردنی گرفتەكان بەهەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەما و بڕیاری تاكلایەنە ناكرێت".
مەسعود بارزانی جەختیش دەكاتەوە، كە چۆن هاوکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بون لەبنبڕکردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوکار دەبن لەڕێگریکردن لەکاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی و دەڵێت،" لەڕێگەی یاسایی و دەستورەوە كاردەكەن و پێویستە هەموو لایەكمان دەست بەبنەماكانی دەستورەوە بگرین و لەو وڵاتەی بۆ ڕزگاربونی لەدیكتاتۆریەت و گەیشتن بەئازادی ڕەنجی زۆری بینیوە پێویستە عەقڵ حاكم بێت و هیچ كەسێك پشت بەمیزاج و زانیاریی هەڵەو بڕیاری نادروست و ماڵوێرانكەر نەبەستێت.
