شارپرێس:
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامێکی توندی بڕیارو ڕاگەیەندراوەکانی ئەمڕۆی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراقی دایەوەو جەختیکردەوە، ئەو بەیاننامەیە جێگەی قبوڵکردن نییەو هیچ بڕیارێک لەدەرەوەی دەستور جێبەجێناکرێت.
مەسرور بارزانی لەپەیامێکدا ڕایگەیاند، "پەیامو بڕیارەکانی ئەمڕۆ سێشەممەى سەرۆک وەزیرانی عێراق جێگەی سەرسوڕماننو بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ناوەڕۆکی کۆبونەوەو لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەولێرو بەغدا یەکناگرنەوە".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوپاتیشیکردەوە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستورییەو ئەرکو مافی دەستوریی خۆی هەیە، بۆیە هەر بڕیارێکی تاکلایەنە کە پێچەوانەی دەستوریی عێراق بێت، بەتەواوی ڕەتدەکرێتەوەو قبوڵکراو نییە.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆ سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، زنجیرەیەک بڕیاری عەلی زەیدیی بەپاساوی بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتیی نەوت بڵاوکردەوە؛ تێیدا فەرمانیداوە بەوەرگرتنەوەی سەرجەم دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقەوە، داخستنی دەروازە نافەرمییەکانو قەدەغەکردنی هەر جۆرە هەناردەکردنێکی نەوتی خاوو بەرهەمە نەوتییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، مەگەر تەنها لەڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت.
هاوکات لەبەشێکی دیکەی بڕیارەکانیدا، زەیدیی وەزارەتی نەوتو پۆلیسی وزەی ڕاسپاردوە، سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی سنوری پارێزگاکانی (کەرکوک، نەینەوا، دیالەو سەڵاحەدین) وەربگرنەوە کە لەڕوی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمدان، لەگەڵ داخستنی ڕێگه خۆڵەکانو دانانی بازگەو تاقیگەی فیدراڵی لەدەروازەی (هەولێر، سلێمانیو دهۆک)، جگە لەوردبینیکردن لەبڕی نەوتی دابینکراو بۆ پاڵاوگەکانی (کارو بازیان)و گواستنەوەی سەرجەم کارگەکانی قیرو نەفتا لەو ناوچانەوە بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵ.
